باکووری کوردستان.. چالاکوانێکی کورد 28 ساڵ بە بێتاوان بەند کراوە

16/06/2019 - 13:33 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

 

سەرحەد توغان، چالاکوانی سیاسیی کورد لە باکووری کوردستان کە تەمەنی ١٦ ساڵان بووە حكوومەتی توركیا بە تۆمەتی ئەوەی سەر بە پەكەكەیە و دەستی هەبووە لە كوشتنی ٢ سەرباز زیندانی كردووە، بەڵام دوای ٢٨ ساڵ روون بووەوە كە دەستی لە كوشتنی هیچ سەربازێكدا نەبووە، بۆیە ئازادیان كرد.

 

سەرحەد توغان و خەڵکی هەکاری كە ئێستا تەمەنی ٤٤ ساڵانە و كاتێك سەیری دەموچاویشی دەكەیت دەیان پرسیاری بێ وەڵام دەبینیت، لە تەمەنی بەهاری تەمەنیدا بووو كاتێك پۆلیس هاتە بەردەم ماڵەكەی و كەلەپچەیان خستە دەستی.

 

ئەو ٢٨ ساڵ لە زیندان مایەوە، چونكە جگە لەوەی بە ئەندامبوونی لە پەكەكە تۆمەتباریان كردبوو، هەروەها بە كوشتنی ٢ سەربازی توركیش تۆمەتباریان كرد، بۆیە ئەوكات سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو.

 

رۆژبین برای سەرحەد، قسەی بۆ ماڵپەڕی (BBC)ی توركی كردووە و دەڵێت دووبارە داوامان لە دادگای تاوانە قورسەكانی ئامەد كرد بە دۆسیەی براكەمدا بچێتەوە، بۆیە بە هاوكاریی پارێزەرەكان توانیمان لە رێگەی دادگای دەستووری توركیاوە بێتاوانیی براكەم بسەلمێنین.

 

ئەو دەڵێت: ”ئێمە تووشی شۆك بووین، نازانین دڵمان خۆش بێت یان ئازاری براكەمان ببینین، چونكە ٢٨ ساڵ بە بێتاوان لە زیندان بووە و هەموو تەمەنی گەنجی رۆیشت. كاتێك بە دایكمان گوت سەرحەت ئازاد دەكرێت بڕوای نەكرد، تا لە ئەنقەرە بە چاوی خۆی بینی".

 

راستە سەرحەد دوای ٢٨ ساڵ ئازاد كرا، بەڵام دادگاییكردنەكەی کۆتایی نەهاتووە، چونكە بە كەفالەت ئازاد كراوە تا ئەو رۆژەی دووبارە دادگایی دەكرێتەوە، بۆیە خانەوادەكەی بە تەواوی دڵخۆش نین بە ئازادكردنی و ترسیان هەیە دادوەر بیخاتەوە زیندان.

 

سەرحەد توغان لە ساڵی ١٩٨٨ لەگەڵ ٣ هاوڕێی‌تری، بە تۆمەتی ئەوەی بەیاننامەی بۆ پەكەكە لە هەكاری بە دزییەوە بڵاو كردوەتەوە دەستگیر كرا. لە زیندان ئازاری زۆریان داوە، بەڵام دوای ماوەیەك ئازادیان كرد، دوای ئازادكردنیشی چووە ناو ریزەكانی پەكەكە.

 

پاشان بە تۆمەتی ئەوەی ٢ سەربازی توركی كوشتووە، لە ١٩٩١ دەستگیر كرایەوە كە ئەوكات تەمەنی ١٦ ساڵان بوو. 

 

سەرحەد ئەو تۆمەتەكەی رەت كردەوە و گوتی من نەمكوشتوون، بۆیە بە گوێرەی یاسا كۆماریی توركیا بە تۆمەتی ئەوەی خیانەتی لە دەوڵەتی توركی كردووە دادگایی كرا. سەرەتا دادگای تاوانە قورسەكانی ئامەد بە ١٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی سزای بەسەردا سەپاند، بەڵام دادگای باڵای توركیا بڕیارەكەی هەڵوەشاندەوە و سزای سێدارەدانی بۆی دەركرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی تەمەنی نەگەیشتبووە ١٨ ساڵ، سزای سێدارەکەی کەم کرایەوە و سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ بڕایەوە.

 

چەندین جار داوا كراوە دۆسیەی سەرحەد بهێنرێتەوە بەرباس و دووبارە دادگایی بكرێتەوە، بەڵام رەت كراوەتەوە و بە فەرمی لە ٢٠١٥ بڕیار درا دۆسیەكەی سەیر بكرێتەوە.

 

شایەتحاڵەكان شایەدییان دا كە سەرحەت دەستی لە كوشتنی ئەو ٢ سەربازە نەبووە، بۆیە وەزارەتی داد و دادگای باڵای توركیا و دادگای دەستووری بڕیاریان دا بە كەفالەت ئازاد بكرێت تا رۆژی دادگاییكردنی.

 

سەرحەد كاتێك دوای ٢٨ ساڵ هاتەوە ناو خانەوادەكەی هەموو شتێك گۆڕابوو، دایك و باوكی بەساڵاچوو بوون و لە خەمی ئەودا ئازاری ژیان بە رووخساریانەوە دیار بوو، هەروەها برایەكیشی گیانی لەدەست دابوو و برا و خوشكەكانی تریشی لە تەمەنێكی تردا بینی.

 

لە توركیا دەیان سەرحەدی تر هەن، كە لە تەمەنی خوار ١٨ ساڵییەوە حكوومەتی توركیا بە تۆمەتی ئەوەی سەر بە پەكەكەن دەستگیری كردوون و ئێستا پیر بوون لە زیندانن.

 

ئەلبوومی وێنەکان