(باس) پێشێلکارییە یاساییەکانی تەملیککردن و مۆڵەتپێدانی چەندین پڕۆژەی وەبەرهێنان ئاشکرا دەکات

کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون شوێنی حکوومەتیان گرتووەتەوە

 

15/06/2019 - 20:53 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

لە سەرەتای ئەمساڵ (2019)ەوە تاوەکوو ئێستا، چەندین بڕیاری تەملیککردن بۆ چەندین پرۆژەی وەبەرهێنان کراوە کە گومان لە یاساییبوونی مامەڵەکانیان بەپێی رێوشوێنەکانی یاسای وەبەرهێنانی کوردستان دەکرێت، ئەمە وێڕای مۆڵەتدان بە چەندین پرۆژەی تری وەبەرهێنان لە بوای نیشتەجێبوون و بوارگەلی تردا، لە هەریەکە لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆکدا، لە کاتێکدا رێنمایی جۆرێک سنووردارکردنی مۆڵەتدان بەم پرۆژانە هەیە. پسپۆڕێکی ئەکادیمیی بواری وەبەرهێنانیش ئاماژە بەوە دەدات زۆر لەو پڕۆژانەی بەناوی وەبەرهێنانەوە کراون، هەڕاجکردنی زەوی بووە، نەوەکوو وەبەرهێنان. 


بە پێی زانیارییەکان، لە ١/١/ ٢٠١٩ تا ئێستا لە سنووری پارێزگای هەولێر ١٦ فەرمان و ٤٣ رەزامەندیی وەبەرهێنان دراون. لە سنووری پارێزگای دهۆکیش ٣ فەرمان و ١٢ رەزامەندیی وەبەرهێنان دراون. لە سنووری پارێزگای سلێمانییش ٦ فەرمان دراون، مۆڵەتەکان و بڕیاری تەملیککردنیش بەردەوامە.


تەملیککردنی پڕۆژەکانی
وەبەرهێنان لە هەولێر

بەپێی زانیارییەکان کە (باس) لە سەرچاوەی ئاگەدار لە کەرتی وەبەرهێنانەوە پێی دراوە، گومانی نەبوونی رێوشوێنی یاسایی پێویست لەو پڕۆژانەی وەبەرهێناندا هەیە کە لەسەر کۆمپانیا و کەسەکان تەملیک کراون.
هەمان سەرچاوە لەو بارەیەوە چەند پرۆژەیەکی شاری هەولێری بە نموونە هێنایەوە، لەوانە:
- تەملیککردنی سەنتەری میدیای پزیشکی کە پرۆژەیەکی وەبەرهێنان بووە، لە ٢/٣/٢٠١٩ بۆ کەسێک بەناوی (د. م)
- تەملیککردنی پرۆژەی کۆمەڵگای میدیا بۆ چارەسەری شێرپەنجە، لە ٢/٣/٢٠١٩ بە ڕووبەری ١٠ دۆنم هەر بۆ هەمان کەسی پێشوو واتە (د. م) کە ئەویش بە هەمان شێوە پرۆژەیەکی وەبەرهێنان بووە.
- تەملیککردنی پرۆژەی نیشتەجێبوونی (فۆڕ تاوەرس) لە ٥/٥/٢٠١٩ بۆ کۆمپانیای ئاشوربان، لە کاتێکدا ئەو پرۆژەیە وەبەرهێنانە و تاوەکوو ئێستا هەیکەلە و تەواو نەبووە.
- تەملیککردنی نەخۆشخانەی منداڵانی کوردستان، لە ٥/٥/٢٠١٩ بە ناوی رێکخراوی هێڤی.
- تەملیککردنی نەخۆشخانەی سویدش سپێشەل بۆ کۆمپانیای کورد مێد لە (٥/٥/٢٠١٩).


زیادکردنی یەکەی نیشتەجێبوون
لەسەر ڕووبەری سەوزایی
هەر بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست (باس) کەوتوون، لە چەند پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون ڕووبەری تەرخانکراو بۆ سەوزایی کەم کراونەتەوە و دوور لە رێنمایی و یاسای وەبەرهێنان، کراونەتە یەکەی نیشتەجیبوون و بەشێکیان رەزامەندیشیان لەلایەن ئەنجومەن و دەستەی وەبەرهێنانەوە پێ دراوە، هەروەها مۆڵەتیش دراوە بە هەندێ لە کۆمپانیاکانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون شوێنەکانی پیشتریان لە دیزاینی یەکەم لە گۆڕەپانی وەرزشی و پارک و سەوزایی، بکەن بە یەکەی نیشتەجێبوون. بۆ نموونە:
- زیادکردنی ٢٧٦ یەکەی نیشتەجێبوون بۆ شاری زەیتوون لە ٢٣/٤/٢٠١٩ کە خاوەنەکەی کۆمپانیای (شەجەرە الزەیتونە) .
- لە عەنکاوەی شاری هەولێر سێ دۆنم زەوی بۆ پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون تەرخان کراوە لە کەرتی عەنکاوە، کە رەگەزی زەویەکە سەوزایی بووە و گۆڕدراوە بۆ سەد یەکەی نیشتەجێبوون، لە ١١/٤/٢٠١٩ و بەناوی کۆمپانیای سویسس دیڤلۆپمێنت کراوە.
- لە ٥/٥/٢٠١٩ کارگەی جگەرەی پێشووی هەولێر کە دراوەتە (دەزگای المدی) بە رووبەری ٤٠ دۆنم، ئێستا گۆڕدراوە بۆ پرۆژەی نیشتەجێبوون و ١٠ هەزار مەتر دووجاشی بۆ زیاد کراوە.


مۆڵەت بۆ پرۆژەی نیشتەجێبوون
- تەرخانکردنی زیاتر لە سێ سەد هەزار مەتر دووجا لە رێکەوتی ٥/٥/٢٠١٩ بۆ کۆمپانیای (کورپیت) بۆ پرۆژەیەکی گەشتیاری و بازرگانی لە کەرتی عەنکاوە.
- لە ٥/٤/٢٠١٩ مۆڵەتی پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە سەر رووبەری ٦٠٠٠ مەتر دووجا لە کەرتی عەنکاوە بە کۆمپانیای رووباری گەورە دراوە، سەوزاییشی بۆ کراوەتە نیشتەجێبوون.
- لە ٢٥/٤/٢٠١٩ مۆڵەتی وەبەرهێنان دراوە بە کۆمپانیای سلاڤا بۆ دروستکردنی پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون.
- پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان بۆ پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون و بازرگانی لە کەرتی عەنکاوە لەسەر رووبەری حەوت هەزار مەتر دووجا لە ٨/٣/٢٠١٩ بۆ کۆمپانیای لێراو.
- لەسەر شەقامی سەد مەتریی هەولێریش لە نزیک گەڕەکی عەنکاوە، ١٣ دۆنم زەوی کە هۆبەی کشتوکاڵی عەنکاوە وەک فەرمانگەیەکی حکوومیی لەناویدایە، بۆ پرۆژەیەک تەرخان کراوە و ئینزار دراوەتە فەرمانگەکە کە چۆڵی بکەن، بەڵام نازانرێت بۆ چ پڕۆژەیەکە.


لەمبارەیەوە، موراد ئەحمەد بەڕێوبەری هۆبەی کشتوکاڵی عەنکاوە لە هەولێر بۆ (باس) رای گەیاند، راستە داوایان لێ کراوە فەرمانگەکەیان چۆڵ بکەن، بەڵام نازانن بۆ چ پڕۆژەیەکە، گوتی: ”ئێمە سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵین و تاوەکوو بە فەرمی لەلایەن وەزارەتەکەی خۆمانەوە فەرمانمان پێ نەکرێت، چۆڵی ناکەین“.


خاوەنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون
لەبری حکوومەت!
لەلایەکی دیکەشەوە بەپێی ئەو زانیارییانەی بە (باس) دراون، بە شێوەی نایاسایی لەلایەن خاوەنی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونەوە، دەست بەسەر پڕۆژەکاندا گیراوە و بەناوی خزمەتگوزارییەوە مانگانە پارەیەکی زۆر لە خاوەنی یەکەکان وەردەگیرێت، لە کاتێکدا خزمەتگوزارییەکان لە کارەبا و ئاو فڕێدانی خۆڵ و خاشاک لەلایەن حکوومەتەوە بۆ ئەو پڕۆژانە دابین کراوە.


هەر بەپێی زانیاریەکان، ئەو کارانەی کە لە دابینکردنی پێوەرەکانی کارەبا و ئاو لەلایەن حکوومەتەوە کراوەتە مەرج بۆ دروستکردنی پڕۆژەکان خاوەنی پڕۆژەکان پارەکانیان لە هاوبەشی یەکەکانی نیشتەجێبوون وەردەگرن.


جگە لەوانەش لە زۆر لە پرۆژەکاندا هەر یەکەیەک کە کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت، دەبێ بڕێک پارە لە 500 دۆلار تاوەکوو 1500 دۆلار بدرێت بە خاوەنی پڕۆژەکان، لەبەرئەوەی زۆر لە پڕۆژەکان لەسەر خاوەنەکانیان تاپۆ نەکراون و هەر بەناوی کۆمپانیاکانەوەیە و ئەوانیش ئامادە نین نووسراوی وەبەرهێنان بەناوی ئەو کەسەوە بکەن کە لە دەستی دووەم پڕۆژەکان دەکڕێت.


هەر بەپێی زانیارییەکان، خاوەنی کۆمپانیاکان دەستیان بەسەر تەواوی شوێنە بازرگانی و دوکان و مارکێتەکانی پڕۆژەکاندا گرتووە و بە ویستی خۆیان نرخی کرێیان خستوونەتە سەر.


ئەوە جگە لەوەی لە زۆر لە پڕۆژەکاندا، قوتابخانە و بنکەی تەندروستی و پارک و باخچەکان دروست نەکراون.


سەرەڕای ئەمانە ژمارەیەکی دیکە لە مۆڵەتی قوتابخانە و باخچەی ساوایان و نەخۆشخانە و بەنزینخانە و پرۆژەی نیشتەجێبوون و کۆمەڵگای وەرزشی و گەشتیاری دراون، کە گومانیان لەسەر هەیە.


پێوەند بەم پرسە، د.محەمەد عەلی عوزێری دکتۆرا و شارەزایی یاسایی لە کەرتی وەبەرهێنان، بۆ (باس) رای گەیاند، ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا لە هەندێ لەو شوێنانە بە ناوی موساتەحە و وەبەرهێنان کراوە، تەنیا هەڕاجکردنی زەوی بووە و بابەتەکە روونە گەندەڵیی زۆر لەو کەرتەدا کراوە، گوتیشی: ”پڕۆژە هەیە کە بە ستوونی کراوە، بە هەزاران یەکەکە یەک داری تیادا نەچێنراوە، جگە لەوەش کارەساتێکی گەورەی یاساییە زەویی موساتەحە لەسەر ئەو کەسە یان کۆمپانیایە تاپۆ بکرێت کە پێی دراوە، یان پڕۆژەی نیشتەجێبوون لەسەر خاوەنی کۆمپانیایەک تاپۆ بکرێت و ئەویش لە پڕۆژەکان شوێنی حکوومەت بگرێتەوە و بە ویستی خۆی بەناوی خزمەتگوزاری 80 دۆلار تاوەکو 300 دۆلار لە خاوەنی رەسەنی یەکەیەک وەربگرێت کە بە چەند دەفتەر دۆلار خانوو یەکەی کڕیبێت”.


ئەو شارەزایە لە کەرتی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەش دا، خاوەنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لەبەر ئەوە پڕۆژەکان رادەست بە حکوومەت ناکەنەوە و خزمەتگوزراییەکان تەواو ناکەن تاوەکوو لەسەر ئەو گەندەڵییە بەردەوام بن، گوتی: ”ئەوەی کە جێگەی داخە حکوومەت لەوە بێدەنگە، بۆیە ئەرکی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە ئەو گەندەڵییانە هەم ئاشکرا بکات و هەم بنبڕ بکات“.


گوتیشی: ”کۆمپانیاکانی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون، سەرەتا کە پرۆژەکەیان لە حکوومەت وەرگرتووە، چ دیزانێکیان پێشکەش بە دەستەی وەبەرهێنان کردووە و رەزامەندیی لەسەر دراوە، پێویستە بە هەمان دیزاین و مەرجەوە، بە کڕیارانی بفرۆشێت و نابێ بۆ نموونە رووبەری سەوزایی بڕیار لێدراو بگۆڕێ بۆ یەکەی نیشتەجێبوون لەپێناو تەماع و قازانجی خۆیدا“.


پێوەند بە هەمان پرس، پارێزەر لوقمان حەسەن ماستەر لە وەبەرهێنان، بۆ (باس) رای گەیاند، هەندێ پڕۆژە هەن کە بە رێژەی دیاریکراو تەواو دەکرێن ئاساییە تاپۆ بکرێن، بەڵام ئەوە بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان نییە، چونکە بەپێی رێنمایی وەبەرهێنان دەبێ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و نیشتەجێبوون بە تەواوی خزمەتگوزارییەوە ئامادە بکرێن، دواتر تاپۆ بکرێن بەناوی وەبەرهێنەر یان کڕیارانی یەکەکان.


گوتیشی: ”وەبەرهێنەرەکان ئێستا دێن فێڵێکی گەورە لە هاوبەشەکانیان کە خاوەنی یەکەکانە دەکەن، پڕۆژەکە لەسەر ناوی خۆیان تاپۆ دەکەن و لەو رێگەیەوە پڕۆژەکە دەخەنە رەهنەوە و پارەی پێ قەرز دەکەن لە بانکەکان، کە ئەوەش ئەگەر چارەسەر نەکرێت کێشەی گەورەی لێ دەکەوێتەوە“.


گوتیشی: ”بەداخەوە لە هەندێ پڕۆژەدا سەوزایی کراوە بە یەکەی نیشتەجێبوون، ئەوەش نەک لەگەڵ رێنمایی وەبەرهێنان ناگونجێ، بەڵکوو یاسای وەبەرهێنانیشی تیایدا پێشێل کراوە“.


لەبارەی پارەی خزمەتگوزاریی پڕۆژەکانیشەوە، ئەو شارەزایە لە کەرتی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوە دا، ئەو پارەیەی کە بە ناوی خزمەتگوزارییەوە وەردەگیرێت کە کراوەتە ماڵ بەسەر خەڵکەکەوە، لە راستیدا ئەگەر پڕۆژەیەک کۆی خزمەتگوزارییەکانی لە ئەستۆی وەبەرهێنەرەکە بێت بە کارەبا و ئاو پاککردنەوەی خۆڵ و خاشاک و کامێرای چاودێری و سەوزایی پێویست و باخچە و پارکەوە نابێت لە 60 هەزار دینار بەپێی رێنمایی وەبەرهێنان تێپەڕ بکات، بەڵام ئێستا پڕۆژە هەیە نزیکەی 200 دۆلاری خزمەتگوزاری لە هاوبەشەکانی وەردەگیرێت، گوتیشی: ”خەڵک چاوەڕێی حکوومەتی نوێیە ئەو گەندەڵییە نایاسایی و کێشانەی بۆ چارەسەر بکات و هیوادارین کۆتایی بەو نادادپەروەرییانە بهێنرێت“.


بەڵام، موخڵیس سەلیم، بەڕێوبەری گشتی کارگێڕی و یاسایی لە دەستەی وەبەرهێنان، بۆ (باس) ئاماژەی بەوە دا، یاساییە پڕۆژەی نیشتەجێبوون تەواو نەکرابێت تاپۆ بکرێت، چونکە دواجار هەر دەبێت تاپۆ بکرێت، هەندێ پڕۆژەش کە تاپۆ کراون بەر لە تەواوبوونیان بۆ ئەوەیە بتوانن قەرز وەربگرن، بەڵام سەبارەت بەوەی کە شوێنی سەوزایی کرابێتە یەکەی نیشتەجێبوون ئەوە دەبێت سکاڵا هەبێت و ئەوان بەدواداچوونی بۆ دەکەن، ئەگەر راست بێت ئەوە نایاساییە و یەکەکان تێکدەدرێن، گوتی: ”شتی ئاوا بووە و یەکەکان تێکدراون، بەڵام ئەوە بە قسە نابێت دەبێت سکاڵا هەبێت“.


سەبارەت بەوەی کێ ئەو سکڵایە بکات، ئەو بەڕێوبەرە گشتییە ئاماژەی بەوە دا، خەڵکی دانیشتووی پڕۆژەکان دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن، لەسەر ئەو بنەمایە بەدواداچوون دەبێت و بابەتەکە بە رێوشوێنی یاسایی رادەگیرێت.


جەختی لەوەش کردەوە، ئەوەی تا ئێستا بۆ تەملیککردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان کراوە لەمساڵدا یاسایی بووە و هەموو کارەکان بە رێوشوێنی یاسایی و لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی وەبەرهێنانەوە رازامەندییان پێ دراوە.