بۆ گۆڕینی پێوەری کارەبا پارەیەكی زۆر لە نیشتەجێبووانی پڕۆژەی ئەمپایەری هەولێر وەردەگیرێت

فەرماگەکانی کارەبا و وەبەرهێنان: لێکۆڵینەوە دەکەین و ڕێگە نادەین هاووڵاتی ئیستیغلال بکرێت

15/06/2019 - 15:19 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

بە مەبەستی گۆڕینی پێوەری كارەبای هەریەک لە یەکەکەکانی نیشتەجێبوون، بڕە پارەیەكی زۆر لە هەر یەکە لە ماڵەکانی نیشتەجێبووانی پڕۆژەی ئەمپایەر لەناو هەولێر، وەردەگیرێت. فەرمانگەکانی وەبەرهێنان و كارەباش لێكۆڵینەوە لە بابەتەكە دەكەن.

بەپێی نووسراوێكی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی ئیمپایەر، كە دەست (باس) كەوتووە، ئاماژە بەوە كراوە، كۆمپانیای تایبەت بە خزمەتگوزاریی پڕۆژەكە پێوەری كارەبا بۆ پێوەرێكی تر دەگۆڕێ. ئەوەش هاتووە کە پێوەرەكە پێشكەوتووە و خۆی كاتی كارەبای حكوومی و موەلیدە دیاری دەكات.

جەخت كراوەتەوە، تێچووی هەر پێوەرێك 250 دۆلارە و راستەوخۆ دانیشتووی پڕۆژەكە دەبێ پارەكە بە كۆمپانیا خزمەتگوزارەکە بدات.

بەشێک لە دانیشتووانی پرۆژەی ناوبراو کە نەیانویست ناویان بهێنرێت، سکاڵای ئەوەیان کرد، کە ئەو پارەیەی کۆمپانیاکە داوای دەکات لەبری دانانی ئەو پێوەرە، کە تایبەت دەبێ بە کڕینی کارەبای پێویست لەڕێی کارتەوە، زۆرە و گەر هەریەکە لە ماڵەکان ئەو پارەیە بدەن، بڕێکی یەکجار زۆر دەبێت.

لەسەر ئەو بابەتە، زانا یەحیا، سەرپەرشتیاری پرۆژەكانی نیشتەجێبوون لە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر بە (باس)ی راگەیاند: “لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون رێگە دراوە كۆمپانیاکان پرۆسەی گۆڕینی پێوەری كارەبا بۆ دانیشتوانی پڕۆژەكە جێبەجێ بکات، ئەمەش بۆ ئەوەی بۆ ئەوەیە هاوكار بێت، چونكە ناكرێت هەر کەسەو بڕوات بەتەنیا مامەڵە بكات، بەڵام رێگە نادەین بەناوی دانان یان گۆڕینی پێوەر ئیستتیغلالی هاووڵاتییان بكرێت و پارەی زۆریان لێ وەربگیرێت".

روونیشی كردەوە، هەر بڕە پارەیەك بۆ گۆڕینی پێوەر وەربگیرێت، دەبێت ئەو پارەیە بێت كە لایەنی حكوومی كە وەزارەتی كارەبایە دیاری كردووە، گوتیشی: "رێگە بەوە نادەین پارەی زیادە و نایاسایی لە خەڵك وەربگیرێت".

زانا یەحیا، داواكارە لە هەر پڕۆژەیەك بەناوی دانان و گۆڕینی پێوەری كارەبا هاووڵاتییان سكاڵایان هەیە، سكاڵاكانیان بۆ دەستەی وەبەرهێنان بنێرن، گوتیشی: "دەبێت بۆمان روون بێتەوە و بزانین جۆری پێوەرەكان چین و لە بازاڕ نرخی چەندە".

حوسێن حەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای هەولێر ئەوەی بۆ (باس) ئاشكرا كرد، گۆڕینی پێوەری كارەبا بەبێ فەرمانگەی كارەبا نابێت، گوتی: "دەبێ فەرمانگەی كارەبا لە گۆڕین و دانانی پێوەری كارەبا ئاگادار بێت، پێوەرەكانیش دەبێت رەزامەندییان بۆ وەرگیرابێت، پاشان بەپێی رێنماییەكان ببەسترێن".

سەبارەت بەو كارەی لە پڕۆژەی ئیمپایەر دەكرێت، ئەو بەرپرسەی كارەبا گوتی: "ئاگاداری وردەكاریی ئەو بابەتەی ئێمپایەر نیم، لێكۆڵینەوەی تێدا دەكەین و بەدواداچوون دەكەین، بۆ ئەوەی بزانین چۆن ئەو كارە دەكرێت و بزانین چۆن رەزامەندیی دراوە".

جەختیشی كردەوە، رێگە نادرێت هیچ كۆمپانیایەكی نیشتەجێبوون بە ناوی دانانی پێوەری تازە ئیستیغلالی هاووڵاتییان بكات، گوتیشی: "هەر هاووڵاتییەك پێی وابێت بەناوی پێوەری كارەبا پارەی زۆریان لێ وەردەگیرێت، دەبێ سكاڵا لەسەر كۆمپانیا یان خاوەنی پڕۆژەکە تۆمار بكەن و مافی خۆیان وەربگرنەوە".

پرۆژەی نیشتەجیبوونی ئەمپایەر، یەکێکە لە پرۆژە مەزنەکانی بواری وەبەرهێنان لە کەرتی نیشتەجیبووندا لە هەولێر، دەکەوێتە نێوان شەقامی سەد مەتری و چل مەترییەوە، لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.