ساڵانە سەدان قوتابیی کورد بڕوانامە لە چەند زانکۆیەکی بڕواپێنەکراوی تورکیا و قوبڕس بەدەست دەهێنن

بەرپرس و پەرلەمانتاریشیان تێدایە

15/06/2019 - 15:10 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

ساڵانە زیاتر لە سەدان قوتابیی کورد، کە بەرپرس و پەرلەمانتاریان تیادایە، بڕوانامە لە چەند زانکۆیەکی بڕواپێنەکراوی تورکیا و قوبڕس بەدەست دەهێنن. وتەبێژی فەرمیی خوێندنی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش جەخت لەوە دەکاتەوە، هەر زانکۆیەک لە لیستی زانکۆ بڕواپێکراوەکانی ئەواندا نەبێت، بڕوانامەکان هاوتا ناکەن.

وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵانە لیستی زانکۆ بڕواپێکراوەکانی، لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بڵاو دەکاتەوە، چەند زانکۆیەک لە تورکیا و قوبڕس، کە تاوەکوو ئێستا یەکێک نین لەو زانکۆیانەی لەلایەن ئەو وەزارەتەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕواپێکراو بن، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی بەدواداچوونێکی (باس)، ساڵانە زیاتر لە سەدان قوتابیی هەرێمی کوردستان، کە ساڵ هەبووە ژمارەکەی زیاتر بووە لە 200 قوتابییش، کە بەرپرس و پەرلەمانتاریشیان تێدایە، لە کۆلێژە جیاجیاکانی ئەو زانکۆیانە خوێندوویانە و بڕوانامەیان پێ دراوە، بەڵام هەندێ لە دەرچووانی ئەو زانکۆیانە، بەهۆی دانەمەزراندنیان لە هەرێمی کوردستان و نەچوونیان بۆ هاوتاکردنی بڕوانامەکانیان لە خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، تاوەکوو ئێستا بەوەیان نەزانیوە کە بڕوانامەی ئەو زانکۆیانە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەسەند ناکرێت.

هەر بەپێی بەدواداچوونەکەی (باس)، ئەو قوتابییانەی لەو زانکۆیانەدا دەخوێنن، ئاستی زانستییان لەو بوارەی تیایدا بڕوانامەیان پێ دراوە لاوازە و بە گوتەی هەندێ لە دەرچووانی ئەو زانکۆیانە، خۆیان بە ئاسانی و بە خوێندنی کەم بڕوانامەیان پێ دراوە.

هەر بەپێی ئەو بەدواداچوونەی (باس)، هەندێ لەو قوتابییانە، کە بەرپرس و پەرلەمانتاریشیان تیادایە، دەوامیان لەو زانکۆیانە نەکردووە و یان تەنیا بۆ گەشت و سەیران چوون و سەرێکیان لە زانکۆکەیان داوە و پارەی ساڵانەیان داوەتە زانکۆکە.

لەمبارەیەوە، ژمارەیەک قوتابی کە لەو زانکۆیانە خوێندوویانەو ناوی زانکۆکەیان لە لیستی زانکۆ بڕواپێکراوەکانی خوێندنی باڵادا نییە، بۆ (باس) رایان گەیاند، ئەوان ئاگاداری ئەوە نین کە بڕوانامەکانیان لە هەرێمی کوردستان بڕواپێکراو نەبێت.

یەکێک لەو قوتابییانە بەناوی ڕێبوار محەمەد، گوتی: ”ساڵانە نزیکەی چوار هەزار دۆلارم داوەتە خوێندن بۆ بڕوانامەی بەکالۆریۆس، جگە لەو خەرجییە زۆرەی لە کرێی شوقە و کتێب و خواردن و هاتوچۆ خەرجم کردووە، ئەگەر ئەو زانکۆیە لای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕواپێکراو نەبێت، ئەوە هەموو ئەو خەرجی و ماندووبوونەم بەفیڕۆ دەڕوات“.

قوتابییەکی دیکەش، کە بە باشی نەزانی ناوی بنووسرێت، ئاماژەی بەوە دا، راستە ئەوان بە خوێندنێکی ئاسان توانیویانە بڕوانامە وەربگرن، بەڵام خەرجییەکی زۆریان بۆ خوێندنەکەیان داوە، گوتی: ”دەبوایە وەزارەتی خوێندنی باڵا، بەرلەوەی ئێمە بەو رێژە زۆرە لەو زانکۆیە بخوێنین، ئاگەداریی لە میدیاکاندا بڵاو بکردایەتەوە، کە خوێندن لەو زانکۆیانەدا بڕوانامەکەی هاوتا نییە بە بڕوانامەی هەمان خوێندن لە هەرێمی کوردستان“.

بەڵام، عەباس ئەکرەم، وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ (باس) رای گەیاند، ساڵانە وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لیستی زانکۆ باوەڕپێکراوەکان ڕادەگەیەنێت، هەر قوتابییەک بیەوێ لەدەرەوە بخوێنێت، دەبێ لەو زانکۆیانە بخوێنێت و بە ڕێکارە یاساییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵادا تێپەڕ بووبێت، گوتیشی: ”ئەو لیستە ساڵانە نوێ دەکرێتەوە، هەر قوتابییەک، کە دەیەوێ لەو زانکۆیانە بخوێنێ، دەبێ سەردانی وەزارەت بکات و لێرە مۆر لە ئۆفەرەکەی بدرێت، کە مۆری وەرگرت (مۆرەکە تەنیا لە زانکۆ باوەڕپێکراوەکان دەدرێت)، دوای ئەوە مەلەفی تایبەتی خوێندنی بۆ دەکرێتەوە، ئەوکات ئەو قوتابییە دەتوانێ بڕوات لەو زانکۆیەی، کە ئۆفەرەکەی هێناوە بخوێنێت“.

ئاماژەی بەوەش دا، هەر زانکۆیەک لە زانکۆکانی دونیا لە لیستی زانکۆ باوەڕپێکراوەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا نەبێت، بڕوانامەکەی یەکسان و هاوتا ناکرێت، گوتی: ”ئەو قوتابییەی دێت لێرە مۆر وەردەگرێت، کەوابێت زانکۆکەی باوەڕپێکراوە، بەڵام قوتابییەک بەبێ هاتنی بۆ خوێندنی باڵا لە زانکۆیەک دەخوێنێت، کە باوەڕپێکراو نییە، ئەوا بڕوانامەکەی یەکسان ناکرێت، لەبەرئەوە باشترە هەر قوتابییەک کە بیەوێ لەدەرەوەی هەرێمی کوردستان درێژە بە خوێندن بدات، سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بکات و دڵنیا بێتەوە لەو زانکۆیەی، کە لێی دەخوێنێ، لەو کاتەدا ئەو قوتابییە، کە بە بڕوانامەکەیەوە دەگەڕێتەوە، هیچ گرفتێکی بۆ دروست نابێت“.