ئایا ركابەرەكەی ئاكەپە یۆنانییە؟

15/06/2019 - 11:08 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

میدیاكانی ئاكەپە پروپاگندەیەكی زۆر توندیان دژی ئەكرەم ئیمامئۆغلو كاندیدی هاوپەیمانیی (میللەت) دەست پێ كردووە، كە تۆمەتباری دەكەن بەوەی ئەو بە ڕەگەز تورك نییە و یۆنانییە و تەنانەت بە سیخوڕیشی ناو دەبەن.

 

ئەكرەم ئیمامئۆغلو كاندیدی هاوپەیمانیی (میللەت) كە لە نێوان "جەهەپە و پارتی باش"دا پێكهاتوە، لە ترابزۆن لەدایك بووە، بۆ خۆشی دەڵێت ئەو توركە و لەدایك و باوكێكی تورك هاتووەتە دنیاوە، بەڵام بە گوێرەی ئەو دەنگۆیانەی میدیاكانی نزیك لە ئاكەپە بڵاوی دەكەنەوە، ئەو بە رەگەز یۆنانییە و هەر یۆنانیشە پشتگیریی دەكات بۆ ئەوەی سەرۆكی شارەوانیی ئیستەنبۆڵ بباتەوە.

 

لە ٣١_٣_٢٠١٩ كاتێك ئیمامئۆغلو توانی بە ١٣ هەزار و ٧٠٠ دەنگ بە پێش بیناڵی یڵدرم بكەوێت و مەزبەتەی سەرۆكی شارەوانی وەرگرت، ئەم هەواڵە لە زۆربەی میدیاكانی جیهان بڵاو كرایەوە و دەنگۆیەكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، چونكە ١٧ ساڵە سەرۆكی شارەوانی ئەو شارە گەورەیە هەر لای ئاكەپە بووە، ئەمە جگە لەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ١٩٩٤ بۆ ماوەی ٥ ساڵ سەرۆكی شارەوانیی ئیستەنبۆڵ بووە.

 

میدیاكانی یۆنان زۆر گرنگییان بەو سەركەوتنەی ئیمامئۆغلو دا، بۆ نموونە یەكێك لە رۆژنامەكانی یۆنان نووسیبووی (یۆنان هاتەوە باوەشی خۆمان). رۆژنامەیەكی‌تر نووسیبووی (ئەمڕۆ یۆنان توانی فەتحی ئیستەنبۆڵ بكات).

 

چەند ئەندام پەرلەمانێكی ئاكەپە، ئاماژەیان داوە كە ئەگەر ئیمامئۆغلو یۆنانی نەبێت، بۆ یۆنان ئەوەندە گرنگی پێ دەدات؟

 

بەڵام بەشێكی زۆر لە نووسەران نیگەرانن لەو تۆمەتباركردنەی ئیمامئۆغلو و، دەڵێن تۆمەتێكی زۆر نابەجێیە، چونكە رەنگە یۆنان بۆ ئیستفزازكردنی توركیا ئەو جۆرە هەواڵانە بڵاو بكاتەوە.

 

دەبێت ئەوەش باس بكرێت، دوڕان كاڵكان سەركردەی دیاری پەكەكەش لە ڤیدیۆیەكدا پشتگیری لە ئەكرەم ئیمامئۆغلو كرد، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە ئیمامئۆغلو پەكەكە بێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەكەپەییەكان دەڵین پێویستە ئیمامئۆغلو بڵێت هیچ پەیوەندییەكم بە پەكەكە و یۆنانەوە نییە، كە تاكوو ئێستا شتی لەو بابەتەی نەگوتووە.

 

بڕیارە لە ٢٣ی حوزەیران هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە ئیستەنبۆڵ دووبارە بكرێتەوە و، پروپاگندەی هەڵبژاردنیش لە نێوان ئیمامئۆغلو و یڵدرم سەخت بووەتەوە.