لەسەر پرسگەلی نەوت و غاز و بودجە حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا رێک دەکەوێ

شاندێکی کوردستان بە نەخشەڕێگەیەكەوە دەچێتە بەغدا

13/06/2019 - 18:26 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، بۆ ساڵانی داهاتوو لەسەر پرسی نەوت و بودجەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا رێک دەکەوێ. واش بڕیارە شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان، لەدوای پێکهێنانی حکوومەت، بە نەخشەڕێگەیەكەوە بچێتە بەغدا و هەردوو لا رێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە لەسەر ئەو پرسە بکەن.

بەپێی زانیارییەکانی (باس)، هەولێر و بەغدا هەنگاویان بۆ چارەسەرکردنی پرسی نەوت و غاز لەنێوانیاندا ناوە و وا بڕیارە دوای پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، شاندی ئەنجومەنی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان، بە نەخشەڕێگەیەکەوە سەردانی بەغدا بکات، تاوەکوو لەسەر بنەمای ئەو نەخشەڕێگەیە رێککەوتنێکی کۆنکرێتی بۆ ساڵانی داهاتوو، بۆ پێدانی بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە واژۆ بکرێت.

هەر بەپێی زانیارییەکان، بەپێی ئەو نەخشەیە، هەرێمی کوردستان دۆسێی ده‌ستووری و یاسایی و دۆسێكانی په‌یوه‌ندیدار به‌ قەرزەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکانی بۆ بەغدا ئامادە کردووە، کە ئامانجیەتی لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنە، ساڵانە بەبێ گرفت بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە رەوانە بکرێت.

هەروەها هەرێمی کوردستان ئامانجیەتی لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنەی کە لەگەڵ بەغدا دەیکات، یاسای نه‌وت و غازی عێراق له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقەوە رەوانەی پەرلەمان بکرێت، ئەوەش لەپێناو ئەوەی چیتر لەلایەن هەندێ لە پەرلەمانتارانەوە موزایەدە بە‌ ماف و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانەوە نەکرێت و ئەو پرسە بە یاسا تیایدا جێگیر بکرێت، کە‌ ئه‌وه‌شیان گرەنتیی چاره‌سه‌ری ڕیشەیی کێشەکانی پەیوەست بە نەوت و دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا دەکات.

ئەمساڵ 2019 بەپێی یاسای بودجە، بەبێ رادەستکردنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، عێراق دەبێت مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بە بڕی 522 ملیار دینار رەوانە بکات، لە ئەگەری رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بە کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، ئەوە حکوومەتی عێراق پابەند دەبێت بە ناردنی کۆی بودجەی مانگانەی هەرێمی کوردستان، کە پێشتر لەسەر بنەمای دەستووری بە رێژەی 17٪ دیاری کراوە، بەڵام ساڵانە ئەو بڕە، کە بە کەمتر لە 12% بۆ هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەدا جێگیر دەکرێت، جگە لەوەش بەغدا ئامادە نییە پارەی نەوتی کۆمپانیاکان لە دەرهێنانی نەوت بدات، کە ئەوەش گرفتی سەرەکیی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە.

لەمبارەیەوە، د. بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ (باس) رای گەیاند: رێککەوتنی ئەمجارەی هەولێر و بەغدا درێژخایەن دەبێت و لە یاسای نەوت وغازی عێراقدا جێگیر دەکرێت.

گوتیشی: "لەدوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، وا بڕیارە شاندێكی باڵای حكوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بكات".

گوتیشی: "ئەو سەردانە بۆ ئەوەیە رێككەوتنێكی كۆنكرێتی و درێژخایەن لەگەڵ بەغدا بكرێت، نەك ساڵانە ئەو پرسە وەکوو کێشەیەک لەنێوان هەولێر و بەغدا سەرهەڵبداتەوە".

جەختی لەوەش کردەوە، رێککەوتنی ئەمجارەی هەولێر درێژخایەن و کۆنکرێتی دەبێت و بۆ ساڵ و دوو ساڵێک نابێت، گوتی: "رێککەوتنی نەوت لەگەڵ بەغدا لە یاسای نەوت و غازی عێراقدا کە وا بڕیارە پڕۆژەکە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بنێردرێتە پەرلەمان، تیایدا جێی دەکرێتەوە و ساڵانە لەسەر ئەو بنەمایە بودجەی کوردستان دیاری دەکرێت و دەنێردرێت".

لای خۆشیانەوە، ئارام باڵەتەیی، پەرلەمانتاری پارتی لە لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ (باس) ڕای گەیاند، هەوڵی جدی لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیە، بۆ ئەوەی هەردوو لا لەسەر پرسی نەوت بگەنە ڕێكکەوتن و نییەتی باش هەیە بۆ چارەسەركردنی ئەو کەیسە.

ئاشکراشی کرد، کە هەرێمی كوردستان لەبارەی ڕادەستكردنی نەوتەوە بە کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی، مەرجی هەیە،‌ گوتیشی: "دەبێ حكوومەتی عێراق پارەی كۆمپانیا نەوتییەكان لە كوردستان بدات، یان دەبێ بەو نەوتەی كوردستان خۆی دەیفرۆشێت پارەی ئەو كۆمپانیایانە بدرێت، نابێت هەرێمی کوردستان نەوت ڕادەستی بەغدا بكات و ئەویش ئامادە نەبێت پارەی كۆمپانیاكان بدات، هەر ئەوەش گرفتە سەرەکییەکەیە".

لای خۆشیانەوە، فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (شەرقییە) ڕای گەیاندووە: "پرسی نەوت قەیرانێکى قووڵ و مەترسیدارە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و پێویستە چارەسەر بکرێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو پرسە پێویستی بە گفتوگۆیەکى جدى هەیە بۆ چارەسەرکردنى، کە ئێستا دۆخە سیاسییەکە لەبارە بۆ ئەوە، لەدوای جەژنی ڕەمەزانیش شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و هەوڵی ڕێککەوتن دەدەن لەسەر پرسی نەوت".

هاوکات، ئەیاد عەلاوی، سەرۆكی هاوپەیمانیی نیشتمانیی عێراق، بە كەناڵی (ئەلتەغیر)ی راگەیاندووە، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا سەردانی سەرۆک بارزانیی كردووە و پەیامێكی سەرۆك وەزیرانی عێراقی پێ ڕاگەیاندووە لەبارەی كێشەی نەوتەوە، سەرۆک بارزانی-یش بەڵێنی داوە، كە لەدوای جەژن شاندێكی باڵای حكوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بكات، بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە.

لای خۆشیانەوە، غالب محەمەد، پەرلەمانتاری گۆڕان لە بەغدا، بۆ (باس) ئاماژەی بەوە دا، هاتنەپێشەوەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە بە باش دەزانن، گوتی: "باشترە هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی نەوت لە بەغدا بێتە پێشەوە و رێک بکەوێ، تاوەکوو ئەو بابەتە بەتەواوی کۆتایی بێت و ساڵانە دووبارە نەبێتەوە".