مەسعود حەیدەر: كابینەی تازە هەوڵ دەدات لەسەر دۆسێی نەوت و ئابووری لەگەڵ بەغدا رێک بکەوێ

"بۆ هەر بابەتێك پەیوەندیی بە كوردەوە هەبێت وڵاتانی ناوچەكە و جیهان حیساب بۆ پێگەی سەرۆك بارزانی دەكەن"

12/06/2019 - 16:26 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

مەسعود حەیدەر، راوێژكاری سەرۆك مەسعود بارزانی، لە گفتوگۆیەكی تایبەتی (باس)دا، چەندین پرسی گرنگ دەخاتە ڕوو. رای دەگەیەنێت، سەرۆك بارزانی مەرجەعی 40 ملیۆن كوردە. ئەوەش دەخاتە ڕوو، كابینەی تازە سەبارەت بە دۆسێی ئابووری لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەكات و چارەسەری كێشەكان دەكات.


سەرەتا ئاماژەی بەوە دا، سەرۆك مەسعود بارزانی، مەرجەعی گەلی كوردستانە، گوتی: "تاوەكوو مام جەلال و كاك نەوشیروان هەبوون، تا ڕادەیەك هەماهەنگیكردن بۆ پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی هەبوو، ئێستا جەنابی سەرۆك بارزانی واجیهەی كوردە بۆ ئاستی عێراق و هەرێمی و نێودەوڵەتی، هەموو سەركردە عێراقییەكان دووپاتیان كردووەتەوە، سەرۆك بارزانی تەنیا مەرجەعی كورد نییە لە هەرێمی كوردستان، بەڵكوو مەرجەعی پارچەكانی تری كوردستانیشە".


ئەو زیاتر گوتیشی: "سەرۆك بارزانی رەمزێكی مێژوویی گەورەیە، بۆ هەر بابەتێك پەیوەندیی بە كوردەوە هەبێت، ئەوا وڵاتانی ناوچەكە و جیهان حیساب بۆ پێگەی سەرۆك بارزانی دەكەن، بە سۆزەوە قسە ناكەم و ئەوەی دەیڵێم واقیعە، سەرۆك بارزانی مەرجەعی 40 ملیۆن كوردە".


ئەو، كە پێشووتر پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان بووە لە پەرلەمانی عێراق، باس لە رووداوێك دەكات، كە هەندێك پەرلەمانتاری عەرەب هێرشیان كردووەتە سەر سەرۆك بارزانی، لەوبارەیەوە دەڵێت: "لە ساڵی 2016 نێوان هەرێم و بەغدا لەوپەڕی خراپیدا بوو، نێوانی لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیش بەتایبەت پارتی و گۆڕان زۆر خراپ بوو، لە كۆبوونەوەیەكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، چەند پەرلەمانتارێكی عەرەب هێرشیان كردە سەر کەسایەتیی سەرۆك بارزانی، بە ئازایەتیی نازانم، بەڵكوو وەكوو ئەركێكی نیشتمانی وەڵامی ئەوانەم دایەوە و هەڵسامە سەر پێ و بەتووڕەیی پێم گوتن، جارێكی تر قسە لەسەر رەمز و مەرجەعەكانی ئێمە بكەن، ئێمەش قسە لەسەر مەرجەعەكانی ئێوە دەكەین".


زیاتر گوتیشی: "كاك مەسعود بارزانی ئێستا چەتری نیشتمانی و نەتەوەیی گەلی كوردستانە، پێویستە هەموومان شانازیی پێوەی بكەین، بۆ موجامەلەش ئەو قسانە ناكەم، چونكە سەرۆك بازرانی پێویستی بە موجامەلەی كەس نییە".


ئەو هاتە سەر پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و روونیشی كردەوە، كێشەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق كێشەی جەوهەرین و پەیوەندیی بە تێڕوانینی سیاسی ئیدارەدانی دەوڵەتی عێراقەوە هەیە، گوتیشی: "ئەو بنەمایەی لەدوای رووخانی رژێمی سەدام پێكهاتەكانی عێراق لەسەری رێك كەوتن و دەستووریش لەسەر ئەو بنەمایە نووسرایەوە، پاشگەزبوونەوەیەكی تێدایە، زیاتر ئەوانەی حوكمڕانن لە عێراق باوەڕیان بە حكوومەتی مەركەزی هەیە، بڕوایان بە پێكەوەژیان و پێكەوە ئیدارەدان و بنەماكانی دەستوور نییە، بۆیە كێشەكان پێویستیان بە چارەسەری جەوهەری هەیە".


زیاتر گوتیشی: "دوای سەردانی سەرۆك بارزانی لە ساڵی رابردوو بۆ بەغدا، كە منیش لە هەموو كۆبوونەوەكان بەشدار بووم، سەركردەكانی عێراق لەو كۆبوونەوانە ئەوەیان دووپات كردەوە لە چەند ساڵی رابردوودا هەڵەی گەورەیان كردووە لە ئیدارەدانی دەوڵەت و پێداچوونەوە دەكەن، ئێستا خۆشبەختانە یەكێك لە ئەنجامەكانی سەردانی سەرۆك بارزانی و هەوڵی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان، بەشێك لە مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان لە بەغداوە دێت، خودی سەرۆك وەزیرانی عێراق تێڕوانینی باشی هەیە، بەڵام دۆسێی ئابووری كە پشكی هەرێمە، كە دارایی و ئیستیحقاقاتی سیادیی كوردە لە دەوڵەتی عێراقدا، لەوانە قەرزەكان و پڕۆژەكان، كە عێراق سوودی لێ وەردەگرێت و هەرێم سوودمەند نییە لێی، بۆیە دەبێت هەموو ئەو دۆسێیانە چارەسەر بكرێن".


مەسعود حەیدەر لەبارەی دۆسێی نەوت دەڵێت: "بە نوێنەرایەتیی جەنابی سەرۆك بارزانی چووینە بەغدا و لەگەڵ سەركردەكانی عێراق و لیژنەی دارایی كۆبووینەوە و قسەمان كرد، هەرێم 5 ساڵ بودجەی بڕدراوە و شەڕی داعشی لەسەر بووە و ئابڵووقەی ئابووریی لەسەر بووە و شایستەی دارایی كۆمپانیا نەوتییەكانی لەسەرە، بۆیە پێیوستە ساڵی 2019 وەكوو قۆناخێكی ئینتیقالی سەیر بكرێت، هەرێم نەوتی خۆی بفرۆشێت مووچەی پێ تەواو بكات و پڕۆژەكان تەواو بكات و پارەی كۆمپانیا نەوتییەكان و قەرزەكان بداتەوە، دوای پێكهێنانی كابینەی تازە، ئەوكات دۆسێی ئابووری بەتەواوی لەگەڵ بەغدا گفتوگۆی لەسەر بكرێت و چارەسەرێكی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە".


مەسعود حەیدەر دەڵێ بەغدا رازییە لەسەر ئەوەی ساڵی 2019 بەم جۆرە بێت و هەرێمی كوردستان نەوتی خۆی بفرۆشێت: "كابینەی حكوومەتی هەرێم كە بەم نزیكانە پێكدێت، پێویستی بە 3 مانگ هەیە بۆ ئەوەی هەرێم دیراسەی تەواوی دۆسێی ئابووری بكات لەگەڵ بەغدا، هەوڵ دەدرێت لە كۆتایی ساڵ لەسەر دۆسێی نەوت و دۆسێی ئابووری تێگەیشتن لەگەڵ بەغدا دروست بكرێت و رێككەوتنی لەسەر بكرێت".


مەسعود حەیدەر باس لەوە دەكات، هەرێمی كوردستان پێویستی بە چەند ملیار دۆلار هەیە، بۆ ئەوەی دۆخی قورسی سەرشانی تێبپەڕێنێت، گوتیشی: "بۆ ئەوەی ئیدارەدانێكی ئاسایی لە هەرێمی كوردستان هەبێت، حكوومەت ساڵانە پێویستی بە 13 ملیار دۆلار هەیە، بۆ ئەوەی مووچە بدرێت و پڕۆژەكانیش وەگەڕ بخرێنەوە و ئیشوكارەكانی تریش بەئاسایی بڕۆنە پێشەوە".


راشی دەگەیەنێت، كابینەی داهاتوو بە تێڕوانینێكی جیاوازی ئابووری و سیاسی و ئیداری كار دەكات: "مەسەلەی ئابووری تەنیا بە حكوومەت چارەسەر ناكرێت، بەڵكوو پێویستی بە دۆزینەوەی هەلی كارە لە كەرتی تایبەت و زیاتر ببووژێتەوە، ساڵانە هەرێمی كوردستان پێویستی بە 25 بۆ 40 هەزار هەلی كاری تازە هەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت گەنجان و دەرچووان بخرێنە سەر كار، ئەوە بە حكوومەت ناكرێت، بەڵكوو زۆر سێكتەری وەكوو كشتوكاڵ و پیشەسازی و پڕۆژەی بچووك و بازرگانی هەیە دەبێت ببووژێنەوە و بەگەڕ بخرێنەوە، ئەوەش پێیوستی بە پلان و هەماهەنگی هەیە".