هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی ئیستەنبۆڵ

12/06/2019 - 10:52 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

رەنگە ئەم مانشێتەی سەرەوە بە لای خوێنەر سەرنجڕكێش بێت، چونكە رەنگە بپرسن هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستەنبۆڵ كە ٢٣ی ئەم مانگە ئەنجام دەدرێت، چی پەیوەندییەكی بە هاتنی مەلوود چاوشئۆغلوەوە هەیە بۆ مەراسیمی سوێند خواردنی نێچیرڤان بارزانی وەكوو سەرۆكی هەرێمی كوردستان؟ لە خوارەوە باسی دەكەین.

 

هەروەكوو ئاشكرایە، هاوپەیمانیی (كۆماری) لە نێوان ئەكەپە و مەهەپە دروست بووە، مەهەپەش یەكێكە لەو پارتانەی دژە كوردە و بەردەوام دژایەتیی پارتەكەی بۆ كورد راگەیاندووە، تەنانەت لە میتینگەكاندا چەندین جار كورد وەكوو تیرۆرست ناو دەبەن.

 

 یەكێك لەو هۆكارانەش وای كرد ئەكەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی (ئیستەنبۆڵ، ئەنقەرە، ئەدەنا، میرسین و ئەنتاڵیا) بەرامبەر بە ئۆپۆزسیۆن بدۆڕێت، هاوپەیمانی بوو لەگەڵ مەهەپە، چونكە كوردانی ئەو شارانە دەنگیان بە كاندیدی جەهەپەدا و پشتیان لە ئاكەپە كرد كە لەگەڵ پارتێكدا هاوپەیمانە دژی كوردە.

 

رۆژنامەی (جومهوریەت)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە و بەشێكی زۆری مەهەپەییەكانیش، زۆر نیگەران بوونە كاتێك بینیویانە مەولوود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا، لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچرڤان بارزانی وەكوو سەرۆكی هەرێم ئامادە بووە.

 

ئەم نیگەرانییە بنكەی جەماوەری مەهەپەشی گرتووەتەوە، چونكە هەموو ئەو كەسانەی لایەنگری مەهەپەن، نەژادپەرستن و لە تورك زیاتر بڕوایان بە هیچ نەتەوەیەكی تر نییە لە توركیا، بۆیە وەكوو ئەوەی رۆژنامەی (جومهوریەت)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، رەنگە لە هەڵبژاردنی ٢٣ی حوزەیراندا بەهۆی چوونی چاوشئۆغلو بۆ هەولێر و بەشداریكردنی لەو مەراسیمە گەورەیەدا، بنكەی جەماوەریی مەهەپە پشت لە بیناڵی یڵدرم بكەن كە كاندیدی مەهەپە و ئەكەپەیە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی (كۆماری)دا.

 

لەلایەكی تریشەوە، وشەی (كوردستان) كێشەیەكی‌ترە لە نێوان مەهەپە و ئاكەپەدا، چونكە بیناڵی یڵدرم لە ئامەد باسی كوردستانی كرد و گوتی لە دەوڵەتی عوسمانیدا كوردستان و لازستان هەبووە، بۆیە ئاساییە بەكاری بهێنین، ئەمەش دەوڵەت باخچەلی تووڕە كرد و لە وەڵامی یڵدرمدا گوتی: "لە توركیا شتێك نەبووە بە ناوی كوردستان".

 

بە گوێرەی بۆچوونی زۆرێك لە شڕۆڤەكارانی سیاسی، كردنەوەی دەرگای ئیمیڕاڵی بەڕووی عەبدوڵا ئۆجەلاندا، هەروەها بەكارهێنانی وشەی كوردستان لەلایەن بیناڵی یڵدرم كە پێشتر ئەرۆدغان دەیگوت لە توركیا شتێك نییە بەناوی كوردستان، هاتنی مەولوود چاوشئۆغلوش بۆ هەولێر بۆ بەشداریكردن لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەكوو سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێمان دەڵیت ئاكەپە بە نیازە پرسی چارەسەری بهێنێتەوە بەرباس، ئەمەش بە دڵی مەهەپە نییە، بۆیە هەموو ئەمانە كاریگەرییان لەسەر هەڵبژاردنی ٢٣ی حوزەیران دەبێت.

 

ئەگەر زۆرە دوای هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستەنبۆڵ لە ٢٣ی حوزەیران، ناكۆكیی ئاكەپە و مەهەپە سەرهەڵبدات و لە دۆستایەتییەوە هەنگاو بنێت بۆ دوژمنایەتی.