سەرۆک وەزیرانی یابان پەیامی ترەمپ بە ئێران دەگەیەنێت

12/06/2019 - 10:44 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

بۆ دەسپێکی دانوستان لە نێوان واشنتۆن و تاران و کەمکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان وا دیارە جیاواز لە جاران ئەمریکا ئیتر بەدوای نێوەندگیری کلاسیکدا ناگەڕێت و ئەمجارە سەرۆک وەزیرانی یابان هەڵگری ئەم پەیامەیە بۆ بەرپرسانی ئێران.

 

شینزۆ ئابێ، سەرۆکوەزیرانی یابان کە بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 2019.6.12 بۆ دیدارێکی دوو ڕۆژە سەردانی تاران بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە پەیوەندییەکانی تاران و واشنتۆن تاوتوێ بکەن.

 

سەفەری سەرۆک وەزیری ژاپۆن بۆ تاران کە وەک یەکەم سەفەری سەرۆک وەزیری ئەو وڵاتە بۆ ئێران دێتە ئەژمار، جیاواز لە تاوتوێی پەیوەندیی نێوان یابان و ئێران، هاوکات وەک هەنگاوێکی نوێ بۆ کەمکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دێتە ئەژمار.

 

بەپێی زانیاریی میدیا جیهانییەکان شینزۆ ئابێ، بەرلە سەفەرەکەی بۆ تاران لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیی ئەنجام داوە.

 

 بەپێی زانیاریی ماڵپەڕی (کیۆدۆ)ی ژاپۆن، شینزۆئابێ، پێش سەفەرەکەی بۆ تاران لە فڕۆکەخانەی تۆکیۆ لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاشکرای کردووە: "دەیەوێ لەڕێگەی نیوەندگیریی نێوان ئێران و ئەمریکاوەوە یارمەتیدەری سەقامگیریی ئاشتی ".بێت لە ناوچەکەدا

 

ماوەی زیاتر لە دوو مانگە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن زیاتر بوون و هەڕەشە و گوڕەشەی هەردوو وڵات لە یەکدتر توندتر بووە و پاش هەناردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "ئابراهام لینکۆڵن" لەلایەن ئەمریکاوە و بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زیاترکردنی هێزە سەربازییەکانی، ئەم گرژییەکانی پێیان نایە قۆناغیکی دیکەوە و ئێرانیش بەردەوام باسی لە کاردانەوەی سەربازیی دەکرد.

 

بەڵام ماوەی دوو هەفتەیە هەندێ میدیای جیهانی باسی ئەگەری دەسپێکی گفتوگۆ و دانوستان لە نێوان تاران و واشنتۆن دەکەن و وڵاتانی عێراق، قەتەر و عومان لەمبارەوە چەند هەوڵێکیان داوە، بەڵام بە فەرمی هیچ دیدار و چاوپێکەوتنێک لە نێوان ئێران و ئەمریکا ڕووی نەداوە.