لە ٢٣ی حوزەیراندا قەدەری ئاكەپە یەكلایی دەبێتەوە؟

ئایا دوای ١٧ ساڵ حوكمڕانی ئەكەپە لاواز دەبێت؟

10/06/2019 - 12:45 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستەنبۆڵ لە ٣١_٣_٢٠١٩، بینیمان ئەكرەم ئیمامئۆغلو كاندیدی جەهەپە و پارتی باش توانی بە ١٣ هەزار و ٥٠٠ دەنگ پێش بیناڵی یڵدرم كاندیدی ئاكەپە بكەوێت و مەزبەتەی سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبۆڵی وەرگرت، بەڵام ئاكەپە تانەی لە ئەنجامی هەڵبژاردندا و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بڕیاری دا هەڵبژاردن لە ئیستەنبۆڵ دووبارە بكڕێتەوە. پرسیار ئەوەیە ئەگەر دووبارە كاندیدی ئەكەپە دۆڕا چی ڕوو دەدات؟

 

ئاكەپە پلانی پروپاگندەی هەڵبژاردنی خۆی گۆڕیوە بۆ ئەم هەڵبژاردنە، چونكە لە هەڵبژاردنی پێشووتر پروپاگندەی توند بوو و بە زمانێكی زۆر توند ڕووبەڕووی ركابەرەكانی دەبوویەوە، بە تایبەت كوردەكان و هەدەپە، كە بە تیرۆرست ناوی دەبردن.

 

هەروەها ئاكەپە لەڕێگەی تیمێكی تازە و لێهاتوەوە رووبەڕووی دەنگدەرانی ئیستەنبۆڵ دەبێتەوە، بەوەی دەیەوێت بڕوایان پێ بهینێت كە بەبێ ئەكەپە ئیستەنبۆڵ پێش ناكەوێت. جگە لەوەش ئەوەی زۆر گرنگە بۆ ئەكەپە نەچوونی رێژەی ئەو دەنگدارانەیە كە زیاترن لە ٩٠٠ هەزار دەنگدار.

 

ئەكەپە دەیەوێت بڕوا بەو كەسانە بهێنێت تا دەنگ بە بیناڵی یڵدرم بدەن، بەڵێنیشی داوە قەیرانی دارایی لە توركیا تیپەڕێنن، چونكە دەركەوتوە زۆرێك لەوانەی نەچوونەتە سەر سندووقی دەنگدان بە هۆی خراپی رەوشی ئابووری بووە.

 

پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە، ئەگەر بێت و ئەمجارەشیان ئەكرەم ئیمامئۆغلو بیباتەوە و كاندیدی ئەكەپە بدۆڕێت و سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبۆڵ لە دەست بدات، ئەكەپە چی لێ بەسەر دێت؟

 

بە گوێرەی زۆربەی شارەزایانی سیاسی، دۆرانی ئەكەپە لە ٢٣ی حوزەیران، واتە ئەگەر دووبارە سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبۆڵ لە دەست بدات، لەناو ئەكەپەدا دەنگی ناڕەزایی بەرز دەبێتەوە و دوور نییە پارتەكە پەرت و بڵاو بێت.

 

ئەگەر زۆرە لە كاتی دۆڕانی بیناڵی یڵدرم، ئاكەپە ئەو قورساییەی جارانی نامێنێت و بەشێكی زۆری سەركردەكانیشی لە پارت جیا دەبنەوە.

 

ئەی باشە ئەگەر ئەو سەركردانە جیا ببنەوە، دەچنە ناو كام پارت و لە كوێ درێژە بە كاری سیاسی دەدەن؟ بە گوێرەی زانیارییەكان، ئەو سەركردانە دەچنە ناو ئەو پارتە تازەیەی ئەحمەد داودئۆغلو و عەبدوڵا گویل بە نیازن دایمەزرێنن. داودئۆغلوش چاوەڕێیە تا ئەنجامی هەڵبژاردنی ٢٣ی حوزەیران دەربچێت، ئەوكات پارتەكەی رادەگەیەنێت.

 

بەڵام ئایە ئاكەپە دەدۆڕێت و ئەمجارەشیان ئەكرەم ئیمامئۆغلو شكست بە بیناڵی یڵدرم و ئەكەپە دەهێنیت؟

 

ئەگەر قوتابییەك بچێتە تاقیكردنەوەی وەزاری، كاتێك پرسیارەكانی دێتە بەردەم و وەڵام دەداتەوە، ئەگەر خراپ بێت و بێتە دەرەوە، شانسی ئەوەی نییە دوای ٢ سەعات یان یان رۆژێكی تر بچێت و هەمان وەڵامی پرسیارەكان بداتەوە، چونكە ئەگەر ئەو شانسەی پێ بدرێت بە ئاسانی باشترین نمرە دەهێنێت، چونكە هەڵەكانی خۆی دەزانێت و وەڵامە راستەكان دەنووسێت.

 

بۆ ئاكەپەش هەمان شتە، لە ٣١_٣_٢٠١٩ لە تاقیكردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان دۆڕا، بەڵام كاتێك هەڵبژاردن دووبارە دەكرێتەوە لە ئیستەنبۆڵ، ئاكەپە هەڵەكانی خۆی لە ٣١_٣_٢٠١٩ زانیوە، بۆیە كاتێك دووبارە دەچێتە ناو تاقیكردنەوەی هەڵبژاردن، هەڵەكانی خۆی دەستنیشان كردوە و وەڵامە راستەكان دەداتەوە، چونكە كۆمیسیۆن ئەو شانسەی پێ دا تا بچێتەوە ناو تاقیكردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستەنبۆڵ.

 

بۆیە ئەگەر دووبارە لەو تاقیكردنەوەیە بدۆڕێت، ئەگەر زۆرە ئەكەپە لاواز بێت و نەبێتەوە ئەو پارتە بەهێزەی ١٧ ساڵە توركیا بەڕێوە دەبات.