خەڵک لەنێوان کەمیی خزمەتگوزاریی نەخۆشخانە حکوومییەکان و گرانیی نەخۆشخانە ئەهلییەکاندا

هاووڵاتییەک: لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی بۆ سێ رۆژ 700 هەزار دینار خەرجیمان بوو

09/06/2019 - 17:38 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

کاتێ هاووڵاتییەکی ئاسایی بیەوێت چارەسەر لە نەخۆشخانە حکوومییەکان وەربگرێت، رووبەڕووی زۆر ئاستەنگ دەبێتەوە، لەوانە قەرەباڵغی و نەبوونی دەرمانی پێویست و لەکارکەوتنی ئامێرەکانی تیشک و سۆنار، یان نۆرەی دوور بۆ ئەو بابەتە، ئەگەر ئەو هاووڵاتییە بیەوێت بڕواتە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی، ئەوە هەموو خزمەتگوزارییەکی خێرای بەردەست دەبێت، بەڵام خەرجی و پارەیەکی یەکجار زۆری دەچێت.

کامەران محەمەد، دانیشتوویەکی هەولێرە و بە (باس)ی راگەیاند: "لە ماوەی رابردوودا دایکم نەخۆش بوو بردمانە چارەسەر، لە نەخۆشخانەیەکی حکوومی ماینەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی چارەسەری پێویست و کەمیی پزیشک، ناچارە گواستمانەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی ئەهلی و بۆ سێ رۆژ مانەوە نزیکەی 700 هەزار دینار خەرجیمان بوو، چونکە مانەوەی شەو و رۆژ بە 150 هەزار دینار بوو، یەک سەردانی پزیشکیش 50 هەزار دینار بوو".

ئەو جەخت دەکاتەوە، هاووڵاتییان کەوتوونەتە نێوان بەرداشی نەخۆشخانەی ئەهلی و حکوومییەکان و هاووڵاتیی هەژار و کەمدەرامەتیش لەم نێوانەدا بووەتە سووتەمەنی.

خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە (باس)ی راگەیاند، ئەوەی لە توانادا بێت لە نەخۆشخانە حکوومییەکان پێشکەشی نەخۆشی دەکەن، گوتی: "بەداخەوە، بەهۆی قەیرانی دارایی و هاتنی بە لێشاوی ئاوارەکان، نەخۆشخانە حکوومییەکان زۆریان فشار کەوتە سەر، بۆیە لە ئاستی پێویستدا نەبوون، چونکە خزمەتگوزارییەکانیش کەم بوونەوە".

روونیشی کردەوە، سیاسەتی ئەوان هاندانی کەرتی تایبەت بووە، بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەی ئەهلیی باش، بەڵام هەمیشە لەگەڵ ئەوەدا بوونە نەخۆشخانە حکوومییەکان پێش بخرێن.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، لە هەرێمی کوردستاندا 75 نەخۆشخانەی حکوومی و 60 نەخۆشخانەی ئەهلی هەن.

بەرپرسەکەی وەزارەتی تەندروستی گوتی: "زیادبوونی نەخۆشخانە ئەهلییەکان کارێکی باشە و لە سیستمی تەندروستیدا بەشێکن لە کەرتی تەندروستی، ئامانج لێی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشە، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان ناچار نەبن پەنا ببەنە بەر دەرەوە”.

بە گوتەی ئەو، بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارکردن لە دروستکردنی 20 نەخۆشخانەی حکوومی راگیراوە، خاڵس قادر دەڵێت: "گەشەپێدانی کەرتی تایبەت رێگر نەبووە لە کەرتی گشتی، لەبەرئەوەی نەخۆشخانە ئەهلییەکان پارەیان هەیە، توانیویانە خزمەتگوزاریی باشتر لە نەخۆشخانە حکوومییەکان پێشکەش بکەن”.

سەبارەت بە جیاوازیی نرخ لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان گوتی: "زۆر هەوڵمان داوە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی نرخەکانیان بکەین، بەڵام زۆر قورسە، لەبەرئەوەی جیاوازی لەنێوان نەخۆشخانەکاندا هەیە، ناتوانین یەک نرخ لەسەر هەموویان جێگیر بکەین، بۆیە نەمانتوانیوە نرخیان یەک بخەین”.

د. گۆران عەبدوڵا، چاودێری بواری تەندروستی، کە زۆری ڕەخنە لە سیستمی تەندروستی هەیە، دەڵێت: "نەخۆشخانە تایبەتەکان بە پەرشوبڵاوی و بێ بەرنامە کار دەکەن، لە خراپترین حاڵەتیشدا بوون بە ئەرک و عیللەت بۆ سیستمی تەندروستی، جاری وا هەیە بە سیستماتیک ئیش لەسەر ڕاکێشانی نەخۆش دەکەن لە کەرتی گشتییەوە بۆ لای خۆیان”.

بە وتەی چاودێرەکەی تەندروستی: "بەشێک لە پزیشکان کە لە نەخۆشخانە ئەهلییەکانن، بە شێوەیەک لە شێوەکان وایان کردووە خەڵک لە نەخۆشخانە حکوومییەکان بتۆرێن و روو بکەنە نەخۆشخانە ئەهلییەکان".

هاووڵاتییان پێیان وایە، بەرگرتن لە دروستبوونی نەخۆشخانەی ئەهلی، رەنگە کارێکی ئاسان نەبێت، زۆربوونی نەخۆشەکان‌ و خواستی خەڵک بۆ چارەسەری باشتر، دۆخێکی دروست کردووە خەڵک هەم پێویستی بە نەخۆشخانە حکوومییەکان بێت ‌و هەمیش نەخۆشخانە ئەهلییەکان، لە هەردوو حاڵەتەکەدا، ئەوەی بە لای خەڵکەوە گرنگە، رەچاوکردنی تەندروستی ‌و دۆخی گیرفانیانە.

لە رێگەی دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەت بە 45 پرۆژەی تەندروستی دراوە، کە بەشی زۆریان نەخۆشخانەن، سەرمایەی ئەو پڕۆژانە 916 ملیۆن دۆلار بووە.

پێشووتر د. ڕێکەوت حەمەڕەشید، وەزیری‌ تەندروستیی‌ حکوومەتی هەرێمی‌ کوردستان بە (باس)ی راگەیاند: "بەهۆی‌ کەمبوونەوەی‌ داهاتی‌ خەڵکی‌ کوردستان، هاووڵاتییان زیاتر روو لە نەخۆشخانە حکوومییەکان دەکەن‌ و ئامارەکانیش دەری دەخەن کە سەردانیکەرانی‌ نەخۆشخانە حکوومییەکان بەراورد بە ساڵانی‌ پێش قەیرانەکان زۆر زیادی کردووە".