ئەو ئافرەتەی لە ئامەد هەردوو قاچی لە دەست دا و پاشان پەراوێز خرا

لە میتینگێكی هەدەپەدا بە بێ قاچ خۆی لەناو تەپ و تۆزی تەقینەوەیەكدا بینییەوە

07/06/2019 - 15:01 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

”بیری دانس دەكەم، بیری ئەوە دەكەم بەدەنم ئازاد بكەم و سەما بكەم، بیری ئەوە دەكەم بیر لە هیچ شتێك نەكەمەوە و بەسەر پەلیكانەكاندا بڕۆم، بیری ئەو رۆژانە دەكەم كە بە پێوە بانیۆ بكەم“ ئەمە گوتەی لیسا چاڵانە، كە لە ٢٠١٥ و ٢ رۆژ بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە توركیا، لە ئامەد لە میتینگێكی هەدەپەدا و لە ئەنجامی تەقینەوەیەكدا هەردوو قاچەكانی لە دەستدا و پاشان گروپی تیرۆرستی داعش بڵاوی كردەوە ئەوان كردەوە تیرۆرستییەكەیان ئەنجام داوە.


لە ماوەی ٤ ساڵدا لیسا چەندین نەشتەرگەری ئەنجامداوە، بەڵام بێسوود بوە و ئازاری قاچی كەم نەبوەتەوە، ئەو دەڵێت وەكو چۆن بەر لەوەی قاچەكانی لە دەست بدات خەیاڵی سینەمای هەبوە و پاشان خەیاڵەكەی نەهاتە دی، چاكبوونەوەكەشی بە هەمان شێوەی خەیاڵی سینەما نایەتە دی.


ئەو ساڵ و نیوێك بەر لە ئێستا چوەتە ئوستورالیا و لەوێ نەشتەگەری ئەنجامداوە و بوەتە خاوەنی قاچی دروستكراو، كە لە توركیا تاكە كەسە ئەو قاچەی هەبێت، ئەو پزیشكەشی ئەو قاچەی بۆ داناوە عێڕاقی بوە، بەڵام ماوەیەكی زۆرە هیچ پەیوەندییەكی لەگەڵ ئەو پزیشكەشدا نەماوە.


ئەو قاچە دروستكراوە پێویستی بەوە هەیە خزمەت بكرێت و ئەو خزمەتەش پارەی دەوێت، تەنانەت كاتێك ئەو قاچەی دروست كردوە هیچ لایەنێك هاوكاری نەكردوە، تەنیا هاوڕێكانی لە رێگەی كەمپینەوە پارەیان بۆی كۆ كردوەتەوە و توانیویەتی ئەو قاچە دروست بكات، بۆیە لیسا دەڵێت دوعا دەكەم هیچی تر پێویستیم بە پزیشك نەبێت، چونكە ئەو داهاتەی نییە بتوانێت سەردانی پزیشك بكات.


لیسا بۆ ماڵپەڕی (بی بی سی) توركی قسەی كردوە و دەڵێت: ”حكوومەتی توركیا پێی گوتم دەتوانیت لەسەر كورسی خاوەن پیداویستی تایبەت دابنیشیت، چونكە ناتوانین قاچی دروستكراوت بۆ بكەین و بڕۆ لە ماڵەوە دابنیشە“.


لیسا بە هۆی ئەوەی هەردوو قاچی بە تەواوی بڕاوە، بۆیە داوای یاسایی لەسەر وەزارەتی ناوەخۆ تۆمار كردوە، چونكە نەیتوانیوە میتینگەكە بپارێزێت، بۆیە دادگای تاوانە قورسەكانی ٢ی ئامەد وەزارەتی ناوەخۆی مەحكووم كرد بەوەی یەك ملیۆن و ٣٥٦ هەزار لیرەی توركی بداتە لیسا، بەڵام وەزارەت رەتی كردوەتەوە هیچ قەرەبوویەك بداتە لیسا و بڕیارەكە هەڵوەشاوەتەوە.


لیسا ١٥ پێڵاوی هەیە، ئەو پێڵاوەشی خۆشی دەوێت پێڵاوە سەوزەكەیە و دەیخاتە دەستی و دەڵێت ئیتر ناتوانم بەو پێڵاوە رێ بكەم.


لیسا دەڵێت: ”ئەگەر ئەو رۆژەی تەقینەوەكە ئەنجام درا، ئەو پێڵاوە بەرزەم لەبەر بكردایە، رەنگە قاچەكانم لە بنەوە نەبڕدرایەوە و لە خوار چۆكمدا دەبڕایەوە، بەڵام ئەو رۆژە پێڵاوەكەم بەرز نەبوو“.


ئەو ساتەی تەقینەوەكە روویداوە و لیسا قاچەكانی لە دەستدا بەم شێوەیە باسی دەكات ”كە تەقینەوەكە بوو هەردوو دەستم سووتا، لە هەموو شوێنێك خوێنم بینی، منیش خوێنم بەبەردا دەڕۆی و دەموچاوی خۆم نەدەناسییەوە و قاچەكانیشم نەمابوون، بۆیە بە دوای قاچەكانمدا دەگەڕام. لەوكاتەدا جانتاكەی خۆمم بینی، هاوارم كرد ئەو جانتایە هی منە و بمدەنەوە، بۆیە جانتاكەی خۆمم ویست، چونكە خوێنم زۆر لەبەر دەڕۆیشت و وتم جانتاكە بە قاچمەوە دەنوسێنم ئەگەر مردم با خانەوادەكەم بمناسنەوە“.


لیسا لەو ساتەدا كاتێك ئەمبولانس هاتوە بیگەیەنێتە نەخۆشخانە، گوتویەتی نایەم تا قاچم نەدۆزنەوە، چونكە گوتویەتی بەڵكو بە نەشتەرگەری قاچی خۆی بۆ بلكێننەوە. لەوكاتەدا كەسێك گوتویەتی بەڵێن بێت بۆت دەدۆزمەوە و تەنیا سواری ئەمبولانس بە.

ئەلبوومی وێنەکان