رۆڵی (نەوەی نوێ) لە هەرێمی کوردستان هەمان رۆڵی (پارتی گەنجان) بوو لە تورکیا

ئاكپارتی له‌ 2002دا چۆن توانی به‌ 34%ی ده‌نگه‌كان ببێته‌ زۆرینه‌ی په‌رله‌مان؟

07/06/2019 - 11:39 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

زۆر له‌ هاووڵاتییانی كوردستان و ته‌نانه‌ت توركیاش، تاوه‌كوو ئێستا نازانن پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (ئاكپارتی)، چۆن توانی له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی 2002دا ببێته‌ زۆرینه‌ی په‌رله‌مان و به‌ ته‌نیا حكوومه‌ت پێكبهێنێت، له‌كاتێكدا ده‌نگی ئه‌و پارته‌ 34%ی ته‌واوی توركیا بووه‌. له‌خواره‌وه‌ سەبارەت بەمە چه‌ند زانیارییه‌ك ده‌خه‌ینه‌ روو.

له‌ 2002دا ئاكپارتی ده‌نگه‌كانی 34% بوو، به‌ڵام له‌ناو په‌رله‌مان ده‌نگه‌كانی بووه‌ 66%، بۆیه‌ توانی به‌ ته‌نیا حكوومه‌ت پێكبهێنێت، به‌ڵام ده‌بێ بزانین ئه‌و پارتانه‌ كێ بوون چوونه‌ ناو هه‌ڵبژاردن و ركابه‌ری ئاكپارتییان ده‌كرد.

ده‌نگی پارته‌ سیاسییه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ بوو:
ئاكپارتی 34.4%، جه‌هه‌په‌ 19.4%، DYP 9.5%، مه‌هه‌په‌ 8.3%، پارتی گه‌نجان 7.2%، DEHAP 6.1%،ANAP 5.1%، سه‌عاده‌ت 2.4%، DSP 1.2%.

ده‌بێت له‌و ده‌نگانه‌ تیشك بخه‌ینه‌ سه‌ر ده‌نگی پارتی گه‌نجان، كه‌ بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ پارتێكی تازه‌ بوو و سه‌رۆكی ئه‌و پارته‌ش، كه‌ جێم وزه‌ن بوو و سه‌رمایه‌دارێكی توركیا بوو، هه‌روه‌ها خاوه‌نی چه‌ندین ته‌له‌ڤزیۆن بوو، له‌وانه‌ (شۆ تی ڤی، ستار تی ڤی و كه‌ناڵ D)، كه‌ ئه‌وكات ئه‌و كه‌ناڵانه‌ له‌ ترۆپكدا بوون. پارتی گه‌نج توانی 7.2%ی ده‌نگه‌كان بهێنێت، به‌ڵام نه‌یتوانی وه‌كوو پارت بچێته‌ په‌رله‌مانه‌وه‌. جگه‌ له‌ویش، مه‌هه‌په‌ و چه‌ند پارتێكی تر نه‌یانتوانی وه‌كوو پارت بچنه‌ په‌رله‌مانه‌وه‌، چونكه‌ به‌ربه‌ستی هه‌ڵبژاردنیان نه‌شكاند، كه‌ 10% بوو. به‌گوێره‌ی یاسای توركیاش، هه‌ر پارتێك وه‌كوو پارت بیه‌وێت بچێته‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ و نه‌یتوانی به‌ربه‌ست بشكێنێت، ده‌نگه‌كانی بۆ ئه‌و پارته‌ ده‌ڕوات كه‌ له‌ هه‌موو پارته‌كانی تر ده‌نگی زۆرتر هێناوه‌، بۆیه‌ ئاكپارتی توانی ده‌نگه‌كانی پارتی گه‌نج و مه‌هه‌په‌ و چه‌ند پارتێكی تر ببات و به‌مه‌ش 66%ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی بۆ خۆی مسۆگه‌ر كرد و بۆ یه‌كه‌مین جار بوو له‌ مێژووی توركیادا، پارتێك به‌ 34.4%ی ده‌نگه‌كان بهێنێت و ببێته‌ زۆرینه‌ و به‌ ته‌نیا حكوومه‌ت پێكبهێنێت.

جێم وزه‌ن، سه‌رۆكی پارتی گه‌نجان، به‌ گوڕ و تینێكی زۆره‌وه‌ هاته‌ ناو پروپاگەنده‌ی هه‌ڵبژاردن، ئه‌و رۆژانه‌ میتینگی ده‌كرد و دژی ده‌سه‌ڵات قسه‌ی ده‌كرد، بێ گومان میدیاكه‌شی له‌و رووه‌وه‌ خستبووه‌ خزمه‌تی خۆی. به‌ڵام به‌گوێره‌ی شڕۆڤه‌ی زۆر له‌ چاودێرانی سیاسی، وزه‌ن پارتی گه‌نجانی بۆ پشتگیریی ئاكپارتی دامه‌زراندووه‌، تا له‌و رێگه‌یه‌وه‌ بتوانێت شكست به‌ مه‌هه‌په‌ بهێنێت و نه‌توانێت به‌ربه‌ستی هه‌ڵبژاردن بشكێنێت و ئه‌مه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئاكپارتیدا ده‌بێت.

به‌گوێره‌ی ده‌زگاكانی راپرسی له‌ توركیا، پارتی گه‌نجان توانی 7.2%ی ده‌نگه‌كان بهێنێت، پارتێك تازه‌ بێت و پشتگیری له‌ گه‌نجان بكات، چۆن ده‌توانێت ده‌نگه‌كانی بگاته‌ ئه‌و ئاسته،‌ ئه‌گه‌ر ده‌نگی پارتێكی تری سیاسی بۆ خۆی نه‌بات، بۆیه‌ پارتی گه‌نجان سوودیان له‌ ده‌نگده‌ری مه‌هه‌په‌ وه‌رگرت و توانییان ده‌نگه‌كانی ئه‌وان بۆ خۆیان ببه‌ن و نه‌هێڵن مه‌هه‌په‌ بچێته‌ ناو په‌رله‌مانه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر پارتی گه‌نجان مه‌به‌ستی بوایه‌ بچێته‌ په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، ده‌بوایه‌ له‌گه‌ڵ مه‌هه‌په‌ و جه‌هه‌په‌ و چه‌ند پارتێكی تر بچووبایه‌ته‌ ناو هاوپه‌یمانییه‌وه‌، چونكه‌ ئاشكرا بوو كه‌ ناتوانێت به‌ربه‌ستی هه‌ڵبژاردن بشكێنێت، بۆیه‌ تاكه‌ شت كه‌ كردی خزمه‌تكردن بوو به‌ ئاكپارتی و ده‌نگه‌كانی مه‌هه‌په‌ و DYP ی په‌رت و بڵاو كرد و ئاكپارتی برده‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌. ئاخر ئه‌وكات ئاكپارتی به‌نهێنی هاوكاریی پارتی گه‌نجانی ده‌كرد و پاره‌ی بۆ پروپاگەنده‌ پێ ده‌دا و به‌ هیچ شێوه‌یه‌كیش له‌ پروپاگەنده‌دا سه‌ریان نه‌ده‌خسته‌ سه‌ر جێم وزه‌ن و به‌رده‌وام رووبه‌ڕووی جه‌هه‌په‌ و مه‌هه‌په‌ ده‌بوونه‌وه‌.

كه‌واته‌ ده‌كرێت بڵێین، ئه‌وه‌ی وای كرد ئاكپارتی بچێته‌ لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وە،‌ جێم وزن، سه‌رۆكی پارتی گه‌نج بوو، ئه‌وه‌یشی وای كرد شكست به‌ مه‌هه‌په‌ و چه‌ند پارتێكی تر بهێنێت، تا نه‌توانن وه‌كوو پارت بچنه‌ په‌رله‌مانه‌وه‌، هه‌ر پارتی گه‌نج بوو.

دوای هه‌ڵبژاردن و گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له‌ لایه‌ن ئاكپارتییه‌وه‌ به‌ چه‌ند ساڵێك، جێم وزه‌ن تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵیی خرایه‌ پاڵ و گوتیان كۆمپانیاكه‌ی چه‌ندین گه‌نده‌ڵیی كردووه‌، بۆیه‌ ده‌بێت ده‌ستگیر بكرێت، وزنیش توركیای به‌جێ هێشت و ماوه‌ی 13 ساڵ ده‌بێت له‌ پاریس ژیان به‌سه‌ر ده‌بات و مایەپووچ بوو.

به‌ بۆچوونی خۆم، هه‌مان سیناریۆی هه‌ڵبژاردنی 2002ی توركیاش له‌ هه‌رێمی كوردستان دووباره‌ بووه‌وه‌، به‌وه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، پشتگیرییه‌كی ته‌واوی له‌ نه‌وه‌ی نوێ كرد، ته‌نانه‌ت له‌ پروپاگەنده‌ی هه‌ڵبژاردندا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك دژایه‌تیی نه‌وه‌ی نوێیان نه‌ده‌كرد، به‌مه‌ش توانییان نیوه‌ی ده‌نگه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بڵاوه‌ پێ بكه‌ن و له‌ پارتێكی ركابه‌ری یه‌كێتییه‌وه‌ بیكه‌ن به‌ پارتێكی لاواز، ئاشكراشه‌ زۆربه‌ی ئه‌و كورسییانه‌ی نه‌وه‌ی نوێ، ده‌نگی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بوو.

له‌ توركیا، جێم وزەن، سه‌رۆكی پارتی گه‌نجان تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵییان دایه‌ پاڵ و توركیای به‌جێ هێشت، له‌ سلێمانیش سه‌رۆكی نه‌وه‌ی نوێیان به‌ تۆمه‌تی چه‌ندین تاوان خستووه‌ته‌ ناو زیندانه‌وه‌.