بازرگانەکانی باشیک کۆمپانیاکانیان گواستووەتەوە هەرێمی کوردستان

بەهۆی دڵنیا نەبوونیان لە دۆخی ئەمنی

07/06/2019 - 09:08 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

دوای ئازادکردنی ناحیەی باشیک و دەشتی نەینەوا و گەڕانەوەی دانیشتووان بۆ ناوچەکە، تا ئێستا ترس و نیگەرانییەکانیان کۆتاییان نەهاتووە و خەڵکی شارۆچکەکە بەدەست چەندین کێشەوە دەناڵێنن، بەتایبەتی لە ڕووی نەبوونی ئاسایش و سەقامگیرییەوە، بۆیە ئەوانەی پێشتر کارگە و کۆمپانیایان لە باشیک هەبوو، دوای ئاوارەبوونیان بۆ هەرێمی کوردستان، نەگەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان.

زەننوون یونس، بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک لەم بارەیەوە بە هەفتەنامەی (باس)ی ڕاگەیاند، بەرلەوەی داعش دەست بەسەر ناوچەکەدا بگرێت، لە سنووری ناحیەی باشیک ژمارەیەکی زۆری کارگە و کۆمپانیا هەبوون و کاریان دەکرد، بەڵام دوای ئەوەی شەڕ لە دەشتی نەینەوا دەستی پێ کرد و داعش ڕووی لە مووسڵ و باشیک و ناوچەکە کرد، تەواوی خەڵکی ناوچەکە دەستبەرداری ماڵ و حاڵ و ژیانی خۆیان بوون و ئاوارەی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بوون. 

زەننوون گوتی: ”هەنووکە 95%ی هاووڵاتییانی ناحیەی باشیک و دەوروبەری گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، تەنیا خەڵکە بازرگانەکەیان نەبێت، ئەوانیش لەبەر ترس و دڵەڕاوکێ لەسەر خۆیان و کارەکەیان نەگەڕاونەتەوە، جگە لەوەیش، کە کاری بازرگانی لەو ناوچانە تەواو کز بووە. تەنانەت هیچ کام لەو بازرگانە خاوەن کار و کارگە و کۆمپانیایانە، ناتوانن بەئاشکرا و بەشێوەیەکی بەرفراوان کاری بازرگانی بکەن، بۆیە دوای ئاوارەبوونیان، کارگە و کۆمپانیاکانی خۆیان لە هەرێمی کوردستان دامەزراندووەتەوە و دەستیان بە کار کردووە و ناگەڕێنەوە زێدی خۆیان“.

بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک گوتیشی: ”بازرگان و خاوەن کارەکانی ناحیەی باشیک، لەبەر ترسی حەشدی شەعبی و گرووپە میلیشیاییەکان نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانیان. چونکە بازاڕی کاریان لەو ناوچانە نەماوە، هەر لەبەر ئەوەش، کارگە و کۆمپانیاکانیان گواستووەتەوە هەرێمی کوردستان، چونکە بەهۆی سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی، هەروەها گەرمیی بازاڕی کوردستان، ئیدی لێرە سەرلەنوێ لە کار و بازرگانیدا تێی هەڵچوونەتەوە و دەستیان بە کار کردووە“.