ده‌زگا راپرسییه‌كانی توركیا بازاڕیان گه‌رمه‌

بۆ هه‌ڵبژاردنی 23ی حوزه‌یران له‌ میدیاكاندا به‌رناكه‌ون

06/06/2019 - 10:06 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

بۆ هه‌ڵبژاردنی 23ی حوزه‌یران، بازاڕی ده‌زگاكانی راپرسی له‌ توركیا گه‌رمه‌، ئه‌وان به‌شێكیان سه‌ر به‌ پارتی ده‌سه‌ڵاتن و به‌شێكیشی سه‌ر به‌ پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن، بۆیه‌ له‌ زۆر هه‌ڵبژاردندا ئه‌وان جێگه‌ی متمانه‌ی خه‌ڵك نین، به‌ڵام چه‌ند ده‌زگایه‌كی راپرسی هه‌ن، بێلایه‌نانه‌ كار ده‌كه‌ن و له‌ زۆر هه‌ڵبژاردنیشدا پێشبینییه‌كانیان ده‌رچووه‌.

محه‌مه‌د عه‌لی كولات، سه‌رۆكی ده‌زگای راپرسیی MAK، كه‌ ئه‌و ده‌زگایه‌ له‌ ئاكپارتییه‌وه‌ نزیكه‌، پێی وایه‌ 16 بۆ 17%ی ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیی 31-3-2019 ده‌نگیان داوه‌، ئه‌گه‌ری گۆڕینی رای خۆیان هه‌یه‌، كه‌ كاندیده‌كانیان بگۆڕن.

ده‌زگای راپرسیی (پیار) به‌گوێره‌ی ئه‌و راپرسییه‌ی ئه‌نجامی داوه‌، ده‌نگی كاندیدی ئاكپارتی و جه‌هه‌په‌ له‌ یه‌كترییه‌وه‌ نزیكه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی هاووڵاتییان پێیان وایه‌، ئه‌كره‌م ئیمامئۆغلو غه‌دری لێ كراوه‌، بۆیه‌ ره‌نگه‌ ئیمامئۆغلو بتوانێت سه‌رۆكی شاره‌وانی بباته‌وه‌.

به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆر له‌ ده‌زگاكانی راپرسی له‌ توركیا ئه‌نجامی راپرسییه‌كانیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئیمامئۆغلو بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان، ره‌خنه‌ی توندی له‌و ده‌زگا راپرسییانه‌ گرت و گوتی هیچ بڕوایه‌كم پێیان نییه‌. ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی دا كه‌ له‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنێكدا ئه‌وان به‌ سه‌ركه‌وتوو هژمار دەکەن، كه‌چی هه‌ر ئاكپارتی ده‌یباته‌وه‌.

ده‌زگایه‌كی راپرسی له‌ توركیا، پێی وایه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانی ئیسته‌نبۆڵ له‌ 23ی حوزه‌یراندا، دووباره‌ ئه‌كره‌م ئیمامئۆغلو له‌ بیناڵی یڵدرم ده‌باته‌وه‌، به‌ڵام جیاوازیی ده‌نگ له‌نێوانیان به‌ رێژه‌یه‌كی زۆر ده‌بێت و جیاواز ده‌بێت له‌ 31-3-2019.

موراد ساری، سه‌رۆكی ده‌زگای لێكۆڵینه‌وه‌ی (كۆنسێنسوس) له‌ توركیا، قسه‌ی بۆ ماڵپه‌ڕی (T24)ـی توركی كردووه‌ و ئاماژه‌ ده‌دات، له‌ هه‌ڵبژاردنی 23ی حوزه‌یراندا، شانسی بردنه‌وه‌ی كاندیدی جه‌هه‌په‌ و پارتی باش، ئه‌كره‌م ئیمامئۆغلو، به‌هێزتره‌ بۆ بردنه‌وه‌.

موراد ده‌ڵێت: "له‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیی 31-3-2019دا ئه‌كره‌م ئیمامئۆغلو به‌ جیاوازیی 13 هه‌زار و 700 ده‌نگ به‌پێش بیناڵی یڵدرم كه‌وت، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان جیاوازییه‌كه‌یان به‌رز ده‌بێته‌وه‌ بۆ 180 هه‌زار ده‌نگ، واته‌ ئیمامئۆغلو به‌ جیاوازییه‌كی زۆرتر به‌پێش یڵدرم ده‌كه‌وێت".

ده‌زگاکە بۆچوونی 1040 كه‌سی له‌ ئیسته‌نبۆڵ له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌، گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی، كه‌ 50.2% ده‌نگ به‌ ئیمامئۆغلو ده‌ده‌ن و 48.1% ده‌نگ بە یڵدرم ده‌ده‌ن و 1.7%یش به‌ پارته‌كانی تر.

میدیاكانی توركیا گرنگییه‌كی زۆر به‌ سه‌رۆكی ده‌زگا راپرسییه‌كان ده‌ده‌ن، رۆژانه‌ سه‌رۆكی ده‌زگاكانی راپرسی له‌سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانی توركیا شڕۆڤه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن، ئه‌وان پێشبینییه‌كانی خۆیانیان پێ گرنگه‌ و ده‌ڵێن، راپرسییه‌كانی ئه‌وان وای كردووه‌ پارته‌ سیاسییه‌كان به‌ سیاسه‌ته‌كانیاندا بچنه‌وه‌.

سه‌رۆكی ده‌زگای راپرسیی كۆندا پێی وایه‌، به‌رله‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن بکرێت، ده‌زگاكانی راپرسی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن به‌گوێره‌ی ئه‌و راپرسییه‌ی ئه‌نجامیان داوه‌ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ پارته‌ سیاسییه‌كانی توركیا گرنگیی به‌و راپرسییانه‌ ده‌ده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ده‌نگه‌كانیان به‌رز بكه‌نه‌وه‌ و پروپاگەنده‌ی هه‌ڵبژاردن بگۆڕن.

هه‌روه‌ها به‌شێكی زۆری سه‌رۆك ده‌زگاكانی راپرسی له‌ توركیا، ره‌خنه‌ی زۆریان له‌ ئه‌ردۆغان گرت به‌وه‌ی، نه‌ده‌بوایه‌ بڵێت بڕوام به‌ ده‌زگاکانی راپرسی نییه‌، چونكه‌ له‌ناو پارته‌كه‌ی ئه‌واندا چه‌ندین دەزگای راپرسی هه‌یه‌ و له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و راپرسییانه‌ سیاسه‌تی پارته‌كه‌یان بۆ هه‌ڵبژاردن داده‌ڕێژن.