بۆرییه‌كى دیكه‌ى نه‌وتى كه‌ركووك له‌لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه‌ كون كرا

به‌ مه‌به‌ستی دزینى نه‌وت

30/05/2019 - 17:23 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

به‌ مه‌به‌ستی دزینى نه‌وت له‌لایه‌ن میلیشیاكانی حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌، بۆرییه‌كى دیكه‌ى نه‌وتى كۆمپانیای نه‌وتی باكوور له‌ سنوورى كه‌ركووك كون كرا. به‌رپرسێكى حزبییش ڕای ده‌گه‌یه‌نێت کە لێره‌وله‌وێ بۆریی نه‌وتى كۆمپانیای نه‌وتى باكوور كون ده‌كرێت، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وه‌ش ئاسان نییه‌ و ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وه‌ش میلیشیاكان كه‌سانی شاره‌زا و ئه‌ندازیاریان هێناوه‌.

له‌م باره‌یه‌وه‌، مه‌ریوان جه‌لال، به‌رپرسی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنى لقی كه‌ركووكى پارتی، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "دزینی نه‌وت و بازرگانیكردن به‌ نه‌وتى كه‌ركووكه‌وه‌ هه‌یه‌، نه‌وتى دزراوى كه‌ركووك ئێستا له‌ ناوخۆی عێراقیش ساخ ده‌كه‌نه‌وه‌ و ئه‌وه‌ى له‌ ماوه‌ى رابردووشدا له‌ كه‌ركووك دروست بوو، كه‌ مه‌به‌ستم دۆخى ناهه‌مواره‌ له‌ رووى ئه‌منییه‌وه‌، ده‌رفه‌تێكى باشی بۆ بازرگانانى نه‌وتى كه‌ركووك ڕه‌خساند، كه‌ نه‌وتى كه‌ركووك ببه‌ن و بردنى نه‌وتیش زیادى كردووه‌".

ئه‌و به‌رپرسه‌ ڕاشی گه‌یاند ”لێره‌وله‌وێ بۆریی نه‌وتى كۆمپانیای نه‌وتى باكوور كون ده‌كرێت، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وه‌ش ئاسان نییه‌ و ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ش میلیشیاكان شاره‌زا و ئه‌ندازیاریان هێناوه‌، كه‌ به‌شێكیان ئێرانین، ئه‌وان به‌رپرسی گه‌وره‌ له‌پشتیانه‌وه‌یه‌ و داهاتى ئه‌و نه‌وته‌ش ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكوومه‌ت، به‌ڵكوو بۆ به‌رپرسانى گرووپ گرووپ ده‌ڕوات و له‌نێویاندا گرووپی كوردى تێدایه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ش دیارن كه‌ كوردن و چاوساخییان بۆ ده‌كه‌ن. نه‌وته‌ دزراوه‌كان تا له‌ سنوورى كه‌ركووك بێت، به‌ نموونه‌ تانكه‌ره‌كانى نه‌وت، ئه‌وا چاودێرییان له‌ ئه‌ستۆى حه‌شدى شه‌عبییه‌ و كه‌ى ئه‌و نه‌وته‌ ببرێته‌ سنوورى سلێمانى، ئه‌وا ئیتر ده‌كه‌وێته‌ ژێر كۆنترۆڵی تاقمى مافیای كورد و دیاره‌ ئەو بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌ی له‌ كه‌ركووك دروست بووه‌، ده‌رفه‌تى زۆری بۆ قاچاخچییانى نه‌وت ڕه‌خساندووه‌“.

له‌و چوارچێوه‌دا، ئه‌دهه‌م جومعه‌، به‌رپرسی بزووتنه‌وه‌ى مافی كورد له‌ كه‌ركووك، له‌ ئه‌كاونه‌تى خۆى له‌ (فه‌یسبووك) نووسیویه‌تى: ”ئه‌و رۆژەی كێشه‌ى گوندى په‌ڵكانه‌ى سه‌ر به‌ سه‌رگه‌ڕان رووى دا، رێككه‌وتنێكى نه‌وتی واژۆ كرا، كه‌ هه‌وڵ ده‌درا ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام به‌هۆی ململانێیەوه‌ دوا ده‌خرا“.

نووسیویشیەتی: ” ئه‌و سه‌فقەیه‌ به ‌سه‌رپه‌رشتیی به‌شێك له‌ سه‌ركردایه‌تیى (ناوی حزبێکی کوردیی هێناوە -(باس)) له‌گه‌ڵ راكان جبووریدا کرا، بۆیه‌ ده‌ڵێن زه‌ویى جووتیارانى كورد و پرسی نه‌ته‌وه‌ى كورد هه‌مووى یه‌ك قه‌تره‌ نه‌وت ناهێنێ لایان و ئه‌مه‌یان ته‌عریبه‌ به‌رامبه‌ر نه‌وت“.

هه‌روه‌ها به‌پێی راگه‌یاندنراوێكى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى پۆلیسی وزه‌ى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆی حكوومه‌تى عێراق، كه‌ وێنه‌یه‌كى ده‌ست (باس) كه‌وتووه‌ و تێیدا هاتووه‌، هێزه‌كانى پۆلیسی نه‌وت، هێرشێكى تیرۆریستانى داعشیان بۆ سه‌ر كێڵگه‌ى نه‌وتى عه‌لاس له‌ زنجیره‌ چیای حه‌مرین تێكشكاند.

راگه‌یاندنراوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ ڕوو، هێزه‌كانى پۆلیسی نه‌وت له‌ تیرۆریستانى داعش هاتنه‌ ده‌ست و رێگه‌یان نه‌دا كێڵگه‌ی نه‌وته‌كه‌ داگیر بكه‌ن.

له‌ ئه‌نجامى ئه‌وەدا شه‌ڕ رووی دا و به‌و هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ تیرۆریستانى داعش و هه‌روه‌ها پۆلیسی نه‌وت و گاز كوژران و بریندار بوون.

كێڵگه‌ى نه‌وتى عه‌لاس، پێشتر و له‌ كاتى داگیركردنى شاره‌كانى تكریت و مووسڵ و ئه‌نبار له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، ماوه‌یه‌ك تیرۆریستانى داعش ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرت و نه‌وته‌كه‌یان ده‌فرۆشت و پاشان میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی بۆ ماوه‌یه‌كى تر ده‌ستیان به‌سه‌ر ئه‌و كێڵگه‌ی نه‌وته‌دا گرت و ئه‌و كێڵگه‌ی نه‌وته‌ش سه‌ر به‌ كۆمپانیای نه‌وتى باكووره‌.

هاوكات به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس)، بۆرییه‌كى نه‌وت له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كدارى میلیشیایی له‌ سنوورى كێڵگه‌ى نه‌وتى جه‌مبوور كون كراوه‌ و میلیشیاكان رۆژانه‌ نه‌وت به‌ تانكه‌ر پڕ ده‌كه‌ن و له‌ بازاڕى ره‌شدا ده‌یفرۆشن.

هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان، میلیشیا چه‌كداره‌كان رۆژانه‌ تانكه‌رى نه‌وت له‌و بۆرییانه‌ى نه‌وتى سنوورى ناحیه‌ى یایچی، هه‌روه‌ها سنوورى قه‌زاى دووبز، كه‌ پێشتر كونیان كردبوو و ئێستاش نه‌وته‌كه‌ى ده‌به‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان رێگه‌ له‌و كرده‌وه‌یه‌ بگرن.

پێش 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017 حكوومه‌تى هەرێم نه‌وتى هه‌ردوو كێڵگه‌كانى هاڤانا و بای حه‌سه‌نی له‌ رێگاى نه‌وتبه‌رى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ى ده‌ره‌وه‌ ده‌كرد و له‌به‌رامبه‌ردا مانگانه‌ بڕی 10 ملیۆن دۆلاری وه‌ك بودجه‌ى پترۆ دۆلاری شاره‌كه‌ ده‌نارد بۆ كه‌ركووك، به‌ڵام له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ نه‌وتى كه‌ركووك به‌ تانكه‌ر بە قاچاخ ده‌برێت بۆ ئێران و به‌شێكیشی له‌ بازاڕی ره‌شدا ده‌فرۆشرێت.

ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا، هه‌ردوو حكوومه‌تى عێراق و هه‌رێمى كوردستان رێك كه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ به‌شێك له‌ نه‌وتى كه‌ركووك له‌ رێگاى بۆریی نه‌وته‌به‌رى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ بكرێت و تاوه‌كوو ئێستا رۆژانه‌ كه‌متر له‌ 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى كه‌ركووك به‌ شێوه‌یه‌كى فه‌رمى ده‌نێردرێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام به‌پێی گوته‌ى به‌رپرسان، دزینى نه‌وتى كه‌ركووك له‌لایه‌ن میلیشیاكان و مافیاكانه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ و هه‌موو لایه‌ك، له‌سه‌رووى هه‌مووانه‌وه‌ حكوومه‌تى عێراق بێده‌نگیى هه‌ڵبژاردووه‌.