توركیا... كچێك دەبێتە سیمبۆلی توندوتیژی بەرانبەر ئافرەتان

29/05/2019 - 18:08 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت


بەرفین ئۆزەكی تەمەن ١٩ ساڵ، كاتێك لە رێگەی نێوان هەتای و ئیسكەندەروون دەگەڕێتەوە ماڵەوە، لەلایەن خۆشەویستە كۆنەكەیەوە پەلامار دەدرێت، نەك بە لێدان و كوشتن، بەڵكو رووخساری بە تیزاب دەشێوێنرێ و چاوێكیشی بە هۆی ئەو تیزابەوە كوێر دەبێت.


زۆرێك لە رێكخراوەكانی مافی ئافرەت لە توركیا، كەمپینی پشتگیرییان بۆ بەرفین راگەیاند، بەمەش رووداوەكە بە تەواوی توركیادا بڵاو بووەوە و میدیا جیهانییەكانیش وەكو راپۆرت و هەواڵ ئەو رووداوەیان باس كرد.


بەرفین ماوەی چوار مانگ لە نەخۆشخانە مایەوە و چارەسەری پزیشكی وەرگرت، بەڵام ئێستە گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە و رۆژ دەژمێرێ بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانكاری رووخساری و تاوەكو ئێستەش پێنج نەشتەرگەری سەرەتایی بۆ كراوە.


بەرفین بە نیازبوو لە بەشی دەروونی بخوێنێت لە یەكێك لە زانكۆكانی توركیا، بەڵام دوای ئەوەی رووخساری شێوێنرا بە ناچاری دەستبەرداری ئەو خەونەی بوو.


بەرفین بۆ ماڵپەڕی BBCی توركی قسەی كردووە و دەڵێ ”شایەنی ئەوە نەبووم كە بەسەرم هاتووە، ئەمەی دەیبینن رووخساری من نییە، ئەمە رووخساری شەرمەزاری هەموو كۆمەڵگەی توركیایە“.


لە ١٥.١.٢٠١٩ كاتێك بەرفین لە قوتابخانە دەگەڕێتەوە لە هەتای، كەسێك ڕێی لێ دەگرێت و تیزاب بە رووخساریدا دەكات و رادەكات. كاتێك هەواڵەكە لە سوسیال میدیا بڵاو دەبێتەوە، پۆلیس بە دوای تاوانباردا دەگەڕێت و دەستگیری دەكات، دوای دەستگیركردنیشی ئاشكرا دەبێت تاوانبار خۆشەویستە كۆنەكەی بەرفینە.


بە هۆی ئەو پەلامارەوە، بەرفین بە تەواوی رووخساری سووتاوە و چاوی راستیشی كوێر بوە و چاوی چەپیشی زۆر كزە و مەترسی كوێربوونی لەسەرە.


ئەوەی زۆر جێگەی نیگەرانییە و ئازاری بەرفینی كردە دوو ئازار، حكوومەت بە هیچ شێوەیەك ئامادە نەبووە خەرجی نەشتەرگەری جوانكاری رووخساری بۆ دابین بكات، هەروەها ئەو خەرجیەشی بۆ دابین نەكرد كە نەشتەرگەری رووخساری بوو تا لە مردن رزگاری ببێت.


رێكخراوی ئافرەتان لە توركیا، كاتێك زانیان بەرفین ناتوانێت خەرجی نەشتەرگەرییەكەی دابین بكات، بۆیە كەمپینی هاوكارییان بۆی راگەیاند و خەرجی نەشتەرگەرییان بۆی دابین كرد، لە لای خۆیەوە وەزارەتی تەندروستی توركیا هاتە سەر هێڵ و ئامادەیی نیشان دا نەشتەرگەری جوانكاری لە نەخۆشخانەیەكی تایبەتدا بۆ بكرێت و خەرجییەكەش وەزارەت دەیدات.


ئەم رووداوەی بەرفین بووە هۆكاری ئەوەی، جەهەپە پڕۆژە یاسایەك پێشكەشی پەرلەمان بكات بۆ ئەو ئافرەتانەی توندوتیژییان بەرامبەر دەكرێت، بەوەی خەرجی نەشتەرگەرییان بۆ دابین بكرێت و بیمەی تەندروستیان بە خۆڕایی بۆ ببڕێتەوە. پێدەچێت زۆربەی پارتە سیاسییەكان پشتگیری لەو پڕۆژە یاسایە بكەن و بچێتە بواری جێبەجێكردن.


بە گوێرەی زانیارییەكان، لە چوار مانگی ساڵی ٢٠١٩_دا لە تەواوی توركیادا بە هۆی توندوتیژی پیاوان و پەلاماردانی ئافرەتاندا ١٤١ ئافرەت گیانیان لە دەستداوە.