ململانێی ئەمەریکا و ئێران جیاوازی دەخاتە هەڵوێستی پارتە سیاسییەکانی عێراقەوە

دیندار نەجمان دۆسکی: عێراق لەژێر هەژموونی ئێراندایە و ناتوانێ بێلایەن بێت

29/05/2019 - 17:14 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

لە ماوەی رابردوودا، هەردوو سەركردەی دیاری شیعەكان، موقتەدا سەدر و هادی عامری، هۆشدارییان لە تێوەگلانی عێراق لە شەڕی نێوان ئەمەریكا و ئێران دا، بەڵام وەزیری دەرەوەی عێراق، پێچەوانەی ئەوە ئاماژەی بەوە دا، رێوشوێنەكانی ئەمەریكا دژی ئێران رەت دەكەنەوە و بەغدا لەپاڵ تاراندا دەوەستێت.

لە ماوەی رابردوودا موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێكدا رای گەیاند، لەگەڵ هاندانی جەنگی ئێران و ئەمەریكادا نییە و لایەنگری ئەوەش نییە، كە عێراق بخرێتە نێو ئەو شەڕەوە، ئەگەر وەكوو عێراق هەڵوێستێكی یەكگرتووی جدی پیشان نەدەن، ئەوا ئەو جەنگەی ئەموریكا و ئێران كۆتایی بە عێراق دەهێنێت.

لای خۆشیانەوە هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح و كەسایەتییەكی نزیك لە ئێران لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و ئایین و ئەخلاقیی هەموو لایەكە كار بۆ دوورخستنەوەی ئاگری جەنگ بكەن لە عێراق و هەموو ناوچەكە.

بەڵام محەمەد حەكیم، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە چەند رۆژی رابردوودا لە شاری بەغدا، لە پرێس كۆنفرانسێكی هاوبەشدا لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف، هاوتا ئێرانییەكەی کە سەردانی بەغدای کردبوو، ئاماژەی بەوە دا کە عێراق لە دژی رێوشوێنە تاكلایەنەكانی ئەمەریكایە بەرامبەر كۆماری ئیسلامیی ئێران و بەو بڕیارانە رازی نابێت و لەگەڵ تاراندا دەوەستێت.

هەموو ئەوانە لەکاتێکدایە، کە پێشتر هەندێ لە سەرکردە شیعەکان، بە تایبەتی ئەوانەی نزیکن لە حەشدی شەعبییەوە، لێدوانی دژ بە ئەمەریکا و هەڕەشەیان لە بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لەسەر خاکی عێراق دەکرد، تەنانەت لە پڕۆژەیاسایەکدا هەوڵیان دا لە ڕێگەی پەرلەمانی عێراقەوە، بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بدەن، بەڵام دواتر پڕۆژەکە بەهۆی جیاوازیی هەڵوێستی کورد و سوننەوە نەتوانرا دەنگی پێویستی بۆ کۆ بکرێتەوە و بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانی عێراقەوە.

هاوکات، لە هەرێمی کوردستان، تاوەکوو ئێستا سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان، هیچ هەڵوێست و لێدوانێکی سەبارەت بەو گرژییانەی لەنێوان ئەمەریکا و ئێراندا هەن، بۆ بەرژەوەندیی هیچ لایەکیان رانەگەیاندووە.

لەمبارەیەوە، سیاسەتوان، د.مەحمود عوسمان، بۆ (باس) رای گەیاند: “ئەو لێدوانەی وەزیری دەرەوەی عێراق، لەگەڵ ئەوەی تەعبیر لە رای فەرمیی حکوومەتی عێراق ناکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەش زیانی بۆ عێراق دەبێت، هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەو دۆخەدا، ئەگەر عێراق خۆی بداتە پاڵ ئێران بە فەرمی، ئەوە ناخۆش دەبێت، چونکە لەلایەک سەر بە عێراقە و لەلایەکی دیکەش گرنگە بەرژەوەندییەکانی خۆی بپارێزێ، بەڵام لە هەموو دۆخێکدا بێلایەنی بۆ هەرێمی کوردستان باشترە، چونکە شەڕەکە روو نادات و دواتر ئەوانەی خۆیان داوەتە پاڵ لایەکیان تیایدا زەرەر دەکەن و خراپ دەبن، زۆریشم لا سەیر بوو، کە گوێم لە وەزیری دەرەوەی عێراق بوو بەو شێوەیە عێراقی بەلای ئێراندا ساغ کردەوە، لەکاتێکدا کە پێشتر دەیگوت نێوانگیری دەکات”.

لای خۆشیانەوە، سیاسەتوان، دیندار نەجمان دۆسکی بۆ (باس) رای گەیاند، عێراق لەژێر دەستی حزبە باڵا دەستە شیعەکاندایە و ئەوانیش لەژێر هەژموونی ئێراندان، واتا بەگشتی ئێران لە عێراق حوکم دەکات، لەبەرئەوە بەلای منەوە خۆساخکردنەوەی عێراق بەلای ئێراندا شتێکی جێگەی سەرسوڕمان نییە، گوتیشی: “بابەتەکە لە عێراق زیاتر تایفییە نەک نیشتمانی، چونکە ئەگەر نیشتمانییانە بیری لێ بکرێتەوە، ئەوە عێراق نیشتمانێکی جیاوازە لە ئێران، بەڵام روونە هەڵوێستەکان لەلای هەندێ لە حزبەکانی شیعە لە عێراق هەڵوێستی تایفیین، تا ئێستاش هەڵوێستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بێلایەنانەیە، بەڵام ئەوانی دیکە لەژێر فشاری ئەوەدان، کە شیعەن و ئێرانیش حوکمی تائیفی و شیعەیە”.

ئەو چاودێرە سیاسییە جەختی کردەوە، باشترین هەڵوێست لەم قۆناغەدا بێلایەن بوونە، گوتی: “ئەوەی تا ئێستا هەیە تەنیا ململانێیە و شەڕ نییە، ئەو ململانێیەش نەبووەتە هۆی ئەوەی کە لایەنەکانی دیکە ناچار بکات خۆیان ساغ بکەنەوە، هەر بۆیەش سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان تا ئێستا بە شێوەیەکی لۆژیکیانە مامەڵەی لەگەڵ دۆخەکەدا کردووە”.

جێی باسە، رۆژ بە رۆژ گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لەگەڵ یەکتری ئاڵۆزتر دەبن و بەرپرسانی ئەمەریکی و ئێرانی هەڕەشەی لێدانی گورزی سەربازی لە یەکتری دەکەن، بەڵام تا ئێستا جگە لە کەوتنی چەند گوللەهاوەنێک لە نزیک کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، کە ئێران خۆی لێی بەری کردووە، لە رووی سەربازییەوە شتێکی دیکەی وەها رووی نەداوە، کە جێی باسکردن بێت.