پەرلەمانتارێکی عێراق: دۆخی دارایی عێراق دۆخێكی ناجێگیرە و 124 ملیار دۆلاریش قەرزارە

"جەنگی نێوان ئەمەریكا و ئێران روو بدات، زیانمەندی یەكەم عێراق دەبێت"

29/05/2019 - 15:59 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە گفتوگۆیەكی تایبەتی (باس)دا چەندین پرسی ئابووری و بودجەی عێراق و بەشەبودجەی کوردستان دەخاتە ڕوو. رای دەگەیەنێت، با مووچەخۆرانی كوردستان پشتڕاست و دڵنیابن، ناردنی مووچەیان لە بەغداوە بەردەوام دەبێت.

سەرەتا ئاماژەی بەوە دا، ئەو قسە و لێدوانانەی بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان لە لایەن بەغدا دەدرێت راست نین و پڕوپاگەندەن، گوتیشی: "فەرمانبەرانی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە، ئەمساڵ مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگەی كوردستان دەنێردرێت و هیچ مەترسییەك لەسەر بڕینی ئەو پارەیە نییە".

ئەوەشی خستە ڕوو، ئەگەر هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیلی رۆژانە بنێرێت بۆ سۆمۆ، ئەو كاتە وێڕای مووچە، بودجەی تەواوی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت، گوتیشی: "ئەگەر هەرێمی كوردستان پابەند بێت بە ناردنی نەوت، ئەوە بۆ ساڵی 2019 بڕی زیاتر لە 10 ترلیۆن دینار بۆ هەرێم دەنێردرێت، ئەگەر بەهەر هۆكارێكیش پابەند نەبێت، ئەوە مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە دەنێردرێت، بەڵام بودجەی تر دەبڕدرێت".

سەفار، پێی وایە ئەگەر هەولێر و بەغدا بۆ بودجەی 2020 لەسەر نەوت و داهاتی گومرگی رێك نەكەون، ئەوكات دۆخێكی تر دێتە ئاراوە، جیاواز دەبێت لە بودجەی ئەمساڵ.

ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی دارایی، لەمیانەی قسەكانیدا وای پیشان دا، كە فشار لەسەر عادل عەبدولمەهدی هەیە سەبارەت بە بودجەی هەرێمی كوردستان، دەشڵێت: "حكوومەت ناتوانێت بودجە جێبەجێ نەكات، عادل عەبدولمەهدیش فشاری لەسەرە، بەڵام ئەو هەوڵ دەدات رێکكەوتن بكرێت، ئەوكاتە فشار لەسەر خۆی و وەزیری داراییش نامێنێت، ئەو فشارەی لەسەر ئێمەشە نامێنێت".

ئاشكراشی كرد، حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆدان بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەوت و داهاتی گومرگی، گوتیشی: "لەنێوان هەردوولا شاند پێكهاتووە و كۆبوونەوەش كراوە، ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە، چاوەِڕوانی پێكهێنانی كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكرێت، هەركات كابینەكەی كاك مەسرور بارزانی پێكبێت، گەشبینین كێشەی نەوت و داهاتی گومرگی لەنێوان هەرێم و ناوەند یەكلایی بێتەوە و بۆ بودجەی 2020یش رێكکەوتن بكرێت".

راشی دەگەیەنێت، كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێم دەتوانێت بۆ چەند مانگێكیش بێت بودجەی 2019 بنێرێتە پەرلەمان، گوتیشی: "كابینەی تازەی حكوومەت دەتوانێت بودجەیەكی كاتی دابنێت بۆ ئەو چەند مانگەی لەو ساڵە ماوە، هەروەها خۆیشی ئامادە بكات بۆ بودجەی 2020".

پەیوەست بەوەی لە حاڵەتی گرتنی گەرووی هورمز، ئایا عێراق چۆن دەتوانێت نەوتی خۆی هەناردەی دەرەوە بكات، ئەو گوتی: "رێکكەوتن هەیە كەوا لە رێگەی بۆڕیی كوردستان نەوتی كەركووك بنێردرێتە دەرەوە، هەروەها ئەگەر گەرووی هورمز بگیرێت، ئەوكات عێراق بۆڕیی كوردستان یان وڵاتانی دراوسێ بۆ هەناردەكردنی نەوتەكەی بەكار دەهێنێت".

ئەحمەد سەفار، پێی وایە روودانی جەنگ لەنێوان ئەمەریكا و ئێران زیانێكی زۆر بە عێراق دەگەیەنێت: "ئەو شەڕە دروست بێت، عێراق زیانمەندی یەكەم دەبێت لە رووی ئابووری و سیاسی، چونكە زۆر لە كوتلە سیاسییەكانی عێراق بەئاشكرا دەڵێن ئێمە دەچینە پاڵ ئێران و دەچینە نێو ئەو شەڕە و پشتیوانیی ئێران دەكەین، هەروەها نەوتی بەسڕەش كێشەی بۆ دروست دەبێت".

سەبارەت بە گوتەی وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان، كە ئاماژەی بەوە داوە بۆ دانەوەی پاشەكەوتی مووچە دەبێت بەغدا ئەو كارە بكات، ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "دەكرێت هەرێمی كوردستان داوای پارەی مووچەی پاشكەوت لە بەغدا بكاتەوە، ئەویش بەو بیانووەی كەوا هۆكاری دانانی پاشەكەوت بڕینی مووچەی فەرمانبەران بووە لە لایەن عێراقەوە".

ئەو پەرلەمانتارە تیشك دەخاتە سەر دۆخی دارایی عێراق و جەخت دەكاتەوە، کە دۆخێكی ناجێگیرە، گوتیشی: "كێشەی عێراق ئەوەیە تەنیا پشت بە یەك داهات دەبەستێت، ئەویش داهاتی نەوتە، نەوتیش جێگیر نییە و كاریگەرە بە دۆخی ئابووری و سیاسیی ناوچەكە، ئێستا عێراق 124 ملیار دۆلار قەرزارە".

باوەڕی وایە عێراق یەدەگی باشی پارە و زێڕی هەیە و داهاتی باشە، بەڵام كێشەكە لە گەندەڵی و خراپیی بەڕێوەبردنە، گوتیشی: "گەندەڵییەكی زۆر لە عێراق هەیە و پارەیەكی زۆر بەفیڕۆ دەدرێت، بۆ نموونە، تەنیا لە كەرتی كارەبادا بە ملیارەها دۆلار خەرج كراوە، كەچی لە ئاستێكی زۆر خراپدایە، ماوەیەك پێش ئێستا وەزیری كارەبا داوای 20 ملیار دۆلاری كرد، ئەمەش نالۆژیكییە، چونكە ئەوە چەندین ساڵە چاككردنی ژێرخانی كارەبا لە ریزبەندی پێشەوەی كارەكان بووە و ئەو پارە زەبەلاحەشی بۆ خەرج كراوە، كەچی لە نزمترین ئاستی خزمەتگوزاریدایە، خزمەتگوزارییەكانی دیكەش بە هەمان شێوە".

سەفاڕ خەڵكی كوردستان پشتڕاست دەكاتەوە، هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی شایستە دارایییەكانی كوردستان بگەیەنن بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گوتیشی: "وێڕای بودجە و مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە، هەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی شایستە داراییەكانی جووتیارانی كوردستانیش خەرج بكرێن، بۆ ئەوەش وەزیری بازرگانی بە ئێمەی راگەیاند، كە تەنیا رەزامەندیی سەرۆك وەزیران ماوە، لە ماوەیەكی نزیكدا پارەی سێ ساڵی جووتیاران خەرج دەكرێت".

دواجار راشی گەیاند، دەست كراوە بە دانانی ستراتیژی بودجەی 2020ی عێراق، گوتیشی: "لیژنەی دارایی پەرلەمان لەگەڵ حكوومەت بەشدارە بۆ تەواوكردنی دانانی ستراتیژیەتی بودجەی 2020”.

 

 

ئەلبوومی وێنەکان