دەستپێشخەرییەکانی یەکێتی بۆ گۆڕان بەهۆی لاوازبوونی (نەوەی نوێ)وەیە

 

28/05/2019 - 16:03 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە چەندین کەناڵی فەرمی و نافەرمییەوە دەستپێشخەریی بۆ گۆڕان کردووە، تاوەکوو رازی بکاتەوە بە کۆبوونەوە و ئاشتبوونەوە لەگەڵیدا. ئەمڕۆ سێشەممە، ئەو پرسە یەکێک لە باسەکانی جڤاتی گۆڕان دەبێت، چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە، دەستپێشخەریی یەکێتی بۆ گۆڕان پەیوەندیی بە لاوازبوونی نەوەی نوێوە هەیە.

لە ماوەی رابردوودا، دوای ئەو دۆخەی بەسەر نەوەی نوێ لە سلێمانیدا هات، کە لەناوخۆیدا تووشی ئینشیقاق هات و سکاڵای یاسایی رووبەڕووی شاسوار عەبدولواحید بووەوە، لەسەر ئەوەی گوایە گرتەی ڤیدیۆیی ئەندامانی خۆی لە کابینەکانی چاڤی لاند گرتووە و هەڕەشەی لێ کردوون کە ئەگەر لە دژی بوەستنەوە بڵاویان دەکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی (باس)، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چەندین کەناڵی فەرمی و نافەرمیی خۆیەوە، دەستپێشخەریی ئاشتبوونەوە و کۆبوونەوە و جێبەجێکردنی رێککەوتنێکی کۆنی نێوانیانی بۆ گۆڕان کردووە، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان بە بیانووی ئەوەی دەبێت ئەو پرسانە لە جڤاتی گۆڕاندا تاوتوویان بکات، هیچ وەڵامێکی ئەرێنیی یەکێتی نەداوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگەدار لە بزووتنەوەی گۆڕان بۆ (باس) ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ سێشەممە، جڤاتی گۆڕان کۆ دەبێتەوە و یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، قسەکردن دەبێت لەسەر ئەو دەستپێشخەرییانەی یەکێتی.

سەرچاوەکە، کە نزیکە لە ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، ئاماژەی بەوەش دا، تاوەکوو ئێستا یەکێتی مەرجەکانی گۆڕانی جێبەجێ نەکردووە، ژمارەیەکی زۆری هەڵسوڕاوانی گۆڕان، کە پێشتر لەسەر هەڵوێستەکانیان لە زۆنی سەوز نانبڕاو کراون، نەگەڕاندووەتەوە سەر کارەکانیان، جگە لەوەش، ئەو پۆستانەی دەبوو بەپێی رێککەوتنی حکوومەتە خۆجێییەکان لە سلێمانی و هەڵەبجە بدرێنە بزووتنەوەی گۆڕان زۆربەیانی نەداونەتێ، هەروەها برینەکانی هێرشکردنە سەر گردەکەی گۆڕان تا ئێستا سارێژ نەبوونە، لەبەرئەوە پێشبینیکراوە بۆچوونی زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی گۆڕان بۆ وەڵامی یەکێتی نەرێنی بێت.

هاوکات، چاودێرانی سیاسییش پێیان وایە، ئەو دەستپێشخەرییانەی یەکێتی بۆ گۆڕانی دەکات، بەهۆی لاوازبوونی نەوەی نوێ و ترسی هەستانەوەی گۆڕانە لە سلێمانی. یەکێتی دەیەوێ پێش ئەوە دۆخێک بۆ گۆڕان دروست بکات کە نەتوانێ سوود لە دەنگە جیابووەوە و نیگەرانەکان لە نەوەی نوێ وەربگرێتەوە، کە پێشتر دەنگی خۆی بوون و بۆ ئەو حزبە نوێیەی سلێمانی ڕۆیشتوون.

لەمبارەیەوە، عادل عەزیز، ئەندامی جڤاتی گۆڕان بۆ (باس) رای گەیاند، هەر دوێنێ بوو یەکێتی تەقەی لە گردەکە کرد و رێککەوتنی دەباشانی پێشێل کرد، ئیتر نازانین ئەو داوای چ رێککەوتنێک لە گۆڕان دەکات؟

هاوکات، سۆران سێوکانی، توێژەری سیاسی، بۆ (باس) رای گەیاند، یەکێتی دەزانێت لە پەرلەمانی کوردستان حاڵی شڕە و هیچی پێ ناکرێت، بۆیە دەیەوێت گۆڕان بخاتەوە ڕیزی خۆی و بەوەش هەندێک هێزی بڕیاردانی لە پەرلەمانی کوردستاندا هەبێت، گوتیشی: “بێ گومان هەر بە گۆڕانەوە ناوەستێت، بەڵکوو هەوڵی لایەنی دیکەش دەدات، لەوانە کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی، بۆ ئەوەی بەلایەنی کەمەوە لە هەندێ پرس بۆ بەرژەوەندیی خۆی یەکدەنگیان بکات، بەڵام ئایا گۆڕان هیچ متمانەیەکی هەیە بە یەکێتییەکەی ئێستا، کە هیچ قسەیەکی نەبردووەتە سەر؟ نەك تەنیا لەگەڵ گۆڕان، بەڵکوو لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا، چونکە یەکێتی هێزەکانی دیکە بەکار بهێنێت، دواتر پشتیان تێدەکات”.

جێی باسە، رۆژی 17ی ئایاری 2016 یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رێككه‌وتنێكی دووقۆڵییان واژۆ كرد، بەڵام دواتر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌فه‌رمی رێككه‌وتنه‌كه‌ی هه‌ڵپه‌سارد و یه‌كێتیی به‌ هۆكاری جێبه‌جێنه‌كردنی تۆمه‌تبار كرد.