پارەیەكی زۆر بۆ تەواوكردنی 2 هەزار پڕۆژە تەرخان دەكرێت

 

28/05/2019 - 15:10 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

بڕیار وایە لە نیوەی دووەمی ئەمساڵ بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەكان كە بۆ پڕۆژەكانە، بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت، بۆ ئەو مەبەستەش 2 هەزار پڕۆژە چاوەڕوانی پارەكەن.

زاگرۆس فەتاح، بەڕێوەبەری گشتیی پرۆژەكان لە وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە (باس)ی راگەیاند: "بەپێی بودجەی عێراق بێت، ئەو پارەیەی بۆ پڕۆژەكانی هەرێمی كوردستان تەرخان كراوە، یەك تریلیۆن و 500 ملیار دینارە و دەبێ مانگانە بەش بەش بنێردرێت، بەڵام تاوەكوو ئێستا نەنێردراوە”.

روونیشی كردەوە: "پارەی پڕۆژەكان تاوەكوو ئێستا خەرج نەكراوە، چونكە بودجەی عێراق لە کورتیی داوە و لە بودجەی تەواوكاری ئەو بابەتە یەكلایی دەكرێتەوە".

جەختیشی كردەوە، وردەكاریی لیستی پڕۆژەكانیان داوەتە بەغدا، گوتیشی: "ئەو پڕۆژانەی لە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان ماون جێبەجێ بكرێن و گرێبەستیان بۆ كراوە، نزیكەی 2 هەزار پڕۆژەن، بەو بودجەیە جێبەجێ دەكرێت".

بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە: "بەرنامەی كابینەی داهاتووش ئەوە دەبێت، كە ئەو پڕۆژانەی ماون تەواو بكرێن، یان بەرەو تەواوبوون بچن". ئاماژەی بەوەش دا، هەروەها توانای دارایی حكوومەت باش بێت، پڕۆژەی ستراتیژیی هەبێت و ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیی لەسەر بدات، دەست بە جێبەجێكردنی هەندێك پڕۆژەی ستراتیژیی تازەش دەكرێت.

زاگرۆس فەتاح، لەمیانەی قسەكانیدا ئەوەی خستە ڕوو، حكوومەتی عێراق لە كاتی هەبوونی كورتهێنان پارەی پێویستی پڕۆژەكان خەرج ناكات.

ئیخڵاس سەباح دلێمی، پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە (باس)ی راگەیاند، چوار ترلیۆن دینار پارەی بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەكانه، پشكی هەرێمی كوردستانیش جێگیر كراوە، گوتیشی: "بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بودجەی پەرەپێدان خەرج دەكرێت، هەروەها هەر قەرزێكیش بدرێتە پارێزگاكانی عێراق، ئەوا پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، هەروەها كوردستان پارەی بودجەی فریاكەوتن و بودجەی سیادی و حاكیمەش دەگرێتەوە".

ئاماژەی بەوەش دا، لە مانگی 6ی ئەمساڵدا، بودجەی تەواوكاریی 2019 ئامادە دەكرێت، گوتیشی: "هەر بابەتێك بمانەوێت زیادی بكەین لە بودجە، یان پارەی بۆ دابین بكەین، ئەوا لە بودجەی تەواوكاری پارەی بۆ تەرخان دەكەین، زۆر بابەت هەیە پارە بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان دەكرێت، لە هەر شوێنێك ستەم لە پارێزگاكانی كوردستان كرابێـت و مافیان پێ نەدرابێت، ئەوە حەقیان پێ دەدرێت".