چەندین بڕوانامەی ساختە و دەستكاریكردنی تەمەن ئاشكرا دەبێت

 

28/05/2019 - 14:56 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

لە سنووری پەروەردەكانی هەولێر چەند بڕوانامەیەكی ساختە و دەستكاریكردنی تەمەن ئاشكرا دەبێت. بەرپرسێكی باڵای پەروەردەش نهێنی و بەڵگەكان ئاشكرا دەكات.

بەشدارعەبدولخالق، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر بە (باس)ی راگەیاند، نووسرایان بۆ پەروەردەكان كردووە، بۆ ئەوەی وردبینی بۆ بڕوانامەكان بكەن، گوتی: "ئەو وردبینی و لێكۆڵینەوەیە بۆ ئەوەیە، رێگری لە ساختەكاری بكرێت، بەتایبەت ئەوە ساختەكارییانەی لە رێگەی بەڕێوەبەر وهەندێك كەسەوە كراوە، لێكۆڵینەوەكەش بەردەوامە".

جەختیشی كردەوە، كاتێك ساختەكاری لە بڕوانامە و دۆسێی هەر فەرمانبەر و مامۆستایەك ئاشكرا بێت، كۆمەڵێك سزا هەیە پەیڕەو دەكرێت.

ئاشكراشی كرد، لە چەند رۆژی رابردوودا بڕوانامەیەكی ساختەیان ئاشكرا كردووە و سزایان بۆی دەركردووە، گوتیشی: "دەستكاریی بڕوانامە كراوە و بڕیاری سزادان و غەرامەكردنیشی دەركراوە، ئەو مووچە و دەرماڵەیەی پێشووتر بەهۆی ئەو بڕوانامەیەوە وەری گرتووە، لێی وەردەگیرێتەوە".

زیاتر لەسەر ئەو بابەتە دوا و گوتی: "جیاوازیی مووچەی لێ وەردەگیرێتەوە، پلەی وەزیفی دادەبەزێندرێت و سزای ئیدارییش دەدرێت".

روونیشی كردەوە: "حاڵەت هەبووە مۆری پەروەردە ساختە كراوە و لەسەر بڕوانامە دراوە، ئەوە جۆرە كەسانە دراونەتە دادگا".

بەرپرسەكەی پەروەردە ساختەكارییەكی تریشی ئاشكرا كرد و گوتی: "فەرمانبەر و مامۆستا هەن بە شێوەی ساختە دەستكاریی تەمەنی خۆیان كردووە، بۆ ئەوەی درەنگتر خانەنشین بكرێن، ئەوانەمان ئاشكرا كردووە و زۆر لیژنەی لێكۆڵینەوەش بۆ ئەو بابەتە پێكهاتووە".

لە سەرێكی ترەوە، لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەكان لێكۆڵینەوە لەو بڕوانامانە دەكرێت، كە لە سێ ساڵی رابردوودا دراون بە قوتابییان، لەمبارەیەوە بەشدار دەڵێت: "پێداچوونەوە بە بڕوانامەی قوتابییان لە ساڵی 2016 بۆ 2019دا دەكرێت، لیژنەكان دەچنە قوتابخانەكان و لە هەموو ئەو بڕوانامانە دەكۆڵنەوە، كە لە قوتابخانەكان بە قوتابییان دراون".

زیاتر گوتیشی: "هەر بڕوانامەیەك كە دەدرێت، دەبێ مۆری پەروەردەی لێ بدرێت، بەڵام دەركەوتووە چەندین حاڵەت هەبووە مۆر و وێنەی لەسەر نییە و تەنیا بەڕێوەبەری قوتابخانە نمرەی بۆ داناوە".

عەبدولقادر عەزیز، سەرپەرشتیاری كارگێڕی لە پەروەردەی دەشتی هەولێر رای گەیاند: “وردبینی لە بڕوانامەی هاتووی سێ ساڵی خوێندن بۆ سەرجەم قوتابخانەکانی بنەڕەتی و ئامادەییەکان و کاری زۆر باش بۆ نەهێشتنی کەموکوڕیی نێو بڕوانامەکان و تۆمارەکانیان کراوە".