4 ملیار دیناری ساختە خراوەتە بازاڕەوە

بەرپرسێکی بانکی ناوەندیی عێراق هۆشدار دەدات

28/05/2019 - 14:54 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

چەند بەپرسێکی بانکی ناوەندی، باس لە بڵاوبوونەوەی دراوی ساختە دەکەن. بەرپرسێکیش داوا لە هاووڵاتییان دەکات، ئاگاداری دروای ساختە بن.

جەعفەر غولام، بەڕێوەبەری فەرمانگەی دەرچوون لە بانکی ناوەندیی عێراق ئاشکرای کردووە، 4 ملیار دیناری ساختە خراوەتە بازاڕەکانەوە. گوتی: "رۆژانە پارەی ساختە دەکەوێتە بازاڕەکان و مانگانە بانکی ناوەندی و بانکەکانی تری ئەهلی، زیاتر لە 200 ملیۆن دیناری ساختە کۆ دەکەنەوە".

عابد ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ناوەندیی عێراق لە هەرێمی کوردستان، بە (باس)ی را گەیاند، ئەو دراوە ساختەی باس دەکرێت، زیاتر لە بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقە، گوتی: "ناڵێین پارەی ساختە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵام بەو جۆرە نییە، کە لە شوێنەکانی تری عێراق هەیە".

روونیشی کردەوە، پارەی ساختە هەموو کات هەبووە، هەبوونی 4 ملیار دیناریش لە بازاڕەکانی عێراق شتێکی خراپە بۆ ئابووری، گوتیشی: "ئەوەی لای ئێمە ئاشکرا بووە، پارەیەکی کەمی ساختەیە و نەبووەتە هۆکاری دروستکردنی تەنگژە لە بازاڕدا، ساختەکردنیش لەنێو دینار و دۆلار و یۆرۆشدا هەیە".

زياتر لە 45 ترلیۆن دیناری عێراقی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە خراوەتە بازاڕەوە.

عابد ساڵح گوتیشی: "رێنماییمان بۆ خەڵک ئەوەیە، لە کاتی وەرگرتن و ئاڵوگۆڕی پارە هۆشیار بن، بێ پشکنین پارە وەرنەگرن".

بەرپرسەکەی بانکی ناوەندی ئاشکراشی دەکات، ساختەکاری بەزۆری لە دراوی 50 هەزاری و 25 هەزاری و 10 هەزاریدا هەیە.

بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، سزای ساختەکردنی دراو بریتییە لە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە 10 ساڵ کەمتر نەبێت ‌و لە 15 ساڵ زیاتر نەبێت.

عابد، دووپاتی دەکاتەوە، ئەو پارەیەی لە رێگەی بانکی ناوەندی دەخرێتە بازاڕەوە سەلامەت و دوورە لە تەزویر، گوتیشی: "ئەوەی ساختە دەکرێت لەدەرەوەی بانکی ناوەندی دەکرێت، بە تایبەت لەلایەن گرووپی ساختەکار لە ناوخۆ و لە دەرەوە". لەبارەی چاپکردنی دراوی قەبارە گەورەتر لە 50 هەزاری، ئەو بەرپرسە جەختی کردەوە، بۆ دەرکردنی جۆری تازەی دراو، تاوەکوو ئێستا هیچ رێکارێک بە فەرمی نەگیراوەتە بەر.

لە ماوەی رابردوودا، دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیس لە کوردستان چەندین کەس و باندیان بە تۆمەتی ساختەکردنی دراو دەستگیر کردووە.