توركیا ئۆجەلان بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەی كورد لە رۆژئاوای كوردستان بەكاردێنێ

27/05/2019 - 16:53 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت


پارێزەرەكانی عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆكی بەندكراوی پەكەكە، لە ماوەی مانگێكدا دوو جار سەردانی ئیمیڕاڵیان كردووە، كردنەوەی دەرگای ئیمیڕاڵیش چەندین پرسی بە دوای خۆیدا هێنا، كە سەرەكیترینیان پرسی رۆژئاوای كوردستانە، بەوەی توركیا دەیەوێت لە ڕێگەی ئۆجەلانەوە لە دەرگای ئەو پرسە بدات.


لە ٢٠١٣ كاتێك دەرگای ئیمیڕاڵی كرایەوە، ئەوكات ئیدریس بالوكان وەكو ئەندامی دەستەی سەردانیكردنی ئیمیڕاڵی بەشدار بوو، ئەو گفتوگۆی لەگەڵ ئۆجەلاندا كردووە و لەبارەی رۆژئاواوە چەند خولەكێك قسەیان كردووە.


بالوكان بە ئۆجەلانی گوتووە سیاسەتی توركیا لە رووی دەرەوە شكستی هێناوە، لە سووریاش پشتگیری لە گرووپی توندڕەو دەكات، بۆیە دەبێت وەكو كورد ئەم لایەنە باش بخوێنینەوە. ئۆجەلان ئەوەی پێگرنگ بووە و گوتوویەتی بزانن توركیا بە نیازی چیە؟ ئەی وەزارەتی دەرەوەی توركیا لەو رووەوە چی دەڵێن؟


بالوكان دووبارە گوتوویەتی توركیا دانی بەوەدا ناوە شكستی هێناوە لە سووریا، بۆیە گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی بەبێ بوونی كورد لە سووریا دەتوانن هێزێكی سوپەر و گەورە دروست بكەن.


لەو سەردەمەدا توركیا ئۆجەلانی نەهێنایە ناو هاوكێشەكە و پەراوێزی خست، لە كاتێكدا بوونی ئۆجەلان بۆ ئەو پرسە گرنگ بوو.


بەڵام كاتێك ئۆجەلان لە ٢ی مارسدا لە رێگەی پارێزەرەكانییەوە پەیامێكی بۆ رۆژئاوا نارد و لەگەڵ ئەوە دابوو یەكپارچەیی خاكی سووریا بپارێزن، ئەوكات توركیاش لێی نزیك بووەوە.


موراد سابونجو رۆژنامەنووس لە ماڵپەڕی T24 ی توركی، ئاماژە دەدات ئەم جارە توركیا ئۆجەلان دەخاتە ناو هاوكێشەی سیاسیی رۆژئاواوە. باس لەوەش دەكات كە هاكان فیدان سەرۆكی میتی توركیا بە نهێنی چووەتە ئیمیڕاڵی و لەگەڵ ئۆجەلاندا قسەی كردووە و لەبارەی سووریاوە رۆڵی پێدەدرێت.


پرسیارێكی تریش كە بەردەوام باسی لێوە دەكرێت، ئاخۆ كردنەوەی دەرگای ئیمیڕاڵی پەیوەندی بە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستەنبۆڵەوە هەیە كە ٢٣ی حوزەیران ئەنجام دەدرێت؟


ئەگەر سەرنج بدەینە پەیامەكەی ئۆجەلان لە ٢٢ی ئەم مانگەدا دەڵێت بارودۆخەكە لە ٣٠ بۆ ٤٠ رۆژی داهاتوو دەردەكەوێت و ئەنجامەكەی دەبینین. مەبەستی ئۆجەلان روونە، ٣٠ رۆژی تر هەڵبژاردنی شارەوانییەكانە لە ئیستەنبۆڵ، ئەگەر دوای هەڵبژاردن دەرگای ئیمیڕاڵی بە كراوەیی هێڵدرایەوە، ئەوكات دیارە پارتی دەسەڵات دەیەوێت ئۆجەلان بهێنێتە ناو هاوكێشەی سیاسی توركیا و سووریاوە.


دەبێت ئەوەش باس بكرێت كە زۆرێك لە میدیاكانی جیهان و توركیاش دەڵێن، میتی توركی و سوپای سووریای دیموكرات بە نهێنی دانیشتوونە و لەبارەی رۆژئاواوە قسەیان كردووە، بەڵام بە نێوەندگیری ئەمریكا، چونكە ئەمریكا دەیەوێت توركیا رازی بكات دان بە یەپەگەدا بهێنێت و لە بەرامبەردا ئەمریكاش نەرمی دەنوێنێت بەرامبەر بە توركیا لە زۆر رووەوە.


ئۆپۆزسیۆنی توركیا هیچ كۆمێنتێكی نیە لەبارەی كردنەوەی دەرگای ئیمیڕاڵی، ئەمەش دەریدەخات كە لە توركیا سیاسەتێكی تازە بەرامبەر بە كورد دێتە ئاراوە، رەنگە دوای هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستەنبۆڵیش ئەو پرسە بە فراوانی بێتەوە بەرباس و ئەنجامەكەشی دەردەكەوێت.


بەبێ چارەسەركردنی كێشەی رۆژئاوا لە نێوان توركیا و یەپەگەدا، ئەستەمە لە توركیا پرسی چارەسەری بێتەوە بەرباس، بۆیە فۆكس كراوتە سەر رۆژئاوا.


چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیا، پەیوەستە بە چارەسەركردنی كێشەی كورد لە رۆژئاوا.