داعش له‌ خانه‌قین خەڵک دەکوژێت و ده‌غڵ و دانی جووتیارانی كورد ده‌سووتێنێت

دۆخه‌كه‌ به‌ ده‌ست داعش و حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ ناله‌باره‌

27/05/2019 - 16:00 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

تیرۆریستانی داعش، له‌ رێگاى دانانی بۆمبی چێندراو و ده‌ستڕێژی گولله‌ى ژماره‌یه‌ك هاووڵاتیی كوردیان له‌ سنوورى خانه‌قین شه‌هید كرد، كه‌ دووانیان باوك و كوڕێكن، هه‌روه‌ها چەند رۆژیکە ده‌غڵ و دانی جووتیارانی سنووركه‌ش ده‌سووتێنن. ئه‌ندامێكى پێشووى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دیاله‌ ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌كرا دۆخی سنوورى خانه‌قین به‌م شێوه‌ى ئێستا تێك بچێت و ئاڵۆزیى تێ بكه‌وێت“.

به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس)، كه‌ له‌ سنوورى خانه‌قینه‌وه‌ وه‌ری گرتوون‌، به‌یانیی رۆژی هه‌ینی 17/5/2019، له‌ ئه‌نجامى ته‌قینه‌وه‌ى بۆمبێكى چێندراو له‌ گوندى (به‌ره‌كات)ى سه‌ر به‌ خانه‌قین، هاووڵاتییه‌كی كورد بە ناوى (نه‌بیل ئه‌كبه‌ر) شه‌هید بوو کە پیشه‌ى مامۆستایه‌ و دانیشتووى هه‌مان گوند بووه‌.

هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان، له‌ هه‌مان رۆژدا هاووڵاتییه‌كی دیكه‌ى كورد كه‌ پیشه‌ى شۆفێری ده‌راسه‌ بووه‌ و له‌ كاتى دروێنه‌ى گه‌نم و جۆی جووتیاران، له‌ سنوورى نێوان هه‌ردوو گوندى به‌ره‌كات و دارا، به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ى بۆمبێكى چێندراو شه‌هید بوو.

هاوكات پێگه‌ى داعش له‌سه‌ر تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیى تیلگرام، وێنه‌ى كوشتنی باوك و كوڕێكى سنوورى خانه‌قینان بڵاو كرده‌وه‌ و به‌رپرسیارێتیى ئه‌و كوشته‌نیان له‌ ناوچه‌ى عه‌لی ئاواى سه‌ر به‌ خانه‌قین له‌ئه‌ستۆ گرتووه‌.

هه‌روه‌ها له‌م چه‌ند رۆژه‌ى رابردوودا، داعش ئاگرى له‌ زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانى جووتیارانی گونده‌كانى دارا و موباره‌ك و مێخاس و یوسف به‌گ و ژماره‌یه‌كى گوندى دیكه‌ى سه‌ر به‌ خانه‌قین به‌ردا و ده‌غڵ و دانى هاووڵاتییانى كورد سووتێنرا، پاشان پێگە ئەلیکترۆنییەکانی سه‌ر به‌ داعش وێنه‌ى سووتاندنى ده‌غڵ و دانی جووتیارانى كوردى سنوورى خانه‌قینیان بڵاو كرده‌وه‌، كه‌وا ئه‌وان ئه‌و كاره‌یان له‌ژێر ناوى سووتاندنى كێڵگه‌ى هه‌ڵگه‌ڕاوان له‌ سنوورى خانه‌قیندا كردووه‌.

رۆژی شه‌ممه‌ى رابردووش له‌ ناوچه‌ى سه‌وزبڵاخی سنوورى خانه‌قین، ئاگر له‌ گه‌نم و جۆی جووتیارانی كورد به‌ردرا، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ده‌یان دۆنم سووتا.

له‌م باره‌یه‌وه‌، عامر رفعه‌ت، ئه‌ندامی پێشووى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دیاله‌ و شاره‌زاى دۆخی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى دیاله‌، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "پێشبینیی ئه‌وه‌ ده‌كرا، دۆخی سنوورى خانه‌قین به‌م شێوه‌یەى ئێستا تێك بچێت و ئاڵۆزیى تێ بكه‌وێت، ئێمه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانمان له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ ئاگادار كردبووه‌وه‌، دۆخه‌كه‌ له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ تێكچوو، له‌و كاته‌وه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ سنووره‌كه‌ نه‌مان و كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كان زیادیان كرد، ته‌نیا هه‌فته‌ى رابردوو چوار هاووڵاتی تیرۆر كراو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌غڵ و دانی جووتیارانی كوردى سنووره‌كه‌ ده‌سووتێنرێت كه‌ ئێستا كاتى دروێنه‌یه‌. داعش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وان ئه‌و كرده‌وه‌یه‌یان ئه‌نجام داوه‌، تیرۆریستان چه‌نده‌ كردەوه‌ تیرۆریستییه‌كانیان چڕ بكه‌نه‌وه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى حه‌شدى شه‌عبیدایه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئێستا حه‌شد له‌گه‌ڵ سوپا له‌نێو ململانێدان و كێشه‌یان هه‌یه‌ و حه‌شد ناتوانن كۆنترۆڵی دۆسێی ئه‌منى بكه‌ن“.

روونیشى كرده‌وه‌، ئه‌و كردوه‌ تیرۆریستییانه‌ وا ده‌كه‌ن، حه‌شدی شەعبی هێزى زیاتر بهێنن بۆ سنوورى خانه‌قین، ئێستا گونده‌كانى ده‌وروبه‌رى خانه‌قین حه‌شدى لێیه‌ و پێشتر گوندنشینان خۆیان پاسه‌وانییان له‌ خۆیان ده‌كرد، ئێستا حه‌شد هاتووه‌ته‌ سنووره‌كه‌، كه‌چی له‌م چه‌ند شه‌وه‌ى رابردوودا حه‌شد کەسێکی سڤیلی له‌ سنوورى خانه‌قین شه‌هید كرد، دواتر گوتیان ئێمه‌ نه‌مانزانیوه‌ و به‌ هه‌ڵه‌ بووه‌، گرنگ ئه‌و دۆخه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى حه‌شددایه‌ و ده‌یانه‌وێت هێزى زیاتر بهێنن، كه‌ ئه‌میان مه‌رامی سیاسیی له‌پشته‌وه‌یه‌ و ده‌وروبه‌رى خانه‌قین و حه‌وزه‌ى حه‌مرین له‌ده‌ست دراوه‌، خانه‌قین ماوه‌ته‌وه‌ به‌ته‌نیا، كه‌ كوردی زیاتره‌ و ده‌یانه‌وێت ئه‌وه‌ش نه‌مێنێت و به‌یه‌كجارى كۆتایی به‌ كورد له‌ سنووره‌كه‌ بێنن، بە هه‌ر بیانوویه‌كیشەوە بێ ته‌عریبی سنووره‌كه‌ ده‌كرێت.

عامر ره‌فعه‌ت، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، زۆربه‌ى گونده‌كانى ده‌وروبه‌رى خانه‌قین چۆڵ كراون و ئه‌وانه‌یشی ماونه‌ته‌وه‌، وه‌ك ئه‌و گوندانه‌ى ده‌كه‌ونه‌ سه‌ر رێگاى خانه‌قین بۆ گوڵاڵه‌ و ئێستا حه‌شد چووه‌ته‌ سنووره‌كه‌ى ئه‌وانیش. حه‌شد چاوه‌ڕوانى ئه‌و رۆژه‌ بوون كه‌ بڵێن ئه‌وه‌تا له‌ژێر ركێفی ئێمەدا‌ن، ئێستا هه‌موو ئه‌وراقه‌كان، چی حه‌شد و چی داعش له‌گه‌ڵ یه‌ك تێكه‌ڵ بووه‌ و هاووڵاتییان له‌و نێوه‌نده‌دا باجه‌كه‌ى ده‌ده‌ن.

له‌و چوارچێوه‌دا و له‌سه‌ر دۆخی ناله‌بارى سنوورى خانه‌قین، فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌یاننامه‌یه‌كیان بڵاو كرده‌وه‌، كه‌ وێنه‌یه‌كى ده‌ست (باس) كه‌وتووه‌ و تێیدا هاتووه:‌ ”له‌ ماوه‌ى رابردوودا له‌ سنوورى خانه‌قین و گونده‌كانى ده‌وروبه‌رى، له‌لایه‌ن تیرۆریستان و چه‌ند ده‌ستێكى ڕه‌شی نادیاره‌وه‌، به‌ به‌رده‌وامى هه‌وڵی شێواندن و زیان پێگه‌یاندنى هاووڵاتییان و جووتیارانى ناوچه‌كه‌ ده‌درێت، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ زیاتر له‌ 40 شه‌هیدی هاووڵاتى و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى سنووره‌كه‌ى لێ كه‌وته‌وه‌ته‌وه‌ و زیانێكى زۆری ماڵێیش به‌ ناوچه‌كه‌ گه‌یاندووه‌، هه‌ر به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستاون و ئێستا له‌ كاتى دروێنه‌كردنی ره‌نجی یه‌ك ساڵه‌ى جووتیارانی سنووره‌كه‌، ئه‌م ده‌سته‌ ڕه‌شه‌ ده‌غڵ و دانی هاووڵاتییان ئاگر تێ به‌رده‌ده‌ن، لەگەڵ بۆمبڕێژكردنى زه‌ویوازى گونده‌كان، بەمەش له ‌ماوەى یەک هه‌فته‌دا چوار هاووڵاتی شه‌هید بوونە، كه‌ یه‌كێكیان مامۆستایه‌“.

هاوكات به‌یاننامه‌كه‌ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌، سه‌ره‌ڕای ئیدانه‌كردنی ئه‌و تاوانه‌ قێزه‌ونانه‌، ئه‌و هه‌وڵ و پیلانه‌ ڕه‌شانه‌ى تیرۆریستان و ئه‌و ده‌ستانه‌ى چاویان به‌ ئارامى و پێكه‌وه‌ژیانى شاره‌كه‌ هه‌ڵنایه‌ت، پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ سه‌رۆكایه‌تیى كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بێنه‌ سه‌ر هێڵ و رێگه‌ى خێرا بگرنه‌ به‌ر بۆ رێگه‌گرتن له‌ زوڵم و سته‌مه‌ى به‌رامبه‌ر به‌ شارى خانه‌قین و دانیشتووانه‌كه‌ى ده‌كرێت، وه‌ك نوێنه‌رانى كورد ئه‌م بابه‌ته‌مان له‌نێو په‌رله‌مانى عێراق وروژاند، بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان ڕووى ڕاسته‌قینه‌ى ئه‌م ناحه‌قییانه‌ ببینن و چاره‌سه‌رێكى به‌په‌له‌ى بۆ بدۆزنه‌وه‌.

پێوه‌ند به‌م باسه‌، شیرین ئه‌مین، ئه‌ندامى لیژنه‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم له‌ په‌رله‌مانى كوردستان (گۆڕان)، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، دۆخێكى ناله‌بار به‌سه‌ر ناوچه‌ دابڕاوه‌كاندا هات، هه‌رچی هه‌وڵ هه‌بوو بۆ ئه‌و ناوچه‌ كوردستانییانه‌ ده‌توانم بڵێم ئاو بردى، كه‌ پێشتر هه‌وڵێكى زۆر درا ئه‌و ناوچانه‌ بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێم و ماده‌یه‌كى ده‌ستوورییمان هه‌یه‌ كه‌ خۆی له‌ ماده‌ى 140ى ده‌ستوورى هه‌میشه‌یی عێراق ده‌بینێته‌وه‌، بۆ چاره‌سه‌رى دۆخى ئه‌و سنوورانه‌، به‌ڵام هاتنی شه‌ڕی داعش و رووداوه‌كانى 16ی ئۆكتۆبه‌ر، دۆخه‌كه‌ی به‌ ئاقارێكى نه‌خوازراودا برد، ئێستاش ئاگادارى ئه‌وه‌ین كه‌ ته‌عریب له‌و ناوچانه‌ ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌ و به‌لێشاو خێزانى عه‌ره‌ب ده‌هێنن و ماڵه‌ كورده‌كان ناچار ده‌كه‌ن ناوچه‌كانى خۆیان به‌جێ بهێڵن، ئه‌وه‌تا له‌و سنووره‌ به‌ئاشكرا غه‌در له‌ كورد ده‌كرێت، له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ داعش داواى باج و سه‌رانه‌ى له‌ گوندنشینانى ناوچه‌ دابڕاوه‌كان كردووه‌، ئێمه‌ وه‌ك لیژنه‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان، له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌داین كه‌ دانیشتنێكى په‌رله‌مان تایبه‌ت بكرێت به‌ دۆخی نه‌خوازراوى ئێستای ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و له‌ رێگاى په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌وڵ بده‌ین كار بۆ هێوربوونه‌وه‌ى دۆخه‌كه‌ بكه‌ین“.

ڕاشی گه‌یاند: ”جارێكى تر تیرۆركردن له‌ سنوورى خانه‌قین و ناوچه‌كانى تر ده‌ستی پێ كردووه‌ته‌وه‌، هه‌ر له‌م چه‌ند رۆژه‌ى رابردوودا ئه‌و دۆخه‌ ناله‌باره‌ له‌ خانه‌قین هه‌ستی پێ ده‌كرێت، به‌ڵام ناكرێت هه‌م حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و هه‌میش حكوومه‌تی عێراق له‌سه‌ر ئه‌و رووداوانه‌ بێ هه‌وڵوێست بن“.