له‌ سنوورى سه‌رگه‌ڕان عه‌ره‌بی هاورده زەویی جووتیارانی كورد دەچێنن دروێنەشی‌ ده‌كه‌ن

 

26/05/2019 - 15:51 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

له‌ سنوورى سه‌رگه‌ڕانی سه‌ر به‌ قەزای دووبز، عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان جارێك هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر گونده‌كان و جارێكیش به‌روبوومى جووتیارانی كورد دروێنه‌ ده‌كه‌ن.

به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس)، له‌م چه‌ند رۆژه‌ى رابردوودا، ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان چوونه‌تە نێو گوندى (په‌ڵكانه‌)ی سه‌ر به‌ ناحیه‌ى سه‌رگه‌ڕانی له‌ سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك و ژماره‌یه‌ك ماڵی كوردیان داگیر كردووە. له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017ه‌وه‌، عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان به‌ پاڵپشتیی ئیداره‌ى سه‌پێندراوى كه‌ركووك، ئه‌وه‌ چواره‌م جاره‌ هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر ئه‌و گونده‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ى گونده‌كه‌ شوێنێكى ستراتیژیی هه‌یه‌ و ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر رێگایه‌كی سه‌ره‌كى، هه‌روه‌ها خاوه‌نى زه‌وییه‌كى زۆری كشتوكاڵییه‌، پێشتریش عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان به‌ زه‌بری چه‌ك ژماره‌یه‌كیان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و گونده‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان 250 هاووڵاتیی عه‌ره‌بى هاورده كه‌ زۆرینه‌یان له‌ هۆزى شەمه‌رن، به‌ پاڵپشتیی ئۆتۆمبێله‌ سه‌ربازییه‌كانى ده‌زگا ئه‌منییه‌كان، چوونه‌ نێو گوندى په‌ڵكانه‌وه‌ و ویستیان به‌زۆر خانووى كورده‌كان چۆڵ بكرێن و خۆیان تێیدا نیشته‌جێ بن.

هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان، كوردە خاوه‌نه‌ ره‌سه‌نه‌كانى گونده‌كه‌، له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ هاتوونه‌ ده‌نگ و له‌ ئه‌نجامدا ده‌مه‌قاڵه‌ و گرژی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان رووی داوه‌، تا ئاستى ئه‌وه‌ى ببێته‌ شه‌ڕى ده‌سته‌ویه‌خه‌، به‌ڵام هێزێكى سه‌ر به‌ حكوومه‌تى عێراق، رێگه‌ى نه‌داوه‌ شه‌ڕ له‌نێوان دانیشتوانى ره‌سه‌نى گونده‌كه‌ و عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان دروست بێت.

هاووڵاتییه‌كى دانیشتووى گوندى په‌ڵكانه‌، كه‌ نه‌یویست ناوى ئاشكرا بكه‌ین، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان به‌شێكیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سنوورى ناحیه‌ى سه‌رگه‌ڕان و له‌م چه‌ند رۆژه‌ى رابردووشدا جارێكى تر ویستیان گوندى په‌ڵکانه‌ داگیر بكه‌ن، ئه‌وه‌ش به ‌پاڵپشتیی هێزێكى ئه‌منى، كه‌ زیاتر له‌ 60 ئۆتۆمبێلى سه‌ربازى و به‌ چه‌كى جۆراوجۆره‌وه‌ هاتنه‌ ناو گونده‌كه‌وه‌ و به‌زۆر عه‌ره‌به‌كان چوون له‌نێو چه‌ند ماڵێكى كورد نیشته‌جێ بوون، كه‌ هه‌ندێك له‌و خانووانه‌ چۆڵ بوون و له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ئه‌و خێزانانه‌ ئاواره‌ى سنوورى هه‌ولێر بوونه‌".

ئه‌و گوندنشینه‌، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، دواى ته‌داخولكردنی هه‌ندێك به‌رپرس، ئێستا دۆخه‌كه‌ هه‌ندێك هێور بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام كه‌س نازانێ له‌ چ كاتێكدا ده‌قه‌ومێت و كوردیش له‌ ئاست ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ى عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان بێده‌نگ نابێ و ئه‌وه‌ى بێته‌ سه‌ر ماڵی، ئه‌وا ده‌ستی لێده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه‌ ئاڵۆزییه‌كان له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا زیاتر بكات.

به‌پێی نووسراوێكى ده‌ستنووس، كه‌ واژۆ و مۆری عه‌لی حه‌واس، سه‌رۆكى هۆزى شەمه‌رى له‌ كه‌ركووك له‌سه‌ره‌ و تێیدا ئاراسته‌ى پارێزگارى سه‌پێندراوى كه‌ركووكى كردووه‌ و وێنه‌یه‌ك له‌ نووسراوه‌كه‌ ده‌ست (باس) كه‌وتووه‌، تێیدا هاتووه‌، ئێمه‌ وه‌ك قه‌بیله‌كانى شەمه‌ر له‌ پارێزگاى كه‌ركووك، له‌ ساڵی 2003 له‌ ناوچه‌كانى خۆمان ده‌ركراین و ئێستاش ده‌مانه‌وێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌ر 16 گوندى سنوورى ناحیه‌ى سه‌رگه‌ڕان، ئه‌مه‌ش دواى سه‌پاندنى یاسا و داوا ده‌كه‌ین كه‌ به‌ هاوئاهه‌نگیى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و گوندانه‌، به‌تایبه‌ت بۆ گونده‌كانى په‌ڵكانه‌ و سه‌ربه‌شاخ و شناغه‌ و تل هیلاله‌ و چه‌ند گوندێكى تر، چونكه‌ ئه‌وه‌ى ئێستا له‌و گوندانه‌ نیشته‌جێن خه‌ڵكى ده‌ره‌وه‌ى عێراقن.

ته‌عریبكردن و داگیركردنى زه‌ویى كشتوكاڵی كورد ته‌واوى ناوچه‌ جیاجیاكانى پارێزگاى كه‌ركووكى گرتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌ په‌ڵكانه‌ رووى داوه‌، زیندووترین نموونه‌یه‌.

له‌م باره‌یه‌وه‌، حاكم شێخ له‌تیف، په‌رله‌مانتارى پیشووى گۆڕان، له‌ ئاكاونتى خۆی له‌ (فه‌یسبووك)، نووسێنێكى له‌ژێر ناونیشانی سه‌رۆك كۆمار بۆ كورد سوودی چییه‌؟ تێیدا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه:‌ ”به‌ نوێژی نیوه‌ڕۆ عه‌ره‌بی هاورده‌ كه‌ هه‌موویان قه‌ره‌بوویان وه‌رگرتووه‌ و نێردرانه‌وه‌ شوێنى ئه‌سڵیی خۆیان، به‌ هاوكاریى سوپای عێراق هێرشیان كرده‌ سه‌ر كوردانى ره‌سه‌نى گوندى په‌ڵكانه‌، نه‌ماندى سه‌رۆك كۆماری پارێزه‌ری ده‌ستوور، نه‌ك بێته‌ گونده‌كه‌ و پێش به‌و ته‌عریبه‌ بگرێت، به‌ڵكوو نه‌ماندى ته‌نانه‌ت هه‌ڵوێستی راگه‌یاندنیشی هه‌بێت، له‌كاتێكدا بۆ كاره‌ساتى پاپۆڕه‌كه‌ى مووسڵ خۆی گه‌یانده‌ ئه‌وێ، كه‌ هیچ پێویستى نه‌ده‌كرد و ئیشی ئه‌ویش نه‌بوو، ئیشی سه‌رۆك وه‌زیران بوو و سه‌رۆك وه‌زیران پێش ئه‌و چووبوو و هه‌موو كاره‌ پێویستییه‌كانیشی كردبوو، چونكه‌ ئه‌وه‌ كاره‌سات بوو و پێویستى به‌ كارى ته‌نفیزى بوو، پێشێلكاریى ده‌ستوور نه‌بوو“.

هاوكات حاكم شێخ له‌تیف، ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ ڕوو: ”سه‌رۆك كۆماره‌كانى دیكه‌ش شتێكى ئه‌وتۆیان نه‌كردووه‌، بۆ نموونه‌ له‌ سه‌رده‌مى سه‌رۆك كۆمارى پێشوودا، كوردانى خورماتوو ئیباده‌ كران، سه‌رۆك هه‌ر فزه‌شی لێوه‌ نه‌هات، له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ رۆژانه‌ سووكایه‌تى به‌ كوردان ده‌كرێت و ده‌رده‌كرێن و له‌ ناوچه‌كه‌ جێناكۆكه‌كان ڕاوه‌دوو ده‌نرێن، بەڵام هه‌ر هیچ“.

هه‌روه‌ها به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس) كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌وه‌ وه‌ری گرتوون، هه‌ر له‌ سنوورى ناحیه‌ى سه‌رگه‌ڕانی سه‌ر به‌ دووبز و به‌ دیاریكراوى له‌سه‌ر زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانى گوندى مامه‌، كه‌ خاوه‌نى زه‌وییه‌كى یه‌كجار زۆری كشتوكاڵییه‌ و بریتییه‌ له‌ زیاتر له‌ 10 هه‌زار دۆنم زه‌وی، عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان ده‌ستیان به‌ دروێنه‌ى گه‌نم و جۆی جووتیارانى كورد كردووه‌.

ئێستا جووتیارانی ناوچه‌كه‌، به‌رده‌وام پاسەوانیی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانیان ده‌كه‌ن، نه‌وه‌ك له‌پڕێكدا عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان ده‌ڕاسه‌ بهێنن و هاوشێوه‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ سنوورى گوندى مامه‌ ڕووی دا، له‌ گونده‌كانى دیكه‌ش دووبارە بێتەوە.

پێوه‌ند به‌م باسه‌، مه‌هدی كاكه‌یی، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی شه‌رعیی كشتوكاڵی كه‌ركووك، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ هه‌وڵێكى چڕوپڕ هه‌یه‌ بۆ ته‌عریبكردنه‌وه‌ى كه‌ركووك و ئێستا پارێزگاكه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى سه‌ربازیدایه‌، ئیتر حه‌شد بێت یان پۆلیسی فیدڕاڵی، یانیش هه‌ر هێزێكى دیكه‌یان، بێ گومان پارێزگارى كه‌ركووكیش كه‌ سه‌پێندراوه‌، له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌ شۆڤینییه‌كان له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ دادگاكانى كه‌ركووك دیسان پاڵپشتى ته‌عریبدان و ئه‌و دۆخه‌یان بۆ خۆیان قۆستووه‌ته‌وه‌،‌ له‌ سنوورى ناحیه‌ى سه‌رگه‌ڕان و له‌ شوێن و ناوچه‌كانى دیكه‌ش عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر زه‌ویى كشتوكاڵی جووتیارانی كورد‌، ئه‌مانه‌ وایان كردووه‌ ئه‌و هه‌له‌ بۆ داگیركارى بقۆزنه‌وه‌ و له‌پێش چاوى هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ كرده‌وه‌كانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن".

گوتیشی ”ئه‌و دۆخه‌ ناله‌باره‌ی ئێستا كه‌ وه‌رزى دروێنه‌ى گه‌نم و جۆیه‌ به‌ زیانى خه‌ڵك به‌ گشتی و جووتیارانی كوردە به‌ تایبه‌تی“.