چیڕۆکی کچێکی ڕزگاربووی کوردی ئێزدی ژێر دەستی داعش

"ژنانی تیرۆریستانی داعش لە مێردەکانیان زیاتر ئەشکەنجەیان دەداین"

25/05/2019 - 17:16 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

کچێکی کوردی ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی تیرۆریستانی داعش، کە لە کاتی جینۆسایدی شنگالدا، لە گوندی کۆچۆ لەگەڵ خێزانەکەی و خەڵکی گوندەکەی کەوتنە دەست تیرۆریستانی داعش، چەند گۆشەیەکی چیرۆکی نەهامەتییەکانی خۆی بۆ هەفتەنامەی (باس) دەگێڕێتەوە.

ئەو ناوی (ت.س)ە و دەڵێت: “زۆر هەوڵمان دا تیرۆریستەکان ڕازی بکەین، کە هیچ شتێک بەسەر خەڵکی گوندەکەماندا نەیەنن، ئەگەرچی سەرەتا گوتیان هیچتان لێ ناکەین، بەڵام تیرۆریستانی داعش بە فێڵ و تەڵەکەبازییەکانیان، دوای ئەوەی هاتنە ناو گوندەکەمان، پێچەوانە ڕەفتاریان کرد و ئەو عەرەبانەیش کە ساڵەها بوو خەڵکی کۆچۆ ڕێزی لێ دەگرتن، درۆ و خیانەتیان لێ کردین و چوونە ڕیزی داعش و بوونە هۆی ئەو کۆمەڵکوژی و کارەساتەی بەسەر ئێمەدا هات”.   

(ت، س)، یەکێکە لەو کچە ئێزدییانەی، بەم دواییانە لە باغۆز لە دەستی تیرۆریستانی داعش ڕزگار کراوە، باس لە چرکەساتی دەستگیرکردنیان دەکات و گوتی: “دوای ئەوەی تیرۆریستان دەستبەسەریان کردین، لە ماوەی شەو و ڕۆژێکدا بردیانین بۆ تەلەعفەر و دەستیان بە سات و سەودای کڕین و فرۆشتنی کچانی ئێزدی کرد. ئێمە کە 50 کچی ئێزدی بووین، هەر لەوێ ئەمیرێکی تیرۆریستانی داعش بڕیاری دا، هەر چەکدارێک کچێک بۆ خۆی ببات”.

گوتیشی: “لە تەلەعفەر تیرۆریستێک بە ناوی -ئەبوو کەڕاڕ - منی لەناو پەنجا کچەکە هێنایە دەر و بۆ خۆی بردم. دوای ئەوەی بەزۆر ئایینەکەمی پێ گۆڕیم و بۆ ماوەی سێ مانگ وەک دڕندە کەوتە گیانم، دواتر فرۆشتمیە کوڕەمامێکی خۆی بە ناوی -ئەبوو عەلی - ماوەی ساڵێک و شەش مانگیش لای ئەو مامەوە، ئەو زۆر خراپتر لە کوڕە مامەکەی، جگە لە ئازار و ئەشکەنجەدانم، بە دڕندانەترین شێوە پەلاماری دەدام”.

ئەو کچە کوردە ئێزدییە ئاماژە بەوە دەکات کە دوای ئەو ماوەیە، ئەبوو عەلیی تیرۆریست لەگەڵ خۆی بردوویەتییە حەویجە و لەوێش لەگەڵ سێ کچی دیکەی ئێزدی، بۆ ماوەی حەوت مانگ لەناو بینایەیەکدا هێشتوونیانەتەوە و دەشڵێت: “لەوێ لەگەڵ سێ کچەکە هەوڵی ڕاکردنمان دا، بەڵام بەر لەوەی پلانی ڕاکردنەکەمان ئەنجام بدەین، ئەبوو عەلی لەگەڵ تیرۆریستێکی دیکەی وەک خۆی بەدڕەوشت، لەنێوان خۆیاندا ئاڵوگۆڕیان بە من و کچێکی دیکەی ئێزدی کرد و ئیدی من لەوان دابڕام”. 

(ت، س) یەکێکی ترە لەو هەزاران کچە کوردە ئێزدییە سیاچارانەی کە سەرەڕای ڕزگارکردنیشی لە دەستی تیرۆریستان، ئەستەمە بۆ هەتاهەتایە ئەو ساتە تاریک و ڕۆژە تاڵانەی لەبیر بچنەوە. ئەمەش لەو ئازارە قووڵەوە هەست پێ دەکرێت، کە لەگەڵ هەر گێڕانەوە و هەناسەیەکیدا، لەگەڵ هەر ئاماژەی سیما و تۆنێکی دەنگیدا دەردەکەوێت و گوتی: “ئەو تیرۆریستە منی هێنایە مووسڵ و لەناو خانووێکدا لەنزیک مزگەوتی نوور داینام، کە سێ کچی ئێزدیی لێ بوون و هەر چوارمان لەگەڵ چوار تیرۆریستدا بووین و ناوە ناوەش بۆ تێرکردنی حەزی پیس و قێزەونی خۆیان، لەناو خۆیاندا ئاڵوگۆڕیان پێ دەکردین”.

ئەو قوربانییەی دەستی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بەدرێژایی ماوەی ژێردەستەییەکەی، چەندین جار سات و سەودای پێوە کراوە و دەڵێت: “لە یەکەم ڕۆژی جینۆسایدکردنی شنگال لە ساڵی 2014 و لەو کاتەوەی دەستبەسەر کراین، تا ئەو ڕۆژەی لە ساڵی 2019 لە دەستی تیرۆریستان ڕزگار کراین، تیرۆریستان کڕین و فرۆشتنیان بە کچ و ژنە ئێزدییەکان دەکرد” و بە ئاهێکی قووڵ و هەناسەیەکی ساردەوە، درێژە بە گێڕانەوەی برینەکانی دەدات و دەشڵێن: “هەر یەکێک لەو تیرۆریستە بەدڕەوشتانە، بۆ ماوەی چەند ڕۆژ و هەفتە و مانگێک، کچێکیان بۆ خۆیان دەبرد و دواتر دەیانفرۆشتەوە بەدڕەوشت و دڕندەیەکی دیکە و لەبەرچاوی ژنەکانیشیان کاری بەدڕەوشتییان لەگەڵ کچەکاندا دەکرد”.

ئەو کچە دوو هێندەی بەدڕەوشتیی تیرۆریستەکان، لە دڵڕەقی و دڕندەیی ژنەکانی ئەو تیرۆریستانە پڕە و گوتی: “ژنگەلی تیرۆریستەکان زۆر لە هاوسەرە تیرۆریستەکانیان بەدڕەوشتتر بوون، ئەوان زیاتر ئازار و ئەشکەنجەیان دەداین. تەنانەت بەدەستی ئەنقەست وایان دەکرد هاوسەرەکانیان بە دڕندانەترین شێوە و قێزەونترین ڕەفتار، هەر لەبەرچاوی ئەواندا دەستدرێژیمان بکەنە سەر و کاری بەدڕەوشتیی خۆیان بکەن. تیرۆریست هەبوو دوو ژن و چەندین منداڵیشی هەبوو، کچی ئێزدیشی دەکڕی و لەگەڵ خۆی دەبردە ماڵەوە، ئیتر جگە لە دڕندەیی و چڵێسیی تیرۆریستەکە خۆی، کچەکە دەبووە کۆیلەی ژنەکانی و خزمەتکاری منداڵەکانیشی”.

دواجار ئەو کچە باس لەوە دەکات، هەر کاتێک شەڕی ڕزگارکردنی ناوچەیەکی ژێردەستی داعش هەبوایە و دڵنیا بووان لەوەی بەرگرییان پێ ناکرێت، پێش ئەوە تیرۆریستان کچە ئێزدییە ڕفێندراوەکانیان دەگواستنەوە شوێنێکی دیکە و دەڵێ: “هەر کە شەڕێکی قورس دەبوو و تیرۆریستان ترسی لەدەستدانی ناوچەکەیان هەبوا، پێشوەختە ئێمەیان دەگواستەوە شوێنێکی دیکەی ژێر دەسەڵاتی چەکدارەکانیان. لە ماوەی ئەم پێنج ساڵەی ژێردەستی داعش، لە کۆچۆوە تا بردمیانە باغۆز، دەیان جار شوێنگۆڕکێمان پێ کراوە. لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی باغۆزیش، تیرۆریستان ژمارەیەک کچی ئێزدییان لەگەڵ خێزانەکانیان ناردە کەمپی هۆلێ، ئێستاش چەندین کچی ڕفێندراوی ئێزدی لەناو ئەو خێزانانەدا ماون و پێویستە سۆراخیان بکرێت، چونکە تیرۆریستان هەموو ڕێگایەکی هەڵاتنیان لە ئێمە گرتبوو و نەماندەتوانی بۆ هیچ لایەک بچین. لەڕاستیدا تیرۆریستان بە خەونی دووبارە گەڕانەوەی باغۆز، ئەو کچانەیان لەگەڵ خێزانەکانیان بەڕێ کردن”.