له‌ كه‌ركووك دادگای سه‌ربازى كارا كرایه‌وه‌

پۆلیسی كه‌ركووك شۆرت و سێ چاره‌كیى له‌ گه‌نجان قه‌دەغه‌ كردووە

16/05/2019 - 14:40 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

ده‌سه‌ڵاتى سه‌ربازى له‌ كه‌ركووك، رۆژ له‌دواى رۆژ ئازادییه‌كان قه‌تیس ده‌كات و به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى دست (باس) كه‌وتوون، ئێستا رێگه‌ به‌ هیچ خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌ك له‌ كه‌ركووك نادرێت، بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێك بێت. هه‌روه‌ها رێگرى له‌ چالاكیى سیاسیی رێكخراوه‌ كوردییه‌كانیش ده‌گیرێت، وه‌ك پێشكه‌شكردنى سیمنارى سیاسی، یانیش به‌ستنی كۆنفڕانس و کۆنگره‌ى رێكخراو و حزب، به‌ نموونه كۆمه‌ڵێگ گه‌نجی كوردى ده‌رچووى زانكۆ و په‌یمانگاكان، ویستوویانه‌ له‌به‌رده‌م بیناى پارێزگاى كه‌ركووك بۆ دامه‌زراندن خۆپیشاندان بکەن، به‌ڵام رێگرییان لێ كراوه‌.

هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان، جگه‌ له‌وه‌ى ئێستا له‌ كه‌ركووك خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی ده‌ربڕین قه‌ده‌خه‌ كراوه‌، هه‌روه‌ها پۆلیسی كه‌ركووك له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان و له‌ مانگى ره‌مه‌زاندا شۆرت و سێ چاره‌كى له‌ گه‌نجانى شاره‌كه‌ قه‌ده‌خه‌ كردووە و به‌و هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك گه‌نجیشی ده‌ستگیر كرد.

له‌م باره‌یه‌وه‌، د. ئه‌میر فه‌خره‌دین، مامۆستای زانكۆی كه‌ركووك، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "له‌ هه‌ر شوێنێك ده‌سه‌ڵاتى سه‌ربازى هه‌بێت، واتا سه‌ركوتكردن و سته‌مكاری ده‌بێت، به‌ڵام له‌و ململانێیه‌ی ئێستا له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت له‌ كه‌ركووك چڕ بووه‌ته‌وه‌ و به‌هۆی بێده‌نگییه‌وه‌ هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ سه‌ركوتكردنى بیروڕاى ئازاد و سه‌ركوتكردنى ئازادى، هه‌روه‌ها ته‌عریب و ئه‌و سته‌مانه‌ى كه‌وا رژێمه‌كانى پێشوو به‌رپایان ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا ئه‌و هه‌وڵه‌ چڕتر بووه‌ته‌وه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ى كه‌وا له‌ گۆڕه‌پانی سیاسیی كه‌ركووكدا، كورد هیچ بوونێكى نییه‌، كه‌ ئه‌وه‌شی نه‌بوو، لایه‌نى به‌رامبه‌ر هه‌وڵ ده‌دات بۆ سته‌م و جێگیركردنى شوێنپێی خۆی وه‌ك پێشبینییه‌ك، ئه‌گه‌ر بێت له‌ ئاینده‌دا هه‌ڵبژاردن بكرێت، واتا پێشوه‌خت هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن، كه‌ شوێنپێی خۆیان بكه‌نه‌وه‌ و خۆیان ئاماده‌ ده‌كه‌ن، ته‌نیا لایه‌نیش كوردە، كه‌ هیچ ئاماده‌كارییه‌كى بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ نییه‌".

له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى ئێستا به‌ نموونه‌، كۆمه‌ڵێك گه‌نج بۆ جێبه‌جێكردنى داخوازییه‌كیان ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت خۆپیشاندان یان ناڕه‌زاییه‌ك بکەن، رێگه‌یان پێ ده‌درێ له‌ كه‌ركووك؟ ئه‌و مامۆستایه‌ى زانكۆی كه‌ركووك ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كرد، ئێستا كه‌ركووك گۆڕه‌پانێكى زۆر كراوه‌یه‌ و ده‌سه‌ڵاتێكى سه‌ربازیى تێیدا حوكم ده‌كات، ده‌سه‌ڵاتى سه‌ربازییش هه‌ر لایه‌ك و به‌لاى خۆیدا ڕایده‌كێشێ و ئه‌وانیش له‌ بابه‌تى ئازادی و مافه‌كانى مرۆڤ و ئازادیى تاك ده‌ترسن، بۆیه‌ سته‌م دەکەن و پێیان خۆش نییه‌ هیچ جۆره‌ خۆپیشاندانێك بكرێت و ئازادیى تاك فه‌راهەم بێت. له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتى ئیداریى شاره‌كه‌ كار ته‌نیا بۆ یه‌ك نه‌ته‌وه‌ ده‌كا و بووه‌ته‌ ده‌سه‌ڵاتی خێڵ و عه‌شیره‌ت و كه‌ركووك بووه‌ته‌ یه‌كه‌یه‌كى ئیداریى خێڵی جبوور.

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تى ناوخۆی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كیدا، كه‌ وێنه‌یه‌كى ده‌ست (باس) كه‌وتووه‌ و تێیدا هاتووه‌، جارێكى تر دادگای سه‌ربازى له‌ كه‌ركووك كارا ده‌كرێته‌وه‌ و وه‌زاره‌تى به‌رگرى و سه‌رۆكى ئه‌ركانى سوپا، پێیان باش بوو كه‌ ئه‌و دادگایه‌ بكرێته‌وه‌ و دادگاكه‌ ده‌ستى به‌ كاره‌كانى كرد له‌ كه‌ركووك.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، كه‌ ئه‌و دادگایه‌ له‌سه‌رده‌مى حزبی به‌عس له‌ كه‌ركووك پشتی پێ ده‌به‌سترا، به‌ڵام ئێستا جارێكى تر ئه‌و دادگایه‌ كارا كرایه‌وه‌.

هاوكات. د. ئه‌میر فه‌خره‌دین، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كرد، ده‌سه‌ڵاتى سه‌ربازى ده‌سه‌ڵاتێكى سه‌ركوتكه‌ره‌، واتا ده‌سه‌ڵاتێك ده‌بێت به‌پێی یاسای مه‌ده‌نى ناڕوات به‌ڕێوه‌ و به‌پێی حوكمی سه‌ربازى مامه‌ڵه‌ ده‌كات، هه‌روه‌ها به‌پێی میزاجى ئه‌فسه‌ر ده‌ڕواته‌ ڕێوه‌، بۆیه‌ شتێك به‌ فكرى خۆیان پێشبینی بكرێت، كه‌ دادگایه‌كى سه‌ربازى هه‌بێت و له‌و دادگایه‌دا وه‌كوو چۆن پێشووتریش هه‌واڵده‌رى نهێنی (مخبر سری) هه‌بوو، ئه‌وانه‌ش كارا بكرێنه‌وه‌، ئه‌ویش بۆ لێدانی لایه‌نى به‌رامبه‌رى خۆیان، به‌ڵام پێویسته‌ كۆتایی به‌ ناكۆكیی نێوماڵی كورد له‌سه‌ر كه‌ركووك بهێنرێت، كه‌ وای كردووه‌ كوردى زۆر گه‌ڕاندووەته‌وه‌ دواوه‌.

به‌پێی ڕاگه‌یاندراوێكى بزووتنه‌وه‌ى مافی كورد له‌ كه‌ركووك، كه‌ وێنه‌یه‌كى بۆ (باس) نێردراوه‌ و تێیدا هاتووه‌، له‌و كاته‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتى سه‌ربازی به‌سه‌ر كه‌ركووكدا سه‌پێندراوه‌، بۆشایی گه‌وره‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتى مه‌ده‌نى و ئیداریى شاره‌كه‌دا دروست بووه‌ و هه‌موو رێسا و یاساكان وه‌لاوه‌ نراون، كۆمه‌ڵێ به‌رپرسی كه‌ركووك به‌ هاوكاریى حاكمى سه‌ربازیى كه‌ركووك، كار له‌سه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك ده‌كه‌ن، كه‌ كه‌ركووك بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ حوكمه‌كانى ساڵانى كۆتاییه‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردوو، ئه‌مه‌ش به ‌پشتیوانى و ده‌ستێوه‌ردانى وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و هه‌ندێك پارت و لایه‌ن، كه‌ هێشتا له‌ خه‌ونى نه‌ته‌وه‌په‌رستى به‌ئاگا نه‌هاتوون.

ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌ ئاشكرای ده‌كات، كه‌ركووك ئێستا به‌ ئارامییه‌كى پڕ مه‌ترسیداردا تێپه‌ڕ ده‌بێ، كه‌ خۆی له‌ به‌عه‌ره‌بكردنه‌وه‌ى گونده‌كان و زه‌وتكردنى زه‌ویى كشتوكاڵیی جووتیارانی كورد، له‌ژێر ناوی یاسا و به ‌سووده‌رگرتن له‌ بڕیاره‌كانی سه‌رده‌مى به‌عس و پشتیوانیى دادگای فیدڕاڵیی عێراق، ئه‌و دیارده‌ ترسناكانه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێ، هه‌روه‌ها دوورخستنه‌وه‌ى به‌رپرسانى كوردیش له‌و پۆسته‌كانیان، ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ كرده‌وه‌یه‌كى رۆژانه‌.

هاوكات ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌ى بزوو‌تنه‌وه‌ى مافی كورد، كه‌ ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌دواى رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017 له‌ كه‌ركووك دامه‌رزراوه‌، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ هه‌ر چالاكییه‌كى سیاسی یان مانگرتن و گردبوونه‌وه‌ له‌ كه‌ركووك رێگه‌ى پێنادرێت، ئه‌ویش له‌ژێر ناوى نه‌بوونى مۆڵه‌تدا یان به‌هه‌ر بیانوویه‌كى تر، به‌ته‌واوى ئازادییه‌كانى مرۆڤ له‌ شاره‌كه‌ زه‌وت كراون‌ و له‌ بچووكترین هه‌نگاودا كه‌وا هه‌وڵ بدرێ ناڕه‌زاییه‌ك له‌سه‌ر هه‌ر شتێك ئه‌نجام بده‌یت، لووله‌ى چه‌ك و ئۆتۆمبێله‌ سه‌ربازییه‌كان و ئامرازه‌كانی دیكه‌ى تۆقاندنت رووبه‌ڕوو ده‌كه‌نه‌وه‌ و ئه‌مانه‌ و دەیان دیارده‌ى دیكه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌، شه‌و و رۆژیان خستووه‌ته‌ سه‌ر یه‌ك، بۆ جێبه‌جێكردنى مه‌رامه‌كانیان.