گەنجانی مەخموور شەوانە هاتوچۆیان لێ قەدەغە دەکرێت

سوپای عێراقی دەیان مەفرەزەی بە بازاڕدا بڵاو کردووەتەوە

16/05/2019 - 14:24 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

دوای رووداوەکەی شەوی 28\4، کە بەهۆی دەمەقاڵێ لەنێوان گەنجێکی شارۆچکەی مەخموور و سەربازێکی سوپای عێراقی، گرژی لەنێوان گەنجانی ئەو شارۆچکەیە و سوپا رووی دا، 17 گەنجی مەخموور دەستگیر کران، ئێستا سوپای عێراقی، شەوانە گشت کافتریاکانی ناو بازاڕی مەخموور دادەخات و نایەڵێت گەنجان کۆ ببنەوە، مەفرەزەیەکی زۆریش لەنێو بازاڕەکەدا دادەنرێت.

گەنجێکی دانیشتووی مەخموور، بەهۆی باری ئەمنییەوە نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە، بە (باس)ی راگەیاند، لە مەخموور شەوانە چەند کافتریایەک هەبوون، تا درەنگانی شەو گەنجانی کۆ دەکردەوە، سەیری یاریی تۆپانێ، یان یاریی ئۆکەی و دۆمینەیان دەکرد، بەڵام دوای رووبەڕووبوونەوەی گەنجانی مەخموور و سوپای عێراقی، سوپای عێراقی گشت کافتریاکانی داخستووە، نابێت دوای کاتژمێر 10:00 کراوە بن، ”نەک هەر کافتریاکانیش ساردەمەنی و خواردنگەکانیش دادەخەن، نابێت گەنجیش لەناو بازاڕ بن، کافتریاش هەبووە، سوپای عێراقی دوای ئەو کێشەیە هێرشی کردوونەتە سەریان و کەلوپەلیانی لێ شکاندووە“.

ئەو گەنجە مەخموورییە، جەخت دەکاتەوە، ئێستا سەرباری داخستنی بازاڕ، مەفرەزەش لەلایەن سوپاوە دادەنرێت و ناسنامە لە گەنجان وەردەگیرێت، بۆیە زۆربەی لەسەری کۆڵانەکان کۆ دەبنەوە و لەناو گەڕەکەکان دەمێننەوە، دەشڵێت: ”ئەو شوێنانەی بازاڕ، کە کافتریاکانی لێیە، شەوانە پڕ لە سەرباز و پۆلیس دەبن، تەنانەت نایەڵن ئۆتۆمبێلیش هاتوچۆی تێدا بکات، ئەوەش زیانێکی زۆری بە خاوەن کافتریان و خواردنگەکانی گەیاندووە“.

ئەو گەنجە، ئەوەش دەخاتە ڕوو، کە گەنجانی مەخموور، رۆژانە خەریکی کارن، بۆیە تەنیا شەوانە دەرفەتی ئەوەیان هەیە دەرچن و پشوو بدەن، کەچی حکوومەتی عێراقی ترسیان لە کۆبوونەوەی گەنجان هەیە: ”وەک زەمانی بەعسە، ترسیان لە گەنجان هەیە، ئەگەر ئەو بارودۆخە بەردەوام بێت، گومانی تێدا نییە گەنجان بە روویان دەتەقنەوە“.

خەلیل پاڵانی، چالاکوان و رۆژنامەنووس، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە دوای 16ی ئۆکتۆبەر، مەخموور داگیر کراوە و حوکمی سەربازی لەو قەزایە پەیڕەو دەکرێت، هەرچەندە قایمقام و فەرمانگەکان دەوامیان ئاساییە، بەڵام ئەوەی لەسەر باری ئەمنیدا زاڵە، هێزی سەربازییە، هێزە سەربازییەکەش لەجیاتی ئەوەی لەدەرەوەی شار بن، هاتوونەتە ناوشار و کووچە و کۆڵانەکانیان گرتووە، بەڵام ”ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی، کە گەنجانی مەخموور چەندین ساڵە لەسایەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە ئازادی دەژیان، ئەوەیان پێ قبووڵ ناکرێت، کە سوپای عێراقی رێگرییان لێ بکات، بۆیە کێشە لەنێوان گەنجان و ئەو سوپایە دروست دەبێت، بۆیە هێزی پۆلیس پێویستە کۆنتڕۆڵی شار بکات، هێزی سەربازییش وەک پێشمەرگە بچنە دەرەوەی شارەکە، نەک لە ترسی داعش خۆیان لەناو شار بنێن“.

ئەو چالاکوانە ئەوەش روون دەکاتەوە، کە ئەو لیوایەی هێزی سوپای عێراقی، لە شاری ئەنبارەوە هاتوون، شارەزای ئەو ناوچەیە نین و لە ترسی داعش و رووبەڕووبوونەوە، زۆربەی کات لەناو شارن، بۆیە ”مەنعەتل جەول“ دەکەن و رێگری لە خەڵک دەکەن هاتوچۆ بکات، دەڵێت: ”ئەگەر بەو شێوەیە فشار بخرێتە سەر گەنج، دۆخەکە بەئارامی نامینێت، چونکە ئەوانە دەست ناپارێزن، بۆیە مەخموور پێویستی بە دەسەڵاتێکی خۆماڵیی کورد و وەک پێشمەرگە هەیە کە لە خەڵکەکە بگات“.

پاڵانی، بۆ (باس) جەخت لەوەش دەکات، کە خواستی هەموو خەڵکی مەخموورە، پێشمەرگە بگەڕێتەوە دەڤەرەکەیان و شوێنەکانیان بگرنەوە دەست، چونکە پێشمەرگە هەم رێزی خەڵکەکەی دەگرت و هەمیش خاکەکەی دەپاراست“.

کرمانج عەبدوڵا، بەرپرسی لقی مەخمووری پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات: “مەخموور بە شێوەیەکی گشتی سیمای شارستانیی پێوە نەماوە، بەڵکوو لە ئۆردوگای سەربازی دەچێت، ژیانی ئاسایی خەڵک تەواو تێکچووە، بەتایبەت ژیانی گەنجان، سەرباری ئەمەش بینایە و بارەگا حکوومییەکان و هەندێک ماڵی خەڵک تا ئێستا داگیر کراون، ئەمانەش کاریگەریی کردووەتە سەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییانی ئەو شارۆچکەیە، بەتایبەت نەبوونی ئازادیی رادەربڕین، رێگری لە گەنجان، لەوکاتەدا کە بێکاری رووی تێ کردوون، هەروەها ئەو حاڵەتە دەروونییەی دوای 16ی ئۆکتۆبەر و فشاری هێزە عێراقییەکانیش“.

ئەو بەرپرسەی پارتی، جەخت دەکاتەوە، هێزە عێراقییەکان تەنیا شەقامە سەرەکییەکانی ئەو شارۆچکەیان لەدەستدایە دەنا دەسەڵاتیان بەسەر هیچ شوێنێکی دیکەدا نییە، دەشڵێت: ”ئەو هەڵسوکەوتەی ئەو هێزەش دەیکات، بە هێزێکی نیشتمانی ناچێت، بەڵکوو لە هێزێکی داگیرکەر دەچێت، ئەگەرنا چۆن بەم شێوەیە هەڵسوکەوت لەگەڵ هاووڵاتی دەکەن، ئەمانەش لای ئێمە جێگەی قبووڵ نییە و هەموو لایەکیش لەسەر خەتین لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەری هەموو ئەو شوێنانە“.

لەبارەی ئەوەی، کە شەوانە مەفرەزە لەناو بازاڕی مەخموور دادەنرێت و ناسنامە لە گەنجان وەردەگیرێت، بەرپرسەکەی لقی مەخمووری پارتی، گوتی: ”ئەوە کارەساتە، چونکە بەر لە رووداوەکەی 16ی ئۆکتۆبەر، خەڵک شەوانە دەردەچوون، بەتایبەت لە مانگی رەمەزان گەنجان تا بەرەبەیان لەدەرەوە و لە بازاڕ دەبوون، ئێستا لەسایەی ئەو واقیعە عەسکەرتارییە ئەوە نەماوە، ئەو واقیعە داگیرکارییە بە هەموو شێوەیەک لای ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان قەبووڵ نییە“.