عوسمان ئۆجه‌لان: ماوه‌ى چوار ساڵه‌ په‌كه‌كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كى ساخته‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێ

"سه‌رۆك بارزانى بۆ پرۆسه‌ى ئاشتى له‌ باكوورى كوردستان رۆڵێكى باشی گێڕاوه‌ و ده‌گێڕێت"

16/05/2019 - 13:44 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

عوسمان ئۆجه‌لان، سیاسه‌تمه‌دارى دیاری باكوورى كوردستان و برای عەبدوڵا ئۆجەلان، له‌م دیمانه‌یه‌ی (باس)دا، باس له‌دوایین دیداری نێوان عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، رێبه‌رى ده‌ستگیركراوى پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) و پارێزه‌ره‌كانى ده‌كات، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك نهێنیی ناو په‌كه‌كه‌ ئاشكرا ده‌كات، ده‌شڵێت: "سه‌رۆك بارزانى، بۆ پرۆسه‌ى ئاشتى له‌ باكوورى كوردستان، رۆڵێكى باشی گێڕاوه‌ و ده‌گێڕێت و له‌ كوێ پێویست بوو هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی خۆی ده‌نوێنێ و رۆڵی ده‌بێت بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى پرۆسه‌ى ئاشتى له‌ باكوور".

له‌ دەستپێكدا له‌باره‌ى پرسیارى ئه‌وه‌ى كه‌ خوێندنه‌وه‌تان چییه‌ بۆ ناوه‌ڕۆكى په‌یامه‌كه‌ى رێبه‌رى زیندانیكراوى په‌كه‌كه عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، كه‌ دواى هه‌شت ساڵ له‌ رێگه‌نه‌دان به‌ چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ پارێزه‌ره‌كانى، دواجار چاوى به‌ پارێزه‌ركه‌كانى كه‌وت و په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه‌، عوسمان ئۆجه‌لان، گوتی: ”ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌ له‌كاتێكی تایبه‌تدا له‌نێوان ئۆجه‌لان (ئاپۆ) و پارێزه‌ره‌كانی ئه‌نجام درا، وه‌ك ده‌زانرێت توركیا بۆ ماوه‌ى هه‌شت ساڵ بوو چاوپێكه‌وتنی نێوان ئۆجه‌لان و پارێزه‌ره‌كانى ڕاگرتبوو، چه‌ندین جار پارێزران و كه‌سوكارمان له‌ توركیا داواى دیدارى ئۆجه‌لانیان ده‌كرد، به‌ڵام ڕێگه‌یان نه‌ده‌دا، ئه‌وه‌ش دیار بوو كه‌ ده‌وڵه‌تى توركیا ده‌یخواست ئۆجه‌لان بێ ده‌نگ بكات و گورزى دژوار به‌ر بزاوتى كورد له‌ باكوور بدات، هه‌شت ساڵی رابردوو توركیا له‌نێو شه‌ڕى هه‌مه‌لایه‌نه‌دا بوو له‌گه‌ڵ كورددا و كۆمارى توركیا ده‌ستپێشخه‌ر بووه‌ بۆ شه‌ڕه‌كان، توركیا له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو كه‌ ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان ببڕێت، ئه‌وا بزاوتى كورد تێك ده‌دات و شه‌ڕێكى یه‌كلایه‌نانه‌ی به‌رپا كرد و كوردیش له‌ به‌رخۆداندا بوو. خه‌ڵك له‌ باكوور گرێدراوى دۆزى ڕه‌واى خۆیه‌تى و كوردان بێ ناوبه‌ر و به‌ فیداكارى به‌رده‌وام بوون له‌ كارى خۆیان و به‌ سه‌ربازى و دیبلۆماسی و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك خۆڕاگرییه‌ك له‌لایه‌ن كوردانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر فشاره‌كانى توركیا به‌رده‌وام بوو، بۆیه‌ له‌ ئه‌نجامدا توركیا بینی سه‌ركه‌وتوو نابێت و شه‌ڕیش هیچ كات چاره‌سه‌ری ناهێنێ و هه‌رچی فشار هه‌یه‌ بیكات، كورد خۆڕاگر ده‌بن“.

ڕاشی گه‌یاند: ”بۆ هه‌موو لایه‌ك سه‌لمێندراوه‌. ئیدى كورد كوردى پێشووتر نییه‌، ئه‌و كورده‌ نییه‌ كه‌ به‌زۆردارى سه‌رى خۆی بچه‌مێنێ، نا، به‌ڵكوو كورد سه‌رى خۆیان بۆ نه‌یارانیان ناچه‌مێنن و كورد به‌ فكرى نوێوه‌ به‌رده‌وامی به‌ خۆڕاگرى ده‌دات، توركیا ئێستا ده‌یه‌وێت ده‌ستبه‌ردارى سیاسه‌تى كۆنی خۆی ببێت و به‌ رێگاى دیالۆگ پرسه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت، له‌و باوه‌ڕه‌دام كوردیش له‌ملاوه‌ رێك نابێت، به‌تایبه‌ت له‌دوایین هه‌ڵبژاردنى توركیادا ده‌ركه‌وت، كه‌ به‌ رێگاى سیاسی تێكۆشانى خۆی گه‌وره‌تر بكات، رێگاى تێكچوونى ده‌سه‌ڵاتداری به‌رده‌وام بێت و كورد له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه‌ ئه‌م جاره‌یان زیاتر به‌شداریى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى توركیا و باكوورى كوردستاندا بكه‌ن و بۆ ئاكپارتی ده‌ری بخات كه‌ بە شه‌ڕ له‌ دژی كورد، نه‌ توركیا گه‌وره‌ ده‌بێت و نه‌ به‌هێزیش ده‌بێ، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ تێك ده‌چێت“.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كه‌ یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانى په‌كه‌كه‌ له‌ گوتارێكیدا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، ئه‌گه‌ر گۆشه‌گیریی سه‌ر ئۆجه‌لان هه‌ڵبگیرێت، ئاكپارتی هه‌ڵبژاردنى ئه‌سته‌نبۆل ده‌باته‌وه‌، كه‌ بڕیاره‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ له‌و شاره‌ گه‌وره‌یه‌ى توركیادا دووباره‌ ببێته‌وه‌، عوسمان ئۆجه‌لان، ڕای گه‌یاند: ”ئه‌وه‌ هه‌نگاوانە ته‌كتیكین، ئه‌وه‌ هه‌شت ساڵه‌ بێ ناوبه‌ر شه‌ڕ دژی كوردان به‌رده‌وامه‌، پێویسته‌ توركیا به‌ پڕۆژه‌یه‌كى گه‌وره‌وه‌ بێته‌وه‌ مه‌یدان و سیسته‌مى توركیا به‌زۆدارى به‌ڕێوه‌ ناچێ، كوردیش پڕۆژه‌ى تازه‌ پێشكه‌ش بكات بۆ چاره‌سه‌رى پرسه‌كان و بكه‌وێته‌ ناو دیالۆگێكى جدییه‌وه‌، ئه‌وكاته‌ گۆشه‌گیریی سه‌ر ئۆجه‌لانیش هه‌ڵده‌گیرێ و دیسان كه‌موكورتییه‌كان كه‌ توركیا ئه‌نجامیان داوه‌ كۆتاییان دێت، ئه‌گه‌ر شه‌ڕ به‌رده‌وام بێت و گۆشه‌گیریی سه‌ر ئۆجه‌لانیش به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا ئه‌نجامى نابێت، ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ به‌ناو سه‌ركرده‌ى په‌كه‌كه‌وه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ى كردووه‌، كه‌ گۆشه‌گیریی سه‌ر ئۆجه‌لان لاببرێت ئاكپارتی ئه‌سته‌نبۆل له‌ هه‌ڵبژاردندا ده‌باته‌وه‌، ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌، به‌ ئازادیى به‌ڕێز ده‌میرتاش، یان هه‌ڵگرتنی گۆشه‌گیریی له‌سه‌ر ئۆجه‌لان، به‌و شێوه‌یه‌ چاره‌سه‌رى دێته‌وه‌ مه‌یدان، ره‌وشه‌كه‌ نه‌رم و خۆش ده‌بێت بۆ هه‌نگاونان بۆ چاره‌سه‌ریى ئاریشه‌كان و ده‌كرێت خه‌باتی سیاسی پێش بخرێت و قۆناخی چاره‌سه‌ری هه‌نگاوێكى گه‌وره‌ ده‌چێته‌ پێشه‌وه‌“.

هاوكات له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تیى په‌كه‌كه‌ له‌ قه‌ندیل، ئێستا چۆن شرۆڤه‌ى دۆخى باكوور و په‌یامه‌كه‌ى ئۆجه‌لان ده‌كه‌ن، عوسمان ئۆجه‌لان، كه‌ ساڵانێكى زۆر خۆشی له‌نێو ریزه‌كانى په‌كه‌كه‌دا بووه‌ و پاش ده‌ستگیركردنی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانى برای، له‌و حزبه‌ دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌، ڕای گه‌یاند: ”دوو ساڵ پێش ئێستا له‌ رێگاى جه‌میل بایك، ڕای خۆیان بڵاو كرده‌وه‌، ئه‌و كاته‌ بایك ئه‌وه‌ى گوتبوو كه‌ ئیدى ئۆجه‌لان ناتوانێت بۆ پرسه‌كان بڕیار بدات، ئیتر ئێمه‌ خۆمان بڕیار ده‌ده‌ین، وای نیشان دا، كه‌ ئیدى ئۆجه‌لان سه‌رۆكى په‌كه‌كه‌ نییه‌، به‌ڵكوو جه‌میل بایك سه‌رۆكه‌، ئه‌وكاته‌ پرسی كوردیان به‌وه‌ سه‌رقاڵ كردبوو و خه‌ڵكیان كردبووه‌ ناو نیقاشێكى بێ واتا، دواى ده‌ستگیركردنى ئۆجه‌لان، سه‌ركردایه‌تیى په‌كه‌كه‌ بڕیاریان دا كه‌ له‌سه‌ر قسه‌كانى ئۆجه‌لان ده‌ڕۆن، به‌ڵام زۆر درێژه‌ى نه‌خایاند، جه‌میل بایك و هاوه‌ڵه‌كانى ڕه‌تى سه‌رۆكایه‌تیى ئۆجه‌لانیان كرد و ویستیان خۆیان بخه‌نه‌ شوێنى ئۆجه‌لان، خه‌ڵكیش ئێستا تێگه‌یشتوون و به‌ چه‌ندین ئاگرى شه‌ڕدا ده‌رباز بوونە،‌ سه‌ركردایه‌تیى ساخته‌ قبووڵ ناكه‌ن و پشتگیریی سه‌ركردایه‌تیى قه‌ندیلی نه‌كرد له‌ هه‌ندێك هه‌ڵسوكه‌وت، به‌تایبه‌ت له‌ بابه‌تى سه‌رۆكایه‌تیكردن و ئه‌وان لاواز بوون، بۆیه‌ جارێكى تر ئۆجه‌لانیان خسته‌وه‌ رۆژه‌ڤ. پێویسته‌ سه‌ركردایه‌تیى قه‌ندیل هه‌ڵه‌كانی خۆیان به‌ته‌واوى ببینن، ئۆجه‌لان دامه‌زرێنه‌رى په‌كه‌كه‌یه‌، تا ئه‌و له‌ ژیاندا بێت سه‌رۆكى ئه‌و حزبه‌یه‌، نه‌ك ئه‌وان خۆیان بخه‌نه‌ شوێن ئۆجه‌لان، لەده‌ره‌وه‌ى ئه‌مانه‌ پێویسته‌ كار بكرێت له‌ باكوور، بۆ چاره‌سه‌رى دۆزى كورد، ئه‌وه‌یان زۆر گرنگه‌“.

هه‌روه‌ها له‌باره‌ى بڕیادران ئێستا له‌ناو په‌كه‌كه‌ زیاتر به‌ ده‌ست كێیه؟ چونکە هه‌ندێك هه‌ڵسوكه‌وتى په‌كه‌كه‌ زۆرجار ده‌بینرێ، هه‌ده‌په‌ش ئیحراج ده‌كات له‌ باكوور و توركیا، عوسمان ئۆجه‌لان، گوتی: ”ئه‌وانه‌ى كه‌ له‌ قه‌ندیلن، خواستییانە خۆیان بخه‌نه‌ شوێنى ئۆجه‌لان، ئه‌وه‌ش به‌ ده‌ستێوه‌ردانى هه‌واڵگریی توركیا و ئێران و هه‌ندێك هێزى تر بوو، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌زانین دواى گرتنی ئۆجه‌لان به‌ شه‌ش مانگ، گرووپێكى هه‌واڵگریی رژێمى سووریا هاتنه‌ قه‌ندیل و جه‌میل بایكیان ده‌ستنیشان كرد كه‌ ئیتر ئه‌و له‌ شوێنى ئۆجه‌لانه‌ و ئه‌وان جه‌میل بایكیان ده‌عوه‌تى سووریا كرد و ئه‌ویش ڕۆیی و دوو ساڵ له‌ سووریا مایه‌وه‌، له‌كاتێكدا ئێمه‌ له‌ناو كێشه‌ى گه‌وره‌دا بووین، ئه‌و به‌ بیانووی نه‌خۆشی بۆ خۆی چوو له‌وێ دوو ساڵ ئیسراحه‌تى كرد، بۆیه‌ به‌و بیانووه‌ دوو ساڵ بێ كار له‌ شام دانیشت و دواتر ناردیانه‌وه‌، كه‌ ببێت به‌ سه‌رۆك، به‌ڕاستیش ئه‌و بۆ ‌سه‌رۆكایه‌تیى په‌كه‌كه شیاو نییه‌، تێگه‌یشتنى سه‌رۆكایه‌تیى نییه‌ و ئه‌و كه‌وته‌ ناو هه‌ڵه‌وه‌ كه‌ خۆی وه‌ك سه‌رۆك راگه‌یاند و ماوه‌ى چوار ساڵه‌ په‌كه‌كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كى ساخته‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێ، ئه‌وه‌ش له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ به‌ زیانى دۆزى كورد له‌ باكورى كوردستان شكاوه‌ته‌وه‌ و سه‌ركردایه‌تیى په‌كه‌كه‌ ئه‌وانه‌ى كه‌ ده‌ناسرێن وه‌ك جه‌میل بایك و موراد قه‌رەیڵان و دۆران كاڵكان و مسته‌فا قه‌ره‌سوو ره‌خنه‌ له‌ كرده‌وه‌كانیان بگرن و كه‌موكورتییه‌كانیان ده‌ستنیشان بكه‌ن و جارێكى تر ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ به‌ رێگایه‌كى باشدا به‌ڕێوه‌ ببه‌ن“.

له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى، كه‌ ئاخۆ ده‌كرێ به‌ ده‌ستپێشخه‌ریى سه‌رۆك بارزانى، له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا پرۆسه‌ى ئاشتى له‌ توركیا ده‌ست پێ بكاته‌وه‌، عوسمان ئۆجه‌لان گوتی: ”سه‌رۆك بارزانى، بۆ پرۆسه‌ى ئاشتى له‌ باكوورى كوردستان، بۆ چاره‌سه‌ریى سیاسی ئاشتییانە له‌ هه‌موو به‌شه‌كانى دیكه‌ى كوردستان، رۆڵێكى باشی گێڕاوه‌ و ده‌گێڕێت له‌ كوێ پێویست بوو ئه‌و هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی خۆی ده‌نوێنێ، سه‌رۆك بارزانى رۆڵی ده‌بێت بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى پرۆسه‌ى ئاشتى له‌ باكوور و توركیا، باشوورى كوردستان هه‌موو كاتێك ناوه‌ندى شۆڕشی نه‌ته‌وه‌یی بووه‌، ئه‌مڕۆ ئه‌و ناوه‌نده‌ زۆر گه‌وره‌تر بووه‌، كه‌ ئه‌ویش به‌ ئه‌زموون و ریفۆرمی نوێوه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێ و له‌و باوه‌ڕه‌دام كه‌ باشوورى كوردستان بۆ ئاشتى له‌ باكوور و پارچه‌كانى دیكه‌ش هه‌نگاوى باش بنێت و ئه‌و كاته‌ى له ‌پێشماندایه‌، هه‌نگاوه‌كان بنرێن و ئه‌نجامى باشی ده‌بێت، ئه‌مساڵیش ببێته‌ ساڵی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى دۆزى كورد له‌ باكوورى كوردستان“.