هەوڵی باڵێکی گۆڕان بۆ سڕکردنی جڤاتی نیشتمانی و خانەی ڕاپەڕاندن شکست دەهێنێت

کۆنفرانس و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕان لەمساڵدا دەکرێت

15/05/2019 - 16:47 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

هەوڵی باڵێکی گۆڕان بۆ سڕکردن و هەڵپەساردنی جڤاتی گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن شکست دەهێنێت و ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕانیش جەخت لەوە دەکاتەوە، بڕیاریان وایە لەمساڵدا کۆنفرانس و هەڵبژاردنی ناوخۆیی بکەن، هەر گۆڕانکارییەکی بشیانەوێ، دەتوانرێ لەو رێگەیەوە بکرێت.

لە چەند رۆژی رابردوودا، بەناوی زیاتر لە ١٠٠ هەڵسوڕاو و کادیرى گۆڕان، کارنامەیەک ئاراستەى سەرکردایەتیى گۆڕان کرا و تیایدا داوا کرابوو، جڤاتى نیشتمانى و خانەى راپەڕاندن و رێکخەرى گشتى کارەکانیان هەڵپەسێردرێت و هەڵبژاردنى ناوخۆیی بکرێت.

هەروەها لە کارنامەکەدا ئەو ئاراستەیە، کە خۆیان بە (پڕۆ گۆڕان) ناساند، چەندین خاڵ و تەوەریان دیاری کردووە کە پەیوەستن بە گۆڕانکارى لەناو گۆڕاندا، کە زیاتر پەیوەندیى بە دارایی و راگەیاندن و سیاسەتى ئەو حزبەوە هەیە.

بەپێی کارنامەکە، دەسەڵاتەکانی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان و خانەی ڕاپەڕاندن لە بزووتنەوەی گۆڕاندا نامێنن و تا هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان، ئەنجومەنێکی کاتی، هاوشانی جڤاتی گشتی و نیشتمانی، ئیدارەی بزووتنەوەکە دەکات.

هاوکات، هەر بەپێی کارنامەکە، ئەنجومەنە کاتییەکە دەسەڵاتی ئەنجامدانی کۆنفرانس و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی دەبێت و هیچ وجوودێک بۆ خانەی ڕاپەڕاندن نامێنێتەوە، کە ئێستا دەسەڵاتەکانی لە گۆڕاندا هاوشانی مەکتەبی سیاسیی حزبەکانی ترە.

بەڵام بەپێی زانیارییەکانی (باس)، ئەو هەوڵە سەرکەوتوو نەبووە، کە ئەو باڵەی گۆڕان کە لەلایەن(قادری حاجی عەلی)یەوە ئاراستە دەکرێت، لەپەنای ئەو رەوتەوە بەناوی پڕۆ گۆڕان داویەتی.

بەپێی زانیارییەکان، دوای بڕیاری گۆڕان بۆ بەشداریکردن لە حکوومەت و هاوڕابوونی لەگەڵ پارتی و یەکێتی بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەو باڵەی گۆڕان ویستوویەتی کەڵک لەو دۆخە وەربگرێت و هەژموونی خۆی بەسەر خانەی ڕاپەڕاندن و زۆرینەی جڤاتی گۆڕاندا بسەپێنێت، بەڵام دواتر لەلایەن ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن و زۆرینەی جڤاتی گۆڕانەوە، ڕێگری لەو هەوڵە کراوە و شکستی پێ هێنراوە.

لەمبارەیەوە، سەرچاوەیەکی ئاگەدار لە دۆخی گۆڕان بۆ (باس) ئاشکرای کرد، ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان لە هەوڵی یەکلاکردنەوەی کاندیدەکانیەتی بۆ کابینەیی نوێی حکوومەت و دوای پێکهێنانی حکوومەتیش کار بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسی نیشتمانی و دواتر هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی دەکات، تاوەکوو لەو رێگەیەوە بتوانێ بەتەواوی دۆخی ناوخۆیی چارەسەر بکات.

بەپێی زانیارییەکان، گۆڕان لەو کۆنفرانسەیدا دەیەوێ بەسەر پەیڕەوی ناوخۆیی خۆیدا بچێتەوە و هەڵسەنگاندن بۆ کاری چەند ساڵی رابردووی بکات، لەگەڵیشدا پڕۆژەی کاری سیاسیی خۆی بۆ چوار ساڵی ئایندەی بەشداربوونی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوو بکات، دواتریش بەنیازە هەر لە ساڵی نوێدا، هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی بکات، چونکە بەپێی پەیڕەوی گۆڕان، گۆڕینی رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن و سەركردایەتیی گۆڕان لە كۆنفرانسدا ناكرێت و ئەو گۆڕانكارییانە لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكاندا دەكرێت كە هەر شارێك نوێنەری خۆی بۆ جڤاتی نیشتمانی هەڵدەبژێرێت، رێكخەری ژوورەكان لەسەر پێشنیاری سكرتێری ژوورەكان و دوای پەسەندكردنیان لە لایەن جڤاتی نیشتمانی و رێكخەری گشتی دادەنرێن، هەروەها گۆڕانكاری لە رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندنی گۆڕان، بەپێی دەستووری ناوخۆی گۆڕان، دوو ساڵ جارێك دەبێت و تەنیا ئەندامانی جڤات دەتوانن ئەو پۆستانە بە دەنگدان یەکلا بکەنەوە، نەوەکوو هەر ڕێگەیەکی دیکە کە دەستووری گۆڕان ڕێگەی پێ نەداوە.

کوێستان محەمەد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ (باس) جەختی لەوە کردەوە، گۆڕان لە پرەنسیپی ئەنجامدانی کۆنفراس و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی پەشیمان نەبووەتەوە و لەدوای پێکهێنانی حکوومەت، کار بۆ ئەوە دەکات لیژنەکانی ئامادەکاری کۆنفرانس دەستبەکار بن، گوتیشی: “هەر گۆڕانکارییەک لە رێگەی کۆنفرانس و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانەوە بکرێت، دەتوانرێ بەپێی دەستووری گۆڕان بکرێت، کە لە رووی مەبدەئییەوە لەدوای پێکهێنانی حکوومەت، دەمانەوێ لەمساڵدا کۆنفراس و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان بکرێن”.

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان، ئاماژەی بەوەش دا، ئەنجامدانی کۆنفرانس و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان، ناوخۆی گۆڕان تۆکمەتر دەکات و رێکخستنە ناوخۆییەکانی رێک دەخاتەوە.

بەڵام، گوڵستان سەعید، پەرلەمانتاری ئێستای کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان و ئەندامی پێشتری جڤاتی گشتیی گۆڕان، بۆ (باس) گوتی: “کۆنفراس و هەڵبژاردنی ناوخۆیی دەبێت لە دۆخێکی ئارام و بێ کێشەدا بەڕێوە ببرێن، لەبەرئەوە باش نییە لە ئێستا گۆڕان کۆنفرانس و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی بکات”.