هه‌وڵه‌کانی یه‌كێتی بۆ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگای کەرکووک شكست ده‌هێنێت

كێشه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ناو فراكسیۆنی یه‌كێتی لە ‌ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك

15/05/2019 - 13:54 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

هه‌وڵه‌ یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانى یه‌كێتی بۆ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا شكست ده‌هێنێت. سه‌رۆكى لیستی برایه‌تى له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، له‌ كه‌ركووك پۆلسێك ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نى پارێزگاوه‌ هه‌یه‌ و ته‌نانه‌ت رێگرى ده‌كه‌ن ئه‌ندامان بچنه‌ سه‌ر كاره‌كانیان و ڕه‌وشه‌كه‌ به‌ دڵی كه‌س نییه‌، بۆیه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌ن رێژه‌ى یاسایی ته‌واو نابێت.


ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، وه‌ك به‌رزترین دامه‌زراوى فەرمیى پارێزگاى كه‌ركووك، له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017ه‌وه‌، كاتێك حه‌شدى شه‌عبی به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ گرووپێكى خیانه‌تكار كه‌ركووكیان داگیر كرد، كاره‌كانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا وه‌ك ده‌زگایه‌كى گرنگى چاودێر په‌كیان كه‌وت. هه‌رچه‌نده‌ مانگى ڕابردوو دواى زیاتر له‌ یه‌ك ساڵ و نیو له‌ داگیركردنى كه‌ركووك، به‌ هه‌وڵی یه‌كێتی و به‌ سه‌رۆكایه‌تى گه‌وره‌ترین كه‌سی به‌ته‌مه‌نى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌، توانییان 21 ئه‌ندام كه‌ پێكهاتبوون له‌ له‌ یه‌كێتى و یه‌كگرتوو و لایه‌نه‌ توركمانى و عه‌ره‌به‌كان، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام بده‌ن، به‌ڵام له‌و كاته‌وه‌ تاوه‌كوو ئێستا، كه‌ ده‌بوو رۆژانى سێشه‌ممانى هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك ئه‌نجومه‌نى پارێزگا كۆ ببێته‌وه‌، كەچی نه‌توانراوه‌ كۆ ببنه‌وه‌.


بۆ هه‌ر كۆبوونه‌وه‌یه‌كى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، بۆ ئه‌وه‌ى رێژه‌ى یاسایی ته‌واو بكات، پێویسته‌ له‌ كۆی 41 ئه‌ندام 21 ئه‌ندام ئاماده‌ بن، به‌ڵام ئێستا ئه‌و رێژه‌یه‌ ئاماده‌ نابن، یه‌كێتی مه‌به‌ستیەتى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاری كه‌ركووك ئه‌نجام بدرێت، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ هه‌ر نرخێك بێت بتوانێت پارێزگارێكى سه‌ر به‌ خۆیان دابنرێت.


سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ كه‌ركووك بۆ (باس) ڕای گه‌یاند، دواى ئه‌وه‌ى ئه‌ڵماس فازڵ، بڕیارده‌رى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، كه‌ له‌سه‌ر پشكى یه‌كێتی ئه‌و پۆسته‌ى وه‌رگرتبوو، له‌ دوایین هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق بوو به‌ په‌رله‌مانتار و ئێستاش له‌ شۆینه‌كه‌یدا كه‌سێكى تر به‌ ناوى عوسمان عه‌زیز دانراوه‌، به‌ڵام نه‌ك وه‌ك بڕیارده‌رى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا، به‌ڵكوو وه‌كوو ئه‌ندامێكى ئاسایی، یه‌كێتی به‌نهێنی له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ له‌گه‌ڵ كوتله‌ى عه‌ره‌بی قسه‌یان كردووه‌، كه‌ بیده‌ن به‌ عه‌ره‌ب، له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌وانیش ده‌نگ بۆ كه‌سێكى سه‌ر به‌ یه‌كێتی بده‌ن بۆ پارێزگاى كه‌ركووك، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ لایه‌نی توركمانیش ژێر به‌ژێر له‌ هه‌وڵه‌كانیان به‌رده‌وامن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، به‌ڵام تاوه‌كوو ئێستا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ هیچ ئه‌نجامێك و له‌ هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانیان بۆ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا شكست ده‌هێنن.


سه‌رچاوه‌كه‌ ئاشكراشی كرد، فراکسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك كێشه‌ى تێ كه‌وتووه‌، به‌شیۆه‌یه‌ك جه‌مال مه‌ولوود كه‌ به‌ته‌مه‌نترین كه‌سی ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووكه‌ و سه‌ر به‌ فراكسیۆنى یه‌كێتییه‌، به‌ قسه‌ى فراكسیۆنه‌كه‌ى ناكات و رۆژانى سێشه‌ممان ئاماده‌ نابێت، بۆ ئه‌وه‌ى رێژه‌ى یاسایی ته‌واو بێت و سه‌رۆكایه‌تیى دانیشتن بكات.


پێوه‌ند به‌م باسه‌، كاكه‌ڕه‌ش سدیق، له‌ پرێس كۆنفڕانسێكدا ڕای گه‌یاند، ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك هه‌ڕه‌شه‌یان لێ كراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ئاماده‌ى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌ن نه‌بن و هه‌روه‌ها جه‌مال مه‌ولوود سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نیش هه‌ڕه‌شه‌ى لێ كراوه‌، به‌ڵام ئه‌و به‌ بیانووى نه‌خۆشییه‌وه‌ ئاماده‌ نابێت.


به‌ڵام سه‌رچاوه‌كه‌ى پێشووى (باس) ئاشكرای كرد، جه‌مال مولوود هه‌موو رۆژانى ئاسایی له‌ ئه‌نجومه‌ن ئاماده‌ ده‌بێت، جگه‌ له‌ رۆژانى سێشه‌ممان كه‌ ئه‌و رۆژه‌ له‌ هه‌موو هه‌فته‌یه‌كدا دیارى كراوه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نی پارێزگا.


پێوه‌ند به‌م باسه‌، محه‌مه‌د كه‌مال، سه‌رۆكى لیستی برایه‌تى له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "بۆ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، ناتوانرێ رێژه‌ى یاسایی ته‌واو بكرێ، چونكه‌ ره‌وشى كه‌ركووك ناله‌باره‌ و به‌ دڵی كه‌س نییه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌وێشن دۆخى كه‌ركووكیان به‌ دڵ نییه‌، له‌ كه‌ركووك پۆلیسێكى فیدڕاڵی ده‌سه‌ڵاتی سه‌پاندووه‌ به‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نى پارێزگا".


گوتیشی: ”ته‌نانه‌ت له‌ هاتنی شاندێكى حكوومه‌تى عێراق بۆ كه‌ركووك، یه‌ك پۆلیس رێگه‌ى نه‌دا ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌ن بڕۆنه‌ سه‌ر كاره‌كانیان، ئێستا بیرواڕی جیاواز له‌نێوان فراكسیۆنه‌كان له‌ كه‌ركووك له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى كۆبوونه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌ڵسوكه‌وتى راكان جبوورى وای كردووه‌، ئه‌و خه‌ڵكه‌ ناڕازی بێت و حوكمى سه‌ربازی له‌ شاره‌كه‌ش هۆكارێكى دیكه‌یه‌، كه‌ دۆخى كه‌ركووك ئاسایی نه‌كرێته‌وه‌ و ئه‌نجومه‌نه‌كه‌شی كارا نه‌كرێته‌وه‌.


له‌و چوارچێوه‌دا، ئازاد جه‌بارى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك له‌ فراكسیۆنى یه‌كێتی، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند، حه‌قه‌ له‌و لایه‌نانه‌ بپرسن، كه‌ بۆ ناهێڵن ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا كۆ ببنه‌وه!


گوتیشی: ”بودجه‌ى كه‌ركووك وه‌ك شاره‌كانى دیكه‌ى عێراق بۆ كه‌ركووكیش هاتووه‌ و هه‌ر پارێزگایه‌كیش به‌گوێره‌ى رێژه‌ى دانیشتووانیان بودجه‌ى بۆ دیارى ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌و ناوچانه‌ى كه‌ پێشتر له‌ سنووره‌كانیان شه‌ڕى دژی تیرۆر هه‌بووه‌، پاره‌ى زیاترى بۆ دێت و سه‌باره‌ت به‌ بودجه‌ى پترۆدۆلاریش هاتووه‌ بۆ شاره‌كه‌“.


ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك خاوه‌نی 41 كورسییه‌ و لیستی برایه‌تیش له‌ كۆی ئه‌و ژماره‌یه‌دا خاوه‌نی 27 كورسییه‌ و زۆرینه‌ى ئه‌ندامانى لیستی برایه‌تى له‌ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانن و ئه‌وان و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌ن، كه‌ له‌ فراكسیۆنى یه‌كگرتووه‌، هه‌روه‌ها ئه‌ندامى توركمان و عه‌ره‌بیشیان تێدایه‌، كه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌رى ساڵی 2017ه‌وه‌ كاتێك كه‌ كه‌ركووك به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ گرووپێكى خیانه‌تكارى ناو یه‌كێتی داگیر كرا، ئاماده‌ نه‌بوونه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ كه‌ركووك و به‌شداریى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا بكه‌ن له‌ دۆخی عه‌سكه‌رتاریدا.