لە کابینەی نوێی حکوومەت سندووقی کوردستان بۆ داهاتەکانی نەوت و غاز دروست دەکرێت

پەرلەمانتارێکی پارتی: دروستکردنی ئەو سندووقە کۆتایی بە گومانەکان لەسەر ئەو کەرتە دەهێنێت

15/05/2019 - 13:41 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

وا بڕیارە لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سندووقی کوردستان بۆ داهاتەکانی نەوت و غاز دروست بکرێت. پەرلەمانتارێکی یەکگرتووش لە لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان، ئاماژە بەوە دەدات، لە خولی رابردوودا، پەرلەمان یاسایەکی بێ کەموکوڕیی بۆ پێکهێنانی ئەو سندووقە پەسەند کردووە، پێکهێنانی سندووقەکە لە لایەن کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمەوە هەنگاوێکی ئەرێنی و دەستکەوتێکی گەورە دەبێت بۆ خەڵکی کوردستان.


یاسای سندووقی كوردستان بۆ داهاتەکانی نەوت و غاز، کە پەرلەمانی کوردستان لە ١٠-٥-٢٠١٥ پەسەندی کردووە، بەپێی ناوەڕۆک و ماددەکانی، رێگە دەدات بە ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەڵبژاردنی دەستەیەک، کە لە 6 کەس پێکدێت و لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە متمانەیان پێ دەدرێت. دواتر دەستەکە ژمێرە گشتییەكانی ئەو داهاتەی، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەناردەی نەوت و بەرهەمە پاڵێوراوەکان و پاداشتەكانی گرێبەستەكانی كۆمپانیاكانی نەوتەوە بەدەستی دەهێنێت، دەستەبەر دەکات.


هاوکات ئەو سندووقە وردبینی لە داهاتی ئەو کەرتە بە شێوەیەکی شەفاف دەکات و لە هەمان کاتدا پارەکەی ئاراستە دەکات بۆ ئاوەدانی لەو پڕۆژانەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر داهاتی ئەو کەرتە ئەنجامیان دەدات.


بەپێی ئەو یاسایەی کە پەرلەمانی کوردستان پەسەندی کردووە، داهاتی نەوت رێگەی پێ دەدرێت بچێتە یەكێك لەم پێنچ سەرچاوەیەوە: بودجەی ساڵانەی هەرێمی كوردستان، خەرجییەكانی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان، ژێرخانی پیشەسازیی نەوت و غاز، پاراستنی ژینگە و سندووقی نەوەكانی داهاتوو.


بەشێوەیەک ئەم سندووقە وەكوو میكانیزمێكی ژمێریاری رۆڵ دەبینێت و یارمەتیدەر دەبێت لە بەرەوپێشبردنی تێگەیشتنێكی گشتیدا سەبارەت بەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕی چەند پارە لە هەناردەی سەربەخۆی نەوت و بەرهەمە پاڵێوراوەکانەوە بەدەست دەهێنێت، هەروەها متمانەیەكی زیاتر دەدات بەوەی كە داهاتەكانی نەوت و غاز بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان دەگوازرێنەوە و وردبینییان بۆ دەكرێت.


لەمبارەیەوە، بەختیار شوکری، ئەندامی پارتی لە لیژنەی وزە و سەرچاوە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ (باس) رای گەیاند، لەم کابینەیە نوێیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، کار بۆ پێکهێنانی سندووقی کوردستان بۆ داهاتی نەوت و غاز دەکرێت و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە پێکهێنانی دەکەن، گوتیشی: “پێکهێنانی ئەو سندووقە بە ئاراستەیەکی باشە بۆ شەفافبوونی داهاتەکانی ئەو کەرتە، لەلایەک دەرفەت بۆ گەندەڵی و لەلایەکی دیکەوە موزایەدەی خەڵکانێک ناهێڵێتەوە، کە گومان دەخەنە سەر خەرجییەکانی ئەو کەرتە”.
ئاماژەی بەوەش دا، پێکهێنانی ئەو سندووقە، هەرێمی كوردستان لە مەسەلەی شەفافیەت لە داهات و خەرجییەکانی، بەرەو هەنگاوێکی گەورە دەبات، چونکە زۆرینەی داهاتی کوردستان لە رێگەی ئەو کەرتەوەیە.


هاوکات، د. شێرکۆ جەودەت، پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی لە لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان، بۆ (باس) رای گەیاند، کاتێک ئەو یاسایە لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کراوە، ئەوان سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان بوون و ئاگاداری هەموو وردەکارییەکانی یاساکەن کە بە شێوەیەکە ئەگەر کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای ئەو یاسایە سندووقی کوردستان بۆ داهاتە نەوتی و غاز دروست بکات، ئەوە دەستکەوتێکی گەورە دەبێت بۆ خەڵکی کوردستان و هەنگاوێکی ئەرێنی و بەرەو شەفافبوونە لەو کەرتەدا، کە ئێستا گومانی زۆری لەسەرە، گوتیشی: “بەپێی یاساکە شەش کەسی پسپۆڕ لەو بوارە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بۆ پێکهێنانی ئەو دەستەیە کاندید دەکرێن و لە پەرلەمانی کوردستان متمانەیان پێ دەدرێت، یاساکەش دەسەڵاتی بۆ دیاری کردوون”.