زۆرینەی ئه‌میر و سه‌ركرده‌كانى داعش له‌ سنوورى كه‌ركووكدان

به‌رپرسێكى حزبی: دوو برای راكان جبووری كه‌ داعشی بوون له‌ سلێمانییه‌وه‌ ئازاد كراون

13/05/2019 - 16:25 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

به‌شی زۆرى ئه‌میر و سه‌ركرده‌كانى داعش له‌ سنوورى پارێزگاى كه‌ركووكدان. به‌رپرسێكى حزبیش ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، له‌م چه‌ند رۆژه‌ى رابردوودا، دوو برای راكان جبووری، كه‌ داعشی بوون، له‌ سلێمانییه‌وه‌ ئازاد كران و ژماره‌یه‌كى زۆری داعشی خه‌ڵكى حه‌ویجه‌ ئێستا له‌نێو سه‌نته‌رى كه‌ركووكدان.

له‌م باره‌یه‌وه‌، ناسر عه‌لی، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان (یه‌كێتی)، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، كه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ سنوورى ناوچه‌ كوردستانییه‌كان، به‌تایبه‌ت له‌ كه‌ركووك نه‌مان، داعش جموجۆڵی ده‌ست پێ كرده‌وه‌ و عه‌ره‌به‌ هاورده‌كانیش هاوكارى داعشن، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت دۆخه‌كه‌ تێك بده‌ن و له‌پەنا داعشه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ كورد ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر زه‌ویوزاره‌كانى كورد، پێشتر و له‌سه‌رده‌مى به‌عسدا خه‌ڵك ئاواره‌ بوو و له‌دواى ساڵی 2003ه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ زێدى خۆیان، ئێستا جارێكى تر ده‌یانه‌وێت كورد ناوچه‌كانیان چۆڵ بكەنەوە، ئه‌وه‌ش شێوه‌یه‌كه‌ له‌ ته‌عریبكردن له‌پەنا داعشه‌وه‌ ده‌یكه‌ن".

ڕاشی گه‌یاند، ئێستا ئه‌و عه‌ره‌به‌ هاوردانه‌ له‌گه‌ڵ داعشدان و داعش نه‌ك هه‌ر له‌ سنوورى كه‌ركووك به‌ڵكوو له‌ سنوورى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى دیاله‌ جموجۆڵیان هه‌یه‌، به‌ڵام زۆر به‌رچاو نیین، ئیتر عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان و داعش ده‌یانه‌وێت كورد له‌ ناوچه‌كانى خۆیان نه‌مێنن و بۆشاییه‌كى ئه‌منییش له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌، پێشتر پێشمه‌رگه‌ به‌تایبه‌ت له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش، بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌كانى پڕ كردبووه‌وە، به‌ڵام ئێستا پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ نه‌ماوه‌، بۆیه‌ دۆخه‌كه‌ تێك چووه‌ و داعش له‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌دایە.

پێوه‌ند به‌م باسه‌، ته‌ها ته‌یفوور، كارگێڕی لقی كه‌ركووكى پارتی، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ر، بۆشاییه‌كى گه‌وره‌ى ئه‌منى له‌ سنوورى كه‌ركووك و ناوچه‌كانى دیكه‌ش دروست بووه‌، ئه‌وه‌ش رێگه‌ى بۆ داعش خۆش كرد، كه‌ جموجۆڵه‌كانیان له‌و سنوورانه‌ زۆر بێت و داعش و سه‌ركرده‌كانیان له‌ سنوورى كه‌ركووك هه‌ن و زۆرینه‌یان خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ن، ئه‌وان دوو ئامانجان هه‌یه‌، ئامانجی یه‌كه‌میان تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ له‌ كورد و ئامانجى دووه‌میان درێژه‌پێدانه‌ به‌ په‌یامى خه‌لافه‌ته‌كه‌یان، كه‌ بیگه‌یه‌نن به‌ حكوومه‌ت و مه‌غزایه‌كى دیكه‌ى سیاسیی قووڵترى هه‌یه‌. ئه‌وه‌ى كه‌ خوێندنه‌وه‌ى بۆ ده‌كرێ، پارێزگارى سه‌پێنراوى كه‌ركووك زۆربه‌ى برا و كه‌سه‌ نزیكه‌كانى داعشی بوون و له‌م چه‌ند رۆژه‌ى رابردوودا، دوو برای له‌ سنوورى سلێمانییه‌وه‌ به‌ردران و ئازاد كران، ئه‌مانه‌ واى كردووه‌ ئه‌و بۆشاییه‌ى هه‌یه‌ له‌ سنوورى كه‌ركووك پڕ نه‌كرێته‌وه‌، پێشتر له‌ گوڵاڵه‌وه‌ تاوه‌كوو سنوورى هه‌ولێر پێشمه‌رگه‌ى لێ بوو، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه‌ نه‌ماوه‌، بۆیه‌ جموجۆڵی داعش رۆژ له‌دواى رۆژ زیاد ده‌كات و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌ڕوات، ئه‌مانه‌ هه‌مووى كاریگه‌رییه‌كانی مانه‌وه‌ى داعشن و ڕه‌نگه‌ كوشتن و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌كانیان له‌ رۆژانى داهاتوو زیاتر ببێ".

گوتیشی: ”له‌ ده‌وروبه‌رى كه‌ركووك پێشتر دوو كه‌مپى گه‌وره‌ی ئاواره‌كانی حه‌ویجه‌ هه‌بوو، به‌ڵام له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر ئه‌و دوو كه‌مپه‌ نه‌مان و سه‌رجه‌م خه‌ڵكه‌كه‌ هاتنه‌ ناو شارى كه‌ركووكه‌وه‌، حه‌تمه‌ن له‌ناو ئه‌واندا كه‌سانى داواكراو هه‌بوون و زۆر خه‌ڵكى داعشی تێدابوو، بۆیه‌ ئه‌وانیش ئێستا وه‌ك شانه‌ى نووستووى داعش له‌ سه‌نته‌رى شارى كه‌ركووكدان و گومان له‌وه‌دا نییه‌، پێشتر هێزى ئاسایش زۆر به‌هێز بوون، به‌ڵام ئێستا به‌هۆی ئه‌وه‌ى ئاسایش له‌ شاره‌كه‌ نه‌ماوه‌ و پێشمه‌رگه‌ش له‌ ده‌وروبه‌رى شارە، بۆیه‌ داعش زیادى كردووه‌“.

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ كه‌ركووك، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند، زۆرینه‌ى سه‌ركرده‌ و ئه‌میره‌كانى داعش له‌ گونده‌كانى ناحیه‌كانى ریاز و ره‌شاد و قه‌زاى حه‌ویجه‌ی سه‌ر به‌ كه‌ركووك و زنجیره‌ چیای حه‌مرینن.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاشكراشی كرد، داعش ئێستا به‌ ئازادانه‌ له‌نێو ئه‌و گوندانه‌ی سنوورى حه‌ویجه‌ و به‌شێكى به‌رچاو له‌ گونده‌كانى سنوورى داقووق و دووبز دان.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كى فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ تایبه‌ته‌كانى سه‌ر به‌ ده‌زگاى دژه‌ تیرۆری عێراق، كه‌ وێنه‌یه‌كى ده‌ست (باس) كه‌وتووه‌ و تێیدا هاتووه‌، سێ تیرۆریستی سه‌ر به‌ داعش له‌ ناوچه‌ى تۆپزاواى سه‌ر به‌ كه‌ركووك ده‌ستگیر كران.

به‌یاننامه‌كه‌ ئه‌وه‌شى خستووته‌ ڕوو، كه‌ تیرۆریسته‌ ده‌ستگیركراوه‌كان چه‌ندین جار هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و هاووڵاتییانى بێتاوانیان كردووه‌ته‌ ئامانجی كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كانیان.

هاوكات به‌پێی راگه‌یاندراوێكى پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق، كه‌ وێنه‌یه‌كى ده‌ست (باس) كه‌وتووه‌ و تێیدا هاتووه‌، هێزه‌كانى پۆلیسی فیدڕاڵی، له‌ شاره‌دێی ریازى سه‌ر به‌ پارێزگاى كه‌ركووك، مۆڵگه‌یه‌كی داعشیان دۆزییه‌وه‌ و پاشان مۆڵگه‌كه‌ تێكدرا و سووتێنرا.

راگه‌یاندنراوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ ڕوو، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ى هێزه‌كانى پۆلیسی فیدڕاڵی، له‌ چوارچێوه‌ى ڕاماڵینی داعش له‌و سنووره‌ هاتووه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌بووبه‌كر به‌غدادی، (خەلیفە)ی رێكخراوى تیرۆریستیی داعش، دواى پێنج ساڵ، هه‌فته‌ى رابردوو په‌یامێكى ڤیدیۆی له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیى تێلیگرام بڵاو كرده‌وه‌، كه‌ له‌ژێر ناونیشانى له‌ میوانى ئه‌میری موسڵماناندا بوو و تێیدا به‌غدادى له‌گه‌ڵ سێ كه‌سی دیكه‌، كه‌ دموچاویان ته‌ڵخ كرابوو دانیشتبوو و قسه‌ى ده‌كرد و له‌پاڵیشیدا هه‌مان ئه‌و چه‌كه‌ دانرابوو كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ وێنه‌كانى ئوسامە بن لادن، سه‌رۆكى كوژراوى رێكخراوى تیرۆریستیى قاعیده‌دا هەبوو. به‌غدادى له‌ قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی بۆ شه‌ڕی باغۆز كرد له‌ سووریا، به‌وه‌ش ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ تۆماره‌ ڤیدیۆكه‌ نوێیه‌ و داعش به‌و دیمه‌نه‌ ڤیدیۆییه‌ى به‌غدادى بۆ هه‌موو دونیا رای گه‌یاند، كه‌وا ئه‌وان هێشتا ماون.

دواى بڵاوكردنه‌وه‌ى تۆماره‌ ڤیدیۆكه‌ى به‌غدادی، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مەریكا له‌ راگه‌یاندراوێكیاندا دووپاتیان كرده‌وه‌، كه‌ جه‌نگی دژی تیرۆریستانی داعش كۆتایی نه‌هاتووه‌.

چاودێرانی سیاسی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ى سووریا و هه‌روه‌ها چه‌ند گوندێك له‌ عێراق تیرۆریستانی داعش هەر ماون، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ شه‌ڕى داهاتووى ئه‌وان هاوشێوه‌ى رێكخراوى تیرۆریستیی قاعیدە بێت و له‌نێو شاره‌كان ته‌قینه‌وه‌ و كوشتن و بڕینی هاوشێوه‌ى ئەوان ئه‌نجام بده‌ن.