پەرلەمانتارێکی عێراق: پێشكەوتن و ئاوەدانیی هەرێمی كوردستان جێگەی شانازیی ئێمەیە

"دەبێ هێزی هاوبەش لە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی تری عێراق بۆ ناوچە كێشەلەسەرەكان دروست بكرێ"

12/05/2019 - 15:12 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

عەلی غانمی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق کە نووری مالیکی سەرۆکایەتیی دەکات، كە هاوكات ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانە، لە گفتوگۆیەكی تایبەتی (باس)دا، چەندین بابەتی گرنگ دەخاتە ڕوو. رای دەگەیەنێت، باشبوونی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا وای كردووە، ناردنی شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان ئاسانتر بێت و تێگەیشتنیش بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەوت و پێشمەرگەش هەبێت.

سەرەتا ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی هەولێر وبەغدا كرد و گوتی: "پەیوەندییەكانی بەغدا و هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە باشترین حاڵەتەكانی، پێشكەوتن لە پەیوەندییەكان بەردەوامە، ئەو پەیوەندییانە لەسەر ئاستی پەرلەمان و نوێنەرایەتیكردنی حكوومی و لەسەر ئاستی هاوكاری زۆر باشە، هەر بڕیارێك و رێكکەوتنێك دەكرێت، حیسابی بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان دەكرێت، هەموو هەوڵێك دەدرێت بۆ ئەوەی متمانە لەنێوان هەولێر و بەغدا دروست بكرێتەوە".

ئەوەشی خستە ڕوو: "دەبێ بۆ پرسی لامەركەزیەت و فیدراڵی تێگەیشتنمان هەبێت، هەبوونی هەرێمی كوردستان جێگەی شانازیی ئێمەیە، بە تایبەت لەو هەموو پێشكەوتن و ئاوەدانییەی بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش دەرخەری باشی فیدراڵیەت و لامەركەزیەتە و دەبێ كاری باشتری بۆ بكرێت".

غانمی پێی وایە، پرسە هەڵپەسێدراوەكانی ناوەند و هەرێم، دەكرێت لەداهاتوویەكی نزیكدا چارەسەر بكرێن، دەشڵێت: “بۆ پرسە هەڵپەسێدراوەكانی وەكوو نەوت و ئاسایش و بەرگری، دەكرێت بە هەماهەنگی و هاوكاریی یەكتر ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن، ئێستاش دۆخێكی باش هەیە و دەتواندرێت بە گفتوگۆ كێشەكان چارەسەر بكرێن".

ئەو پەرلەمانتارە جەخت دەكاتە، كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (ناوچە كێشە لەسەرەكان) كێشەی تەکنیکییە و نابێت ئاراستەی بگۆڕدرێت بۆ سیاسی، گوتیشی: "بەپێی دەستوور، چۆنیەتیی چارەسەركردنی كێشەی ناوچە كێشەلەسەرەكان دیاریكراوە، بەتایبەت ماددەی 140 ئەوەی چارەسەر كردووە، كەوا جوگرافیای ناوچە كێشەلەسەرەكان بەپێی جوگرافیای شارەكان بێت، چارەسەركردنی ئەو پرسەش بە شێوەی تەکنیکی دەبێت، باشترە بەم شێوە چارەسەر بكرێت، نەوەكوو بە سیاسی چارەسەر بكرێت".

سەبارەت بەو پرسیارەی، ئایا وەكوو پەرلەمانتاری شیعە رازین لەسەر سیاسەتەكانی راكان جبووری، پارێزگاری سەپێدراو بەسەر كەركووكدا، لە وەڵامدا گوتی: " دەسەڵات و مومارەسەكانی راكان جبووری دەبێت بە جۆرێك بێت، هەموو پێكهاتەكانی كەركووك، بە كورد و عەرەب و توركمان و مەسیحی وەكوو یەك سەیر بكات و كارێك نەكات جیاكاری دروست بكات".

بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكان گوتی: "پێشمەرگە بەشێكە لە سیستەمی بەرگری، بۆ ناوچە كێشەلەسەرەكان دەبێت هێزی هاوبەش لە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی تری عێراق پێكبهێندرێت، بۆ ئەوەی كێشەكان وهەڕەشە ئەمنییەكان دووبارە نەبنەوە".

پەرلەمانتارەكەی دەوڵەتی یاسا ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە، بەشە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغدا بەردەوام دەبێت: "یاسای بودجە جێبەجێ كراوە و بەشێك لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نێردراوە و مانگانەش بەردەوام دەبێت، باشبوونی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا وای كردووە، ئەو بابەتە و ناردنی شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان ئاسانتر بێت و هیوادارین بەم جۆرە بەردەوام بێت".

لەبارەی تەواونەكردنی كابینەكەی عەبدولمەهدی، عەلی غانمی وای بۆ دەچێت، لە ماوەیەكی كەمی داهاتوودا ئەو كێشەیە چارەسەر بێت و كابینەی حكوومی تەواو بكرێت و پاڵێوراوی وەزارەتەكان پێشكەش بكرێن و دەنگیان لەسەر بدرێت.

پەیوەست بەو دەنگۆیانەی باس لە لادانی عادل عەبدولمەهدی دەكەن، گوتی: "تاوەكوو ئێستا كوتلە سیاسییەكان كۆكن لەسەر بەردەوامبوونی حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی و هاوكاریی دەكەن، ئەگەر ئەو حكوومەتە بەرنامەكانی بە باشی جێبەجێ بكات و داخوازییەكانی شەقام جێبەجێ بكات، ئەوا بەردەوام دەبێت، بەڵام خودا نەخواستە پاشەكشە بكات لە ئیدارەكردن، ئەوا بۆ لابرنی قسەی ترمان دەبێت".

ئەو باوەڕی وایە، گەندەڵی لە عێراق بە جۆرێكی ترسناك بەربڵاوە، گوتیشی: "چارەسەركردن و بنبڕكردنی گەندەڵی پێویستی بە قانوون و چارەسەری ئیداری و گۆڕینی سیستەمی بانكی هەیە، ئەگەر بە جدی و بە ئیرادەیەكی راستەقینە كار بكرێت، بە دووساڵ رەگی گەندەڵی لە عێراق دەردەهێندرێت".

لەبارەی دوایین دەركەوتنی ئەبووبەكر بەغدای، خەلیفەی داعش، ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق جەخت دەكاتەوە، دەركەوتنی بەغدادی بەم شێوازە نیشانەی بێ ئومێدیی ئەو رێكخراوە تیرۆرستییەیە، گوتیشی: "زمانی جەستەی بەغدادی و دانیشتنی بەم جۆرە و هەبوونی چەكێك لەدواوەی، نیشانەی پەككەوتنی بەغدادی و گرووپەكەیەتی، هیوادارم كەس بیر لە گەڕانەوەی داعش بۆ عێراق نەكاتەوە، چونكە ئەوە كۆتایی هاتووە، رەنگە ئەبووبەكر بەغدادی لە ناوچە بیابانییەكانی عێراق بێت، بۆیە دەبێ هەواڵگریی عێراق كار بۆ دۆزینەوەی بكات".

عەلی غانمی، باوەڕی وایە ئەو ناوچانەی داعش داگیری كردن، ئێستاش ژیان و گوزەران و ئاوەدانییان تێدا نییە، دەبێ خزمەتگوزاری بۆ ئەو ناوچانە ببردرێت و ئاوەدان بكرێنەوە، لەپێناو گەڕاندنەوەی ژیان و دڵنیایی بۆ هاووڵاتییان.

ئەو پەرلەمانتارە ترسی لەوە هەیە، ململانێی ئەمەریكا و ئێران زیان بە عێراق بگەیەنێت: "ململانێی ئەمەریكا و ئێران لەو ناوچەیە بەردەوامە، عێراق نابێتە گۆڕەپانی هیچ لایەك بۆ ئەوەی دژی لایەكەی تر بەكار بهێندرێت، ئەگەر جەنگی ئەمەریكا و ئێران هەڵبگیرسێت، ئەوا عێراق و ناوچەكە زیانی زۆریان پێ دەكەوێت".