دزینی نه‌وتى كه‌ركووك بۆ ئێران به‌رده‌وامه‌

به‌خشینی 8 وڵاتی كڕیارانی نه‌وتى ئێران لە سزاکانی ئەمریکا، کۆتایی هات

12/05/2019 - 14:24 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

وێڕای كۆتاییهاتنی ماوەی‌ به‌خشینی هه‌شت وڵاتی كڕیارانی نه‌وتى ئێران لە سزاكانی ئەمەریكا، كه‌چی دزینی نه‌وتى كه‌ركووك و بەقاچاخبردنی بۆ ئێران به‌رده‌وامه‌، بەرپسرانی شارەکەش ئەو زانیارییانە پشتڕاست دەکەنەوە.

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو، 2ى ئایارى 2019، كۆتایی هات به‌ بڕیاره‌كه‌ى سه‌رۆك تره‌مب بۆ كۆتاییهێنان به‌ كاتى به‌خشین بۆ ژماره‌یه‌ك وڵات له‌ كڕینی نه‌وتى ئێران، كه‌ به‌گوێره‌ى بڕیاره‌كه‌ى ئەمەریكا، وڵاته‌كانى توركیا و چین و ژاپۆن و هیندستان و كۆریای باشوور و عێراق و یۆنان و ئیتاڵیا، كه‌ به‌خشرابوون له‌ گه‌مارۆكانى سەر ئێران و ده‌یانتوانى نه‌وتى ئێران بكڕن، له‌مه‌ودوا ده‌بێت ئه‌وانیش پابه‌ندى سزاكانى سه‌ر ئێران ببن.

له‌و چوارچێوه‌دا، سه‌رۆكى ئەمەریكا هه‌ڕەشه‌ى له‌و وڵاتانه‌ كردووه‌ و ڕای گه‌یاندووه كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ پابه‌ندى بڕیاره‌كه‌ى ئەمەریكا نه‌بن، له‌ بابه‌تى كڕینى نه‌وت له‌ ئێران، ئه‌وا له‌گه‌ڵ سزاكانى ئەمەریكا به‌ره‌و ڕوو ده‌بنه‌وه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا ئاژانسی هه‌واڵی (روسیا الیوم) بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ محه‌مه‌د باركیندۆ، سكرتێری گشتیی رێكخراوى ئۆپیك له‌ سه‌ردانه‌كه‌ى رۆژی پێنجشه‌ممه‌ى رابردوودا بۆ ئێران ڕای گه‌یاندووه‌، كه‌ دوورخستنه‌وه‌ى ئێران له‌ بازاڕی نه‌وت مه‌حاڵه‌ و ئه‌و رووداوانه‌ى كه‌ له‌ ئێران و فه‌نزه‌ویلا و لیبیا ڕوو ده‌ده‌ن، كاریگه‌ریى له‌سه‌ر پیشه‌سازیى نه‌وت و كڕین و فرۆشتنیان له‌ دونیادا ده‌بێت.

هاوكات ئاژانسه‌ رووسییه‌كه‌ ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ ڕوو، كه‌ له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى سعوودیە و ئیمارات ئاماده‌كارییان پیشان داوه‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى نه‌وتى ئێران له‌ بازاڕی نه‌وتى جیهان. سكرتێری رێكخراوى ئۆپیك، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌، ناتوانین له‌باره‌یه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆیانه‌ بڕیار بده‌ین، سه‌رجه‌م ئه‌و بڕیاریانه‌ى كه‌ ده‌درێت، به‌ شێوه‌یه‌كى ده‌سته‌جه‌معی ده‌بێت له‌ ئۆپیك.

به‌ڵام وێڕای ئه‌وه‌ى سه‌رۆكی ئەمەریكا و هه‌روه‌ها مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى ئەمەریكا ئاشكرایان كردووه‌، كه‌ ئیتر واده‌ى به‌خشینی كڕیارانی نه‌وتى ئێران له‌ هه‌شت وڵات كۆتایی هات، كه‌چی تاوه‌كوو ئێستا دزینى نه‌وتى كه‌ركووك و بەقاچاخبردنی بۆ ئێران به‌ره‌وامه‌.

له‌م باره‌یه‌وه‌، شاخه‌وان عه‌بدوڵا، ئه‌ندامی پێشووى په‌رله‌مانى عێراق، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "باندێكى دزینى نه‌وتی كه‌ركووك له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ ده‌ستگیر كران، به‌ڵام بانده‌كه‌ به‌شێك نه‌بوون له‌و سه‌فقه‌ گه‌وره‌یه‌ى له‌نێوان به‌شێك له‌ هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبی و هه‌ندێك له‌ كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كان له‌ سنووره‌كه‌ و دزین و به‌قاچاخبردنى نه‌وتى كه‌ركووكدا هه‌یه‌ و له‌وه‌ش خه‌ڵكى كه‌ركووك لێی بێبه‌شه‌ و لێی بێ ئاگان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێویسته‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و دیارده‌یه رۆڵی خۆیان بگێڕن".

روونیشى كرده‌وه‌، پێشتر كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستان به‌شێك له‌ نه‌وتى كه‌ركووكى هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ ده‌كرد، رۆژانه‌ به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كان ده‌یانگوت داهاتى ئه‌و نه‌وته‌ دیار نییه‌، كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێم هه‌نارده‌ى ده‌كات، له‌كاتێكدا حكوومه‌تى هه‌رێم پاره‌ى ئه‌و ئه‌و نه‌وته‌ى ده‌كرده‌ مووچه‌ و مانگانه‌ش 10 ملیۆن دۆلاری وه‌ك بودجه‌ى پترۆدۆلاری شاره‌كه‌ ده‌نارد بۆ كه‌ركووك، ئێستاش نه‌ 10 ملیۆن دۆلاره‌كه‌ خه‌رج ده‌كرێت و نه‌ كه‌س سوودی لێ ده‌بینێ، له‌ولاشه‌وه‌ نه‌وته‌كه‌ ده‌دزرێت، بۆیه‌ پێویسته‌ په‌رله‌مانتارانى كورد له‌ به‌غدا كار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بكه‌ن.

ڕاشی گه‌یاند، تاوه‌كوو ئێستا نه‌وتى كه‌ركووك به‌ تانكه‌ر ده‌چێت بۆ ئێران و ئه‌و نه‌وته‌ به‌ قاچاخ ده‌برێت.

پێوه‌ند به‌م باسه‌، ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى، سه‌رۆكى لیژنه‌ى نه‌وت و وزه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، پشکی یەکێتی، له‌باره‌ى پێدانى زانیاری به‌وان له‌مه‌ڕ ناردنى نه‌وتى كه‌ركووك بۆ ده‌ره‌وه‌ و بۆ پاڵاوتگه‌ ناوخۆییه‌كان، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "هیچ زانیارییه‌كمان له‌سه‌ر نه‌وتى كه‌ركووك پێ ناده‌ن، ته‌نیا مانگانه‌ بڕی به‌رهه‌مهاتوو له‌ گاز و نه‌وت و له‌ پاڵاوتن ئه‌وه‌ش ته‌نیا به‌ نووسراوێك بڕه‌كه‌یمان پێ ده‌ڵێن، ئیتر ورده‌كاریى كاره‌كه‌مان پێ ناڵێن".

سه‌باره‌ت به‌ كونكردنى بۆڕییه‌كانى نه‌وتى كه‌ركووكیش، عه‌سكه‌رى گوتی: ”بۆ دزی بۆڕییه‌كانى نه‌وت كون ده‌كرێت و نه‌وته‌كه‌ى ده‌برێت و ئه‌وه‌شیان پێویسته‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌ستنیشانى بكه‌ن، كه‌ كێ بۆڕییه‌كانى نه‌وت كون ده‌كات و نه‌وته‌كه‌ى ده‌به‌ن“.

پێش خیانەتی 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017 حكوومه‌تى هەرێمی کوردستان نه‌وتى هه‌ردوو كێڵگه‌كانى هاڤانا و بای حه‌سه‌نی له‌ رێگاى نه‌وتبه‌رى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ى ده‌ره‌وه‌ ده‌كرد و له‌به‌رامبه‌ردا مانگانه‌ بڕی 10 ملیۆن دۆلاری وه‌ك بودجه‌ى پترۆ دۆلاری شاره‌كه‌ ده‌نارد بۆ كه‌ركووك، به‌ڵام له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ نه‌وتى كه‌ركووك به‌تانكه‌ر ده‌برێت بۆ ئێران و به‌شێكیشی له‌ بازاڕی ره‌شدا ده‌فرۆشرێت.

ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا، هه‌ردوو حكوومه‌تى عێراق و هه‌رێمى كوردستان رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ به‌شێك له‌ نه‌وتى كه‌ركووك له‌ رێگاى بۆڕیی نه‌وتبه‌رى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ بكرێت و تاوه‌كوو ئێستا رۆژانه‌ كه‌متر له‌ 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى كه‌ركووك به‌ شێوه‌یه‌كى فه‌رمى ده‌نێردرێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام به‌پێی گوته‌ى به‌رپرسان، دزینى نه‌وتى كه‌ركووك له‌لایه‌ن میلیشیاكان و مافیاكانه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ و حكوومه‌تى عێراقیش بێده‌نگیى هه‌ڵبژاردووه‌.