گەنجە کوردە ئازادکراوەکانی مەخموور بەڵێننامەیان پێ پڕ کراوەتەوە

 

11/05/2019 - 17:29 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

شەوی 28\4، بەهۆی دەمەقاڵێی نێوان گەنجێکی کوردی شاری مەخموور و سەربازێکی سوپای عێراقی، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان گەنجانی ئەو شارە و سەربازانی سوپای عێراق رووی دا، بەو هۆیەوە، سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەکان، رەشبگیرییەکیان لەنێو گەنجانی مەخمووردا کرد و گەنجێکیشیان بریندار کرد. (باس) وردەکاریی روودانی ئەو توندوتیژییە و بریندارکردنی کەنجە کوردەکە و رەوشی دوای ئەو رووداوە ئاشکرا دەکات.


یەکێک لە شایەدحاڵەکانی ئەو رووداوانەی مەخموور، کە بە باشی نەزانی ناوی بنووسرێت، بە هۆکاری پاراستنی ژیانی، بە هەفتەنامەی (باس)ی راگەیاند، کە هۆکاری ئەو شەڕە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە شەوی 28\4 گەنجێکی دانیشتووی مەخموور بە ناوی نەریمان، ویستوویەتی ئۆتۆمبێلەکەی لە شەقامێکی بازاڕ رابگرێت، سەربازێکی سوپای عێراقیش وەک شەڕ پێفرۆشتنێک، گوتوویەتی، دەبێت ئۆتۆمبێلەکە لاببەیت و من ئۆتۆمبێلەکە دەهێنمە ئەو شوێنە، گەنجەکەش قبووڵی نەکردووە و لای نەبردووە، بۆیە دەمەقاڵێ دروست بووە، چونکە شوێنەکە شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێل بووە و سەرپێچی نەبووە، بۆیە مشتومڕ دروست دەبێت و سەربازە عێراقیییەکە مەفرەزەیەک دەهێنێت، گەنجانی ناوبازاڕی مەخمووریش، کە دەبینن مەفرەزەیەکی سوپای عێراقی بەکۆمەڵ دەیانەوێت لە گەنجێکی مەخموور بدەن، قبووڵی ناکەن و لەو کاتە دەبێتە شەڕی نێوان گەنجانی مەخموور و سوپای عێراقی، پاش ئەوەی چەند جارێک هەوڵ درا ئاسایی بکرێتەوە و پۆلیسی مەخمووریش هات نەیتوانی کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکات، چونکە کار لە کار ترازابوو، زیاتر لە 300 گەنج هاتبوونە سەر شەقام و داوایان دەکرد سوپا لەوێ نەمێنێ، بۆیە لەو ناوە دەیان هەمەری سەربازی و ئۆتۆمبێلی چەکداری عێراقیی دیکە هاتنە ناو بازاڕی مەخموور و تەقەیەکی زۆر بە چەکی جۆراوجۆر کرا، تەنانەت بە بی کەی سی و دۆشکەش.


ئەو سەرچاوەیە جەختی کردەوە، ئەو شەوە، لەنێوان 4 بۆ 5 هەزار گوللە تەقێندراوە، لەو کاتەشدا گەنجێکی کاسبکار کە لە کار دەگەڕایەوە، گوللەیەک بەر قۆڵی کەوتووە و بریندار بووە، ئینجا ئەوەی رۆیشت و بۆی دەرچوو، ئەوی دیکەش بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کرا، کە نزیکەی 17 گەنج دەبوون.


گوتیشی: ”دوای ئەوە کۆمەڵێک پارێزەری خۆبەخش چوون سەردانی دادوەریان کرد و داوای ئەوەیان کرد، کە ئەوانە لەبەرئەوەی بەبێ بەڵگە گیراون دەبێت ئازاد بکرێن، بەڵام دوای ئازادکردنیان لەلایەن سوپای عێراقییەوە، بەڵێننامەیان پێ پڕ کردوونەتەوە کە نابێت هیچ لێدوانێک لە دژی سوپای عێراقی بدەن، بەپێی یاساش ئەو بەڵێننامەیە بەتاڵە و بەزۆر پێیان کراوە“.


ئەو شایەدحاڵە ئەوەش دەخاتە ڕوو، کە خەڵکی مەخموور لەدوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، لە دڵەڕاوکێدا دەژین، چونکە حوکمی سەربازیی تێدایە، چونکە قایمقام و پۆلیسی ناوشار هیچ دەسەڵاتێکیان بەرامبەر سوپا نییە: ”خەڵکی مەخموور، ئەوەی بڵێ مورتاحم راست ناکا، چونکە لایەکمان داعشە، شەوان سوپای عێراقی، تەنیا ناو بازاڕی مەخمووریان لەدەستدایە، گوندەکان داعشی لێیە، لە لایەکی ترەوە حکوومەتی عێراقی و سوپای عێراقی جێگەی متمانە نین و شەڕ بە خەڵک دەفرۆشن، بۆیە خەڵک داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەکات، چونکە پێشمەرگە دەتوانێت ئەمنییەتی مەخموور بپارێزێت“.


یاسین تەحسین، تەمەن 32 ساڵ، خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە، لە شەوی رووداوەکەی مەخموور، تاکە گەنج بوو بریندار بوو، گوللەیەکی بەر قۆڵی کەوتووە، بۆ هەفتەنامەی (باس) ئاماژە بەوە دەدات، کە ئەو شەوە لە دەوام گەڕاوەتەوە و سەردانی ئەو شوێنەی کردووە، بارودۆخەکە هێمن بووەتەوە، بەڵام لەناکاو سوپای عێراق تەقەی کردووە، بۆیە گوللەیەکی بەرکەوتووە: ”سوپای عێراق بوو تەقەیان کرد و گوللە و بەر قۆڵم کەوت، نزیکەی 10 تەقەڵ دووراوەتەوە و لەلایەکەی دیکە دەرچووە، رۆژانە تەداویی دەکەم“.


ئەو گەنجە هیچ سکاڵایەکی تۆمار نەکردووە، لەپای ئەمە دەڵێت: ”لە مەخموور بیت و سکاڵا لەسەر سوپای عێراق ناخوا، بێ سوودە، کەواتە من چی بکەم، گوتم وازم لێ بێنن و وازتان لێ دێنم“.


یاسین سەرباری برینداربوونیشی، لەلایەن سوپای عێراقییەوە دەستبەسەر کراوە، تا ئێستاش کەس لێی نەپرسیوەتەوە و نە یارمەتیی مادی، نە مەعنەوی نەدراوە: ”کەس نەهاتووە لێم بپرسێ، هیچ لایەنێکش داوای لێبووردنی نەکردووە، رۆژ بە ڕۆژیش دۆخی مەخموور خراپتر دەبێت و مەفرەزە دادەنێن و ناسنامە وەردەگرن، تەنیا هۆکارەکەش کوردبوونە و عەرەب قەد کەیفی بە کورد نایە“.


نەریمان عوسمان، ئەو پێشمەرگەیەی لە ئەنجامی دەمەقاڵێیەک لەگەڵ سەربازێکی عێراقی، تووشی ئەو رووداوە بوو، ئێستا مەخمووری جێ هێشتووە و فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە، ئێستا لە دەرەوەی مەخموورە، برایەکیشی تا ئێستا گیراوە، چەند پیاوماقووڵێکی مەخمووریش داوایان کردووە بگەڕێتەوە و دوای گیرانی چەند شەوێک ئازادی دەکەن، بەڵام ئامادە نییە بگەڕێتەوە.


نەریمان عوسمان بۆ (باس)، چیرۆکی ئەو شەوەی گێڕایەوە و رای گەیاند کە ئەو شەوە لە کافتریایەک بووە و بۆ گەڕانەوەی دەرچووە، چووەتە لای ئۆتۆمبێلەکەی و ویستوویەتی بڕوا، فۆڕتێکی سەربازی هۆڕنی بۆ لێ داوە، ئەویش گوتوویەتی چیتان دەوێت، سەربازە عێراقییەکەش گوتوویەتی ئەو ئۆتۆمبێلە لادە.


نەریمان درێژەی بە گێرانەوەکەی دا و گوتی: ”بە سەربازەکەم گوت فەرقمان چییە، ئەمن لایبدەم و تۆ بێیت، گوتی من عەنتەرم، ئەمنیش بەو وەڵامە زۆر تووڕە بووم، عەسابم نەما و نەمکردە نامەردی یەکسەر لە سەربازەکەم دا، ئەوجە شەڕەکە رووی دا و کۆمەڵێک ئۆتۆمبێلیان هێنایە ناو بازاڕ و تەقەیان کرد، خەڵکیان گرت، بەڵام نەیانتوانی من بگرن، بۆیە منیش ئەو شارەم جێ هێشت و ئامادەش نیمە بگەڕێمەوە، تا ئەوان داوای لێبووردن لە هەموو خەڵکەکەی نەکەن، چونکە بە غەدر ئەو کارە کراوە، شایەد هەیە، کامیرا هەیە ئەو تەعەدای کردووە“.


نەریمان نایشارێتەوە، کە دوای 16ی ئۆکتۆبەر، دۆخی مەخموور تێکچووە و سوپای عێراقی رەفتاری لەگەڵ دانیشتوانەکەی خراپە، رۆژانە شەڕ بە کورد دەفرۆشن، نموونەش بەوە دەهێنتەوە، ئەمساڵ دومەڵانی زۆر هەبوو، بە بیانووی بوونی داعش رێگرییان لە خەڵکەکەی کرد بچن، دەشڵێت: ”ئەگەر داعش هەیە، بۆ ناچن شەڕیان لەگەڵدا بکەن، بەڕاستی خەڵک وەزعی باش نییە و دەبێت وەک کۆیلە بژیت، منیش بێغیرەتیم قبووڵ نەکرد“.


پێوەند بەم پرسە، عەبدوڵا تاهیر، بەرپرسی ناوچەی مەخمووری پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ (باس)، ئاماژە بەوە دەدات کە خەڵکی ئەو دەڤەرە شۆڕشگێڕە و بەدرێژایی مێژوو لەسەر دەستی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقی چەوساوەتەوە، لەدوای 2003وە، ئازادیی رەهای بینی، بۆیە ئەو خەڵکەی هاتوونەتە سەر شەقام، قبووڵی داگیرکاری و زوڵم ناکەن.


ئەو بەرپرسەی پارتی ئەوەش دەخاتە ڕوو: “ئەو سوپایەی عێراق سوپایەکی نیشتمانی نییە، بۆیە نە سوپا بە چاوی هاووڵاتی سەیری کورد دەکات، نە کوردیش بە سوپای خۆی دەزانێت، بەڵام خەڵکی مەخموور ئاشنایەتییەکی تەواوی لەگەڵ پێشمەرگە هەیە“.


قەزای مەخموور دەکەوێتە 56 کیلۆمەتری باشووری ڕۆژئاوای پارێزگای ھەولێر، لە باکووردا لەگەڵ شارۆچکەکانی دەشتی ھەولێر و خەبات، لە باشووردا لەگەڵ ڕووباری دیجلە، لە ڕۆژھەڵاتدا لەگەڵ زێی بچووک و لە ڕۆژئاوادا لەگەڵ زێی گەورە ھاوسنوورە، یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لەدوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، کەوتە دەست حەشدی شەعبی و سوپای عێراق داگیری کردەوە، سەرباری نزیکیی لە داعش.