چیرۆکی كچێكی ئێزدیی 13 ساڵانه‌ی ڕزگاربووی ژێر ده‌ستی داعش

"23 جار كڕین و فرۆشتنیان پێوه‌ كردم"

11/05/2019 - 17:07 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

كچێكی ئێزدیی ڕزگاربووی ده‌ستی داعش له‌ باغۆز، كه‌ له‌ ته‌مه‌نی 13 ساڵیدا كه‌وته‌ ده‌ستی تیرۆریستان و له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌رچی ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌سته‌یی و ده‌روونی هه‌یه‌ چه‌شتوویه‌تی، هه‌روه‌ها جۆره‌ها سته‌م و زۆریی لێ كراوه‌، سه‌ربرده‌ی نه‌هامه‌تییه‌كانی بۆ (باس) ده‌گێڕێته‌وه‌.

(س. س. ح)، ئه‌و كچه‌ ئێزدییه‌ ته‌مه‌ن 13 ساڵییه‌یه‌، كه‌ دوای ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ده‌ستی تیرۆریستانی داعش و تا ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌ باغۆز ڕزگار كراوه‌، چه‌ندین جار كڕین و فرۆشتنی پێوه‌ كراوه‌ ده‌ڵێت: "له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌م له‌ گوندی كۆچۆ گیراین، هه‌ر له‌وێ تیرۆریستان منیان له‌ دایك و خوشك و براكانم جیا كرده‌وه‌ و بردمیانه‌ ته‌له‌عفه‌ر. 28 ڕۆژ له‌ ته‌له‌عفه‌ر هێشتمیانه‌وه‌، دوایی بردمیانه‌ كه‌سر ئه‌لمیحراب و له‌وێش 10 ڕۆژ مامه‌وه‌، دواتر و بۆ ماوه‌ی 3 مانگ، تیرۆریستێك به‌ناوی ئه‌بوو له‌یس، من و كچه‌ مامێكم به‌ناوی (ع)ی له‌ مووسڵ لای خۆی هێشتینه‌وه‌. دوای ئه‌ویش تیرۆریستیكی تر به‌ناوی ئه‌بوو عه‌بدوڵا بردمیه‌ ماڵی خۆیان و ماوه‌ی مانگێك كاره‌كه‌ری و خزمه‌تكاریی ماڵی خۆی پێ كردم. پاشان ئه‌ویش دامیه‌ تیرۆرستێكی دیكه‌ به‌ ناوی ئه‌بوو ئیبراهیم، دوای هه‌فته‌یه‌ك، ئه‌ویش فرۆشتمیه‌ تیرۆریستێك به‌ ناوی ئه‌بوو یه‌قین، كه‌ یه‌كێك بوو له‌ دڕنده‌ترین و بێڕه‌وشتترین تیرۆریسته‌كان و له‌گه‌ڵ خۆی بردمیه‌وه‌ ته‌له‌عفه‌ر".

ده‌رباره‌ی ڕه‌فتاری جانه‌وه‌رانه‌ی ئه‌بوو یه‌قین له‌گه‌ڵیدا، ئه‌و كچه‌ كورده‌ ئێزدییه‌ گوتی: "منی برده‌ خانووێك و بۆ ماوه‌ی 3 مانگ ڕێگای نه‌دام له‌و خانووه‌دا بێمه‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌ر كاتێك له‌ ماڵ ده‌چووه‌ ده‌ر، ده‌رگای به‌سه‌ردا قوفڵ ده‌دام. له‌ دۆخێكی زۆر سه‌خت و ناخۆشدا بووم. ئه‌و یه‌كه‌م تیرۆریست بوو ده‌ستدرێژیی كرده‌ سه‌رم، ئه‌و تیرۆریسته‌ به‌دڕه‌وشت و دڕنده‌یه‌ ژیانی لێ تاڵ كردم. به‌ دڕندانه‌ترین شێوه‌ به‌ربووه‌ گیانم، هه‌موو كارێكی قێزه‌ونی له‌گه‌ڵ كردم، ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی دام، ئه‌و ڕۆژانه‌ ئاواته‌خوازی مردن بووم".

(س)ی ژێرده‌سته له‌تاو ئه‌و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌یه‌ بیر لە ڕاكردن ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك خۆی ده‌ڵێ: "ده‌مزانی ڕاكردن ڕه‌نگه‌ به‌ مه‌رگم كۆتایی پێ بێت، به‌ڵام مردن له‌لای من زۆر له‌وه‌ خۆشتر بوو كه‌ ئه‌و تیرۆریسته‌ به‌دڕه‌فتار و به‌دڕه‌وشته‌ له‌گه‌ڵیدا ده‌كردم. بۆیه‌ ده‌رفه‌تێكم وه‌رگرت و له‌ ماڵ چوومه ‌ده‌ر، به‌ڵام چونكه‌ شاره‌زای ئه‌و ناوه‌ نه‌بووم و هیچ ڕێگایه‌كی ده‌ربازبوونم پێ نه‌ده‌زانی، ناچار گه‌ڕامه‌وه‌ و چوومه‌وه‌ لای ئه‌و تیرۆریسته‌ و به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ست بكات هه‌وڵی ڕاكردنم داوه‌".

ئه‌و كچه‌ کوردە ئێزدییه‌ به‌م منداڵییه‌وه‌ ده‌كرێته‌ كاڵا و تیرۆریستان سات و سه‌ودا و ئه‌م ده‌ست و ئه‌و ده‌ستی پێ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێت: "تیرۆریستێك به‌ناوی دكتۆر معاویه‌ منی له‌ ئه‌بوو یه‌قین بۆ هاوڕێیه‌كی دیكه‌ی تیرۆریستی خۆی كڕییه‌وه‌، كه‌‌ ناوی ئه‌بوو عه‌بدولمه‌لیك بوو و ته‌مه‌نی له‌سه‌روو 50 ساڵیدا بوو. دوای 15 ڕۆژ مانه‌وه‌ له‌لای، گوتی تۆ زۆر بچووكیت، بۆیه‌ ده‌تفرۆشمه‌وه‌. ئه‌ویش فرۆشتمیه‌ تیرۆریستێكی زۆر دڕنده‌تر له‌ ئه‌بوو یه‌قین، به‌ ناوی ئه‌بوو زوبێر. ئه‌و به‌دڕه‌فتار و به‌دڕه‌وشت و دڕنده‌یه‌ش زیاتر له‌ 8 مانگ لای خۆی هێشتمیه‌وه‌، زۆرداری و سته‌مێكی زۆری لێ كردم، دڕندانه‌ ڕه‌فتاری له‌گه‌لدا ده‌كردم‌. دواتر ئه‌ویش فرۆشتمیه‌ تیرۆریستێكی دیكه‌ به‌ ناوی ئه‌بوو حور، ئه‌ویش له‌گه‌ڵ خۆی بردمیه‌ قائیم، سێ مانگیش لای ئه‌و بووم. جگه‌ له‌ ده‌ستدرێژیی سێكسیی دڕندانه‌، سه‌ره‌ڕه‌ای ئازار و ئه‌شكه‌نجەدانی جه‌سته‌یی‌، به‌ زمانێكی پیس، هه‌رچی جنێوی ناشیرین هه‌بوون، به‌ خۆم و بنه‌ماڵه‌كه‌م و ئێزدییه‌كانی ده‌دا".

(س) باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌ندێك له‌ تیرۆریستان ته‌نیا بۆ مانگێك كچه‌ ئیزدییه‌كانیان ده‌كڕین، پاشان ده‌یانفرۆشتنه‌وه‌ و ده‌شڵێت: "ئه‌بوو عه‌بدولڕه‌حمانی تیرۆریست، كه‌ بازرگانی سه‌بی و كه‌نیزه‌كه‌كان بوو، منی له‌ ئه‌بوو حور كڕییه‌وه‌ و له‌ قائیمه‌وه‌ بردمیه‌ ڕه‌ققه و پاش 15 ڕۆژ، فرۆشتمیه‌ تیرۆرستێك به‌ ناوی ئه‌بو نوح، دوای دوو مانگ، ئه‌ویش فرۆشتمیه‌ ئه‌بو عوماری تیرۆریست و له‌گه‌ڵ خۆی جارێكی دیكه‌ هێنامیه‌وه‌ عێراق و له‌ ده‌ڤه‌ری حسیبه‌ فرۆشتمیه‌ ئه‌بوو ئه‌نه‌سی تیرۆریست، كه‌ ئه‌ویش هه‌ر بازرگانی به‌ كچ و ژن و منداڵانی ئێزدییه‌وه‌ ده‌كرد‌، ئه‌ویش مانگێك لای خۆی هێشتمیه‌وه‌".

گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م هه‌موو برینه‌ بۆ (س) و ده‌سته‌خوشكه‌كانی ئاسان نییه‌، ته‌نانه‌ت زۆر ئه‌سته‌مه‌ ئه‌م برین و ئازارانه‌ بنووسرێنه‌وه‌. ڕاسته‌ ئه‌و كچه‌ منداڵه‌ له‌ چنگ و چڕنووكی ئه‌م دڕندانه‌ ڕزگاری بووه‌، به‌ڵام هێشتا تارمایی دڕنده‌ییه‌كان هه‌ر به‌ ڕووخساریه‌وه‌یه‌، هێشتا له‌ چاوانیدا ‌خوێنی ئازار ده‌ڕژێ، چونكه‌ ئاسان نییه‌ به‌م ته‌مه‌نه‌ په‌پووله‌ییه‌وه‌ ئه‌م هه‌موو سات و سه‌ودایه‌ت پێ بكرێت.

دوای ئه‌وه‌ی ده‌هێندرێته‌وه‌ عێراق و ئه‌بوو ئه‌نه‌س ده‌یكڕێته‌وه‌، دوای ئه‌و چه‌ندین جار كڕین و فرۆشتنی پێوه‌ ده‌كرێت، تا دواجار تیرۆریستێك ده‌یكڕێته‌وه‌ و ده‌یباته‌ باغۆز. (س) له‌باره‌ی بردنی بۆ باغۆز ده‌ڵێت: "هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌ ده‌ست تیرۆریستانی داعش ڕزگار كرام، 23 جار كڕین و فرۆشتنم پێوه‌ كرا، گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م ئازاره‌ هه‌روا ئاسان نییه‌. دواجار ئه‌بوو زوبێری تیرۆریست كڕیمیه‌وه‌ و بردمی بۆ باغۆز. له‌وێ كه‌ شه‌ڕ ڕووی دا، تیرۆریستان له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌یانبردینه‌ ناو خه‌نده‌قه‌كان، له‌و ماوه‌یه‌ دوو جار بریندار بووم، به‌بێ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ریی پێویستم بۆ بكه‌ن. له‌ باغۆز دۆزه‌خم به‌ چاوی خۆم بینی، ده‌ستدرێژیی دڕندانه‌ی تیرۆریستان، ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌سته‌یی و ده‌روونی، ئینجا قوربانیی جه‌نگ و بریندار بوون".

دواجار (س) ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، چۆن تیرۆریستان له‌ به‌رامبه‌ر قه‌رز، كچ  و ژنانی ئێزدییان داوه‌ته‌ یه‌كتری و ده‌ڵێ: "تیرۆریستێك به‌ قه‌رز منی له‌ یه‌كێكی دیكه‌ كڕی، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی نه‌یتوانی قه‌رزه‌كه‌ی بداته‌وه‌، فرۆشتمیه‌ یه‌كێكی دیكه‌ و قه‌رزی ئه‌وه‌ی دیكه‌ی پێ دایه‌وه‌. به ‌هه‌رحاڵ، خۆشبه‌ختانه‌ له‌میانی شه‌ڕی ئازادكردنی باغۆز، له‌ ده‌ستی تیرۆریستانی داعش ڕزگار كرام و ڕۆژی 19ی ئاداری 2019 گه‌یشتمه‌ پارێزگای دهۆك و له‌لایه‌ن نووسینگه‌ی ڕزگاركردنی ڕفێندراوانی ئیزدیی سەر بە و كه‌سوكاره‌كه‌م پێشوازییەكی گه‌رمم لێ كرا. ڕاسته‌ ڕزگاربوون و شادبوونه‌وه‌م به‌ كه‌سوكاره‌كه‌م خۆشه‌، به‌ڵام ئه‌و ده‌رده‌سه‌ری، مه‌ینه‌تی، ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌دان، سته‌م و زۆرییه‌ بێ ژمار و سه‌خته‌ی بینیومن، هه‌رگیز له‌بیرم ناچنه‌وه‌".