پارێزگارەکەى 16ی ئۆکتۆبەر دوو به‌رپرسی دیكه‌ى كورد دوور دەخاتەوە

20 ئه‌فسه‌رى كورد دەگوزارێنه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركووك

11/05/2019 - 14:19 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

به‌ بڕیارێكی پارێزگارى سه‌پێنراوى كه‌ركووك، دوو به‌رپرسی دیكه‌ى كورد له‌ پۆسته‌كانیان دوور خرانه‌وه‌ و عه‌ره‌ب له‌ شوینه‌كانیان دانرا، بڕیاریشه‌ 20 ئه‌فسه‌رى پۆلیسی كورد بگوزارێنه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی پارێزگاى كه‌ركووك.

به‌پێی نووسراوێكى راكان جبوورى، پارێزگارى سه‌پێندراوى كه‌ركووك، راکان جبووری کە بە (پارێزگاری 16ی ئۆکتۆبەر) ناودێر کراوە، تێیدا هاتووه: ”بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی و له‌سه‌ر یاداشتنامه‌ى كوتله‌ى عه‌ره‌بی له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، بڕیاردرا کە كاوه‌ قه‌مبه‌ر عه‌زیز (كورد)ه‌ به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شی (موارد البشریه‌)یه‌ له‌نێو پارێزگاى كه‌ركووك، له‌ پۆسته‌كه‌ى دوور بخرێته‌وه‌ و له‌ شوێنی ئەودا سامی حوسێن، كه‌ (عه‌ره‌ب)ه‌ دابنرێت“.

هه‌روه‌ها له‌ هه‌مان نووسراودا هاتووه‌، عومه‌ر مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌رى كاروبارى هاووڵاتییان له‌ پارێزگاى كه‌ركووك كه‌ (كورد)ه‌ لاببرێت و له‌ شوێنیدا قه‌یس حه‌موود دابنرێت.

به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس)، له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ تاوه‌كوو ئێستا زیاتر له‌ 200 به‌ڕێوه‌به‌رى گشتی و به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ش و به‌رپرسانی سه‌ربازیى كورد له‌ پۆسته‌كانیان له‌ سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك لابراون و عه‌ره‌ب به‌شێكی توركمانى شیعه‌ش له‌ شوێنه‌كانیان دانراون.

هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس)، به‌ هۆی ئه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك كاره‌كانى په‌كى كه‌وتووه‌، ئێستا له‌بری ئه‌وه‌ی ئه‌وان بڕیار له‌سه‌ر ئاڵوگۆڕه‌ ئیدارییه‌كان بده‌ن، پارێزگارى سه‌پێنراوى كه‌ركووك خۆی بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ ده‌دات و عه‌ره‌بی شۆڤێنی له‌ شوێنى به‌رپرسه‌ كورده‌كان داده‌نێت.

هاوكات، به‌پێی هه‌واڵێكى پێگه‌ى (كه‌ركووك ده‌یلی نیوز) هاتووه‌ كه‌ به‌ بڕیارێكى وه‌زاره‌تى ناوخۆی عێراق، زیاتر له‌ 20 ئه‌فسه‌رى پۆلیسی كوردی شارى كه‌ركووك، فه‌رمانى كارگێڕیی گواستنه‌وه‌یان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى پۆلیسی كه‌ركووك بۆ هه‌واڵگریی گشتی بۆ ده‌رچووه‌، بێ ئه‌وه‌ى ئاماژه‌ به‌ چ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ك بكه‌ن و راسته‌وخۆ ئه‌و بڕیاره‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ناوخۆوه‌ ده‌ركراوه‌ به‌ گواستنه‌وه‌ى ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ كوردانه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ى شارى كه‌ركووك، به‌مه‌ش رێژه‌ى ئه‌فسه‌رانى كورد له‌ناو پۆلیسی كه‌ركووك كه‌م ده‌كاته‌وه‌ و به‌شێكى زۆری ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شن له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیی پۆلیسی كه‌ركووك.

له‌م باره‌یه‌وه‌، غه‌فوور ساڵح، جێگرى لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندى كه‌ركووكى یه‌كێتی بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "پێشتر له‌ناو پارێزگاى كه‌ركووك هه‌شت به‌ش هه‌بووه‌، سه‌رجه‌میان كورد بوونه‌، ئێستا ئه‌و به‌عسی ره‌فتارانه‌، كه‌ هاتوونه‌ته‌ سه‌ر حوكم، زۆر به‌شێوه‌یه‌كى شۆڤێنانه‌ به‌رپرسانى كورد له‌ پۆسته‌كانیان لاده‌ده‌ن و كه‌سانی عه‌ره‌ب له‌ شوێنه‌كانیان داده‌نێن، به‌ نموونه‌ جیهان ئیبراهیم كه‌ كورده‌ و به‌ڕێوه‌به‌رى ئاوى كه‌ركووك بوو، ئه‌و زیاتر له‌ 10 ساڵ‌ له‌و پۆسسته‌دا بووه‌ و كه‌سێكى به‌ئه‌زموونه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ شوێنه‌كه‌ی دانراوه‌، نه‌ ئه‌ندازیاره‌ و نه‌ زانیاری ده‌رباره‌ى ئاو و ئاوه‌ڕۆ هه‌یه‌، ئه‌مەش له‌ چوارچێوه‌ى پرۆسه‌ى ته‌عریبدایه‌".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى، كه‌ بۆچی به‌رپرسانی كورد له‌ به‌غدا له‌سه‌ر ئاستی سه‌ركۆماریش له‌باره‌ى لادانى به‌رپرسانى كورد له‌ كه‌ركووك و دانانى عه‌ره‌ب له‌ شوێنه‌كانیان بێده‌نگییان هه‌ڵبژاردووه‌، ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌كێتی ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كرد، كارمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌، به‌ڵام كاره‌كان به‌ رۆژێك و دووان نابێت و لیژنه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێكده‌هێنرێت.

پێوه‌ند به‌م باسه‌، مه‌ریوان جه‌لال، به‌رپرسی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنى لقی كه‌ركووكى پارتی، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "نه‌یارانی كورد له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ هه‌ر جاره‌ و له‌ سێكته‌رێكه‌وه‌ كاریان له‌ دژی كورد له‌ پارێزگاى كه‌ركووك كردووه‌، بابه‌تى لادانى به‌ڕێوه‌به‌ره‌ كورده‌كان له‌ پۆسته‌كانیان و دانانى عه‌ره‌ب له‌ شوێنه‌كانیان، یه‌كێك بووه‌ له‌و پرۆسه‌یه‌ى ته‌عریب، كه‌ له‌ كه‌ركووك به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و به‌ناو ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ى كه‌ ده‌یكه‌ن، به‌رپرسانى باڵا كه‌سه‌ نزیكه‌كانى خۆیان له‌ ئیداره‌ى كه‌ركووك داده‌نێن".

ئه‌و به‌رپرسه‌ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ى كه‌ له‌ شوێن به‌رپرسه‌ كورده‌كان داده‌نرێن، كه‌سانى لێهاتوو و شیاو نیین بۆ ئه‌و پۆستانه‌، به‌ڵكوو كه‌سانێك داده‌نرێن، كه‌ خزمى نزیكى به‌رپرسه‌ باڵاكانن و كاره‌كه‌ به‌شه‌خسه‌نه‌ كراوه‌، به‌تایبه‌ت راكان جبوورى، خه‌ڵكى نزیك له‌ خۆی داده‌نێ‌.

ڕاشی گه‌یاند، نه‌بوونى ده‌سه‌ڵاتى كوردى له‌ كه‌ركووك وای كردووه‌، كه‌ به‌رپرسانى كورد له‌ پۆسته‌كانیان لابدرێن و بۆشاییه‌كى ئیدارى دروست بووه‌، ئێستا هه‌وڵێكى جدیی هه‌یه‌ و لێژنه‌یه‌كى هاوبه‌ش له‌ پارتی و یه‌كێتی پێكهێنراوە له‌ به‌غدان و یوئێنیش له‌ناو بابه‌ته‌كه‌دایه‌، هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخی كه‌ركووك و گه‌ڕانه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى كورد بۆ شاره‌كه‌.

له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017، میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ گرووپێكى خیانه‌تكار كه‌ركووكیان داگیر كرد و له‌و كاته‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ى دۆخی پارێزگاكه‌ ناله‌باره‌، لادانى به‌رپرسانی كوردیش به‌رده‌وامه‌.

 

ئەلبوومی وێنەکان