تاقی کیسرا.. شوێنەوارێکی کۆنی سەردەمی ساسانییەکەن لە عێراق

بەهۆی پشت گوێخستن و کەمتەرخەمی مەترسیی داڕمانی لەسەرە

22/04/2019 - 15:36 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

تاقی کیسرا یەکێکە لە گەورەترین و دەگمەنترین باڵەخانەکانی شوێنەواری کە وەک گرنگترین شوێنەواری بەجێماوی سەردەمی ساسانییەکان لە عێراق دەناسرێت، ئێستا بەهۆی نەپاراستن و کاریگەریی کەشوهەواوە مەترسیی لەناوچوونی هەیە.


کاری نۆژەنکردنەوەی تاقی کیسرا دراوە بە کۆمپانیایەکی چیکی، بەڵام پاش ماوەیەک، ئەو بەشانەی نۆژەن کرابوونەوە، دووبارە تووشی رووخان و تێکچوون بوونەتەوە، هەر لە مارسی ئەمساڵ بەشێکی نۆژەنکراوەی ئەم شوێنەوارە، کە پێشتر لە لایەن ئەو کۆمپانیایە کاری لەسەر کرابوو، رووخا و مەترسیی رووخان لەسەر بەشەکانی دیکەشی هەیە.


ئەم شوێنەوارە، کە شاکارێکی هونەریی بیناسازیی سەردەمی ساسانییەکانە، دەکەوێتە شاری تیسفون لە ٣٧کم باشووری شاری بەغدا و نزیک لە رووباری دیجلە، بە ناوەکانی (ئیوانی مەدایین) یان بە (تاقی تیسفوون)یش دەناسرێت، بە گوتەی پسپۆڕان و مێژوونووسان، سەردەمی دروستکردنی ئەم بینایە بە روونی دیار نییە و پێ دەچێت دەستپێکردن و تەواوبوونی بنیاتنانی ئەم بینایە، سەردەمی دەسەڵاتداریی چەندین پاشای ساسانی بەخۆیەوە بینیبێت، واتا لە (شاپووری یەکەم ٢٤١-٢٢٤ زایینی) هەتا (ئەنوشیروان ٥٧٨- ٥٣١ زایینی).


لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە رەوشی تاقی کیسرا، کە لە مۆزەی (سەکلێر) بەڕێوە چوو، شوێنەوارناسی بەناوبانگی ئەمەریکی (کاترین هانسن) کە یەکێکە لە یاریدەدەرەکانی پەیمانگای عێراقی بۆ پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور، ئاماژەی بە هۆکارەکانی تێکچوونی شوێنەوارەکان کرد و بە کەناڵی (بی بی سی)ی راگەیاند: "یەکێک لەو شتانەی کە بە تێپەڕینی کات بووەتە هۆی درزبردن و دروستبوونی شەق لە دیوارەکانی ئەم شوێنەوارە، گۆڕانکاریی کەشوهەوا و کۆچکردن و گواستنەوەی مرۆڤەکان لە بەشێکەوە بۆ بەشێکی دیکە و دروستکرنی خانوو و زۆربوونی کشتوکاڵ و کەمیی ئاو و قەیرانی ئابووری بووە".


ئەم شوێنەوارە، کە بە مەبەستی نیشاندانی هێز و گەورەیی ئێمپراتۆریەتی ساسانی بە وڵاتانی دراوسێ دروست کراوە، زیاتر بە مەبەستی میوانداری لە نوێنەری وڵاتانی دیکە و بەڕێوەچوونی جەژنەکانی فۆلکلۆریی وەکوو نەورۆز بەکار هاتووە، پێکهاتەی ئەم بینایە خشت و گەچ و بەردە و بە بەرزییەکی نزیکەی ٣٠ مەتر و پانیی ٤٣ مەتر دروست کراوە.


قۆناخەکانی تێکدان و تێکچوونی تاقی کیسرا، لە سەردەمی خەلیفە مەنسووری عەباسی دەستی پێ کرد و بە پێشنیاری یەکێک لە وەزیرەکانی، بڕیاری تێکدانی ئەم بینایە درا، بۆ ئەوەی کەرەستەکانی خانووسازیی ئەم شوێنەوارە بۆ بیناکردن و ئاوەدانکردنی شاری بەغدا بەکار بهێنن، بەڵام پاشان خەلیفە بەهۆی قورسیی کارەکەوە و تێچووی زۆری دارایی، لەم بڕیارە پەشیمان بووەوە، پاشان لە سەردەمی سەفەوییەکان دیسان بە مەبەستی بەکارهێنانی کەلوپەلە بەکارهاتووەکانی ئەم بینایە، بۆ دروستکردنی چەندین شوێنی ئایینی بۆ شیعەکان لە عێراق، تێکدرا، بەڵام ئەویش بەهۆی هەبوونی بەردی تاشراوی زۆرەوە راگیرا، دیسان لە ساڵی ١٨٨٨ بە هۆی لافاوێکی گەورەوە، نزیکەی یەک لەسەر سێی بیناکا رووخا.


چاکسازی و پاراستنی تاقی کیسرا، یەکەم جار لە سەردەمی (سەدام حوسێن سەرۆکی لەداردراوی عێراق) لە ساڵی ١٩٨٠ دەستی پێ کرد کە بە گوتەی مێژووناسە ئێرانییەکان، سەدام لەم کارەدا مەبەستی سیاسیی هەبوو، ئەویش: "بە بیرهێنانەوەی سەرکەوتنی عەرەب و ئیسلام بەسەر فارسدا بوو"، دواتر ناوچەکانی نزیکی ئەم شوێنەوارە، وەک هاوینەهەوارێک لە لایەن خەڵکەوە بەکار هات، پاشان لە ساڵی ١٩٨٣ بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری عێراق لە ئێران و چەندین وڵاتی دیکە، بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە و پاراستنی ئەم شوێنەوارە داوای یارمەتیی کرد.


بەهۆی بارۆدۆخی نالەباری عێراق، کە زۆر جار خاکی ئەم وڵاتە وەک گۆڕەپانی شەڕ و ململانێ بەکار هاتووە، شوێنەواری تاقی کیسرا بەگوێرەی پێویست بە بەراورد لەگەڵ شوێنەوارەکانی هاوسەردەمی نەناسراوە و گرنگیی کەمتری پێ دراوە، بەڵام شوێنەوارناسان گەشبینن بەوەی لەپاش هێوربوونەوەی کەشوهەوای سیاسی لە عێراق و ئەنجامدانی کاری نۆژەنکردنەوە، بتوانن کار لەسەر ناساندنی ئەم شوێنەوارە لە ئاستی جیهانیدا بکەن.