چیرۆکی كچە کوردێکی ئێزدیی ڕزگاربووی ژێر دەستی داعش له‌ باغۆز

"تیرۆریستان كچه‌ ڕفێندراوه‌ ئێزدییەکانیان به‌ جلی ڕه‌شەوە له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانیان بردن"

15/04/2019 - 16:49 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

كچە کوردێکی ئێزدیی ڕزگاربووی ده‌ستی داعش له‌ باغۆز، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ هێشتا ژماره‌یه‌كی زۆری كچ و ژنی ئێزدی له‌ژێر ده‌ستی تیرۆریستانی داعشدا ماون و ده‌ڵێت: "ڕۆژانی كۆتایی كۆنتڕۆڵكردنی باغۆز، تیرۆریستان جلی ڕه‌شیان كرده‌ به‌ر ڕفێندراوه‌ ئێزدییه‌كان و ده‌موچاوه‌كانیان پۆشین و له‌گه‌ڵ ژن و منداڵه‌كانی خۆیان له‌ باغۆزه‌وه‌ به‌ره‌و ده‌ڤه‌ری دیكه‌ی نادیار ده‌ربازیان كردن". 

سۆلین، یه‌كێكه‌ له‌و هەزاران كچ و ژنه‌ كورده‌ ئێزدییانه‌ی، دوای كاره‌ساته‌كه‌ی شنگال و ده‌وروبه‌ری، كه‌وتنه‌ ده‌ستی داعش، باس له‌ دۆخی ژیانیان له‌ باغۆز ده‌كات و گوتی: "ژیانی ئێمه‌ له ‌باغۆز زۆر سه‌خت بوو، به‌تایبه‌تی له‌و كاته‌ی هێرشی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌كه‌ ده‌ستی پێ كرد، چونكه‌ له‌ هه‌ر به‌ره‌یه‌كی شه‌ڕ كه‌ ده‌شكان، تیرۆریستانی داعش زیاتر ئه‌شكه‌نجه‌یان ده‌داین. ئه‌و ڕۆژانه‌ ئێمه‌یان به‌كۆمه‌ڵ ده‌خسته‌ ناو خانووه‌كان و ده‌رگایان به‌سه‌ردا قوفڵ ده‌داین و بۆ خۆیشیان ده‌چوونه‌ شه‌ڕ. جاری وا هه‌بوو به‌ شه‌و و ڕۆژ له‌و خانووانه‌ ده‌یانهێشتینه‌وه‌ و خورادن و خواردنه‌وه‌یشیان نه‌ده‌داینێ. هەندێ جار‌ برینداره‌كانی خۆیشیان چاره‌سه‌ر نه‌ده‌كرد و به مه‌رگیان ده‌سپاردن".

سۆلین چیرۆكی یه‌كه‌م ڕۆژی ڕه‌شی ژیانی خۆی بۆ (باس) ده‌گێڕێته‌وه‌، كه‌ تیایدا كه‌وتنه‌ ده‌ستی تیرۆریستانی داعش و ده‌ڵێ: "ڕۆژی 1/8/2014 له‌ گوندی كۆچۆ كه‌وتینه‌ ده‌ستی تیرۆریستان، هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ هه‌موومانیان برده‌ قوتابخانه‌ی گونده‌كه‌، ژن و كچ و منداڵه‌كانیان بردینه‌ نهۆمی دووه‌می قوتابخانه‌كه‌ و پیاوه‌كانیشیان له‌ نهۆمی خواره‌وه‌ هێشتنه‌وه‌. پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م، پیاوه‌كانیان بردن و گولله‌بارانیان كردن. دوای ئه‌وه‌ ئێمه‌یان برده‌ گوندی سولاخ، تا سەعات 1:30ی نیوه‌ڕۆ له‌گه‌ڵ دایكم مامه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ تیرۆریستێك هات و له‌ یه‌كتری جیاكردینه‌وه‌ و منی برده‌ ته‌له‌عفه‌ر و 17 ڕۆژ لای خۆی هێشتمه‌وه‌".

سۆلین درێژەی پێ دا و گوتی: "دواتر تیرۆریسته‌كه‌ بردمیه‌ مووسڵ و ڕاده‌ستی تیرۆریستێكی دیكه‌ی كردم به‌ ناوی ئه‌بو له‌یس، كه‌ خه‌ڵكی عێراق بوو، دوای سێ مانگ، ئه‌ویش فرۆشتمیه‌وه‌ به‌ تیرۆریستێكی خه‌ڵكی ته‌له‌عفه‌ر و دوای مانگێك ئه‌ویش فرۆشتمیه‌وه‌ به‌ تیرۆریستێكی خه‌ڵكی مووسڵ، ئه‌ویش ساڵێك لای خۆی گیری كردم. ئیدی تا بردمیانه‌ باغۆز، ده‌یان جاری دیكه‌ كڕین و فرۆشتنم پێوه‌ كرا و له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی زۆری ده‌روونی و جه‌سته‌ییان دام".

ئه‌و كچه‌ كورده‌ ئێزدییه‌ له‌باره‌ی شێوازی ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌دان گوتیشی: "جگه‌ له‌ ده‌ستدرێژی، سه‌ره‌ڕای جنێودان و سووكایه‌تیی پێكردن، لێیان ده‌دام، به‌ سه‌رما ده‌یانخستمه‌ ناو ئاوی سارد، هه‌یانبوو هه‌ردوو ده‌ست و پێیه‌كانی داخ كردم".

سۆلین گوتیشی: "كه‌سێك هه‌بوو به‌ ناوی ئه‌بو عه‌مماڕ، كه‌ خه‌ڵكی عێراق بوو، ئه‌و سات و سه‌ودا و مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆشتنی ده‌كرد. ئه‌و منی فرۆشته‌ تیرۆریستێك به‌ ناوی ئه‌بو مه‌شاعر ئه‌لجه‌زراوی، ئه‌ویش هه‌شت مانگ وه‌ك كۆیله‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كردم، ته‌نانه‌ت هاوسه‌ره‌كه‌ی زۆر له‌ خۆی دڕنده‌تر بوو و ئازاری ده‌دام. دواتر زانیمه‌وه‌ كه‌‌ تیرۆریسته‌كان ئه‌بو عه‌مماڕیان كوشتووه‌، چونكه‌ زانیاریی ئه‌وه‌یان پێگه‌یشتبوو، كه‌ له‌پاڵ فرۆشتنی كچ و ژنه‌ ئێزدییه‌كان، به‌ دزییه‌وه‌ منداڵی ئێزدییه‌كانی ده‌كڕینه‌وه‌ و به‌ پاره،‌ ڕه‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستانی ده‌كردنه‌وه"‌.   

له‌كۆتایی قسه‌كانیدا و ده‌رباره‌ی بردنی بۆ سووریا، ده‌ڵێت: "ئه‌لجه‌زراوی منی فرۆشته‌ تیرۆریستێك به‌ ناوی سه‌ددام، پاش 3 مانگ فرۆشتمیه‌ تیرۆریستێكی دیكه‌ و ئه‌و بردمیه‌ هه‌جین له‌ سووریا، ئیدی پێ بە پێ، له‌ هه‌ر شوێنێك تیرۆریستانی داعش له‌ شه‌ڕه‌كاندا ده‌شكان و ڕایان ده‌كرد، ئێمه‌یان له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌برد، تا له‌ باغۆز گیرسانه‌وه‌".