ئیداره‌ی ناشه‌رعیی شنگال داوای پێكهێنانی هێزێكی 10 هه‌زار كه‌سی ده‌كات

 

15/04/2019 - 16:45 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی (باس)، ئیداره‌ی ناشه‌رعیی شنگال، به‌ مه‌به‌ستی پێكهێنانی هێزێكی چه‌كداریی 10 هه‌زار كه‌سی، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ به‌غدا كردووه‌ و پێش ئه‌وه‌ش نامه‌ و سكاڵایه‌كی بۆ به‌غدا ناردووه‌.


له‌م باره‌یه‌وه‌ مه‌حما خه‌لیل، قائیمقامی قه‌زای شنگال به‌ (باس)ی ڕاگه‌یاند: "جێی داخه‌ حكوومه‌تی به‌غدا كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی ناشه‌رعیی شنگال بكات، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ كه‌سێكی ساخته‌كار، كه‌ داوای پێكهێنانی هێزێكی چه‌كدار بۆ شنگال بكات. به‌داخه‌وه‌ ئیداره‌ی ئێستای شنگال ناشه‌رعییه‌ و ئه‌و كه‌سه‌یش كه‌ هه‌موو یاسا و ده‌ستوورێكی ژێرپێ خستووه‌ و ڕێزی بۆ هیچ شتێك نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌، له‌ به‌غدا پێشوازیی لێ ده‌كرێت".


به‌پێی زانیارییه‌كانی (باس)، ئیداره‌ی ناشه‌رعیی شنگال، له‌ هه‌وڵی جدیی و به‌رده‌وامدایه تا هێزێكی 10 هه‌زار كه‌سی، له‌وانه‌ی له‌ شنگالن و سه‌ر به‌ به‌غدان دروست بكات، هه‌روه‌ها ده‌روازه‌ی سنووریی نێوان خانه‌سۆر و ڕۆژئاوای كوردستان، بكاته‌ ده‌روازه‌یه‌كی فه‌رمی.


په‌یوه‌ست به‌م پرسه‌، حوسێن مجی، به‌رپرسی لیژنه‌ی ناوچه‌ی شنگالی پارتیی دیموكراتی كوردستان، جه‌ختی کردەوە: "ئێستا ده‌یان گرووپی چه‌كدار له‌ شارۆچكه‌كه‌ و ده‌ڤه‌ره‌كه‌دا هه‌ن و به‌ هه‌موویان نه‌یانتوانیوه‌ ڕه‌وشی ئاسایش و سه‌قامگیریی شنگال و ناوچه‌كه‌ كۆنتڕۆڵ بكه‌ن، به‌ڵكوو ڕۆژانه‌ تاوانی جۆراوجۆر له‌و ناوچه‌یه‌ ئه‌نجام ده‌درێن. بۆیه‌ كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌، هێزێكی هاوبه‌شی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق دۆسێكه‌ بگرێته‌ ده‌ست و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی شنگال بكات".


مجی گوتیشی: "له‌وه‌ته‌ی هاتوونه‌ته‌ شنگال، حه‌شدی شه‌عبی و به‌غدا فێڵ له‌ خه‌ڵكی شنگال ده‌كه‌ن، گوایه‌ بۆ خزمه‌تی خه‌ڵكه‌كه‌ و ناوچه‌كه‌یان له‌وێن. كه‌چی له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ، كاری حه‌شدی شه‌عبی و به‌غدا له‌ شنگال دروستكردنی ئاڵۆزی و پشێوییە، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ڕه‌سه‌ن نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ شنگال و ناوچه‌كه‌. ئێستاش كه‌ ئیداره‌یه‌كی ناشه‌رعی له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌دا سه‌پێندراوه‌، ئیداره‌كه‌ هه‌وڵ ده‌دات هێزێكی چه‌كدار دروست بكات، ئه‌مه‌ش دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كات".


به‌رپرسی لیژنه‌ی ناوچه‌ی شنگالی پارتی ده‌شڵێت: "ئێستا ژماره‌یه‌ك چه‌كداری په‌كه‌كه، مانگانه‌ هه‌ر یه‌كه‌ و بڕی 300 دۆلار، وه‌ك‌ مووچه‌ له‌ به‌غدا وه‌رده‌گرن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ بوونی چه‌ندین ده‌سته‌ و تاقم و گرووپی دیكه‌ی چه‌كداریی له‌ شارۆچكه‌كه‌، كه‌ ملكه‌چی هیچ یاسا و بڕیارێك نین‌".


لای خۆیشیه‌وه‌، وه‌یس نایف، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای شنگال، سه‌باره‌ت به‌ دوا هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ئاسایش و سه‌قامگیری و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی قه‌زاكه‌ و ده‌وروبه‌ری، گوتی: "مانگی ڕابردوو و به‌ مه‌به‌ستی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ سه‌ر زێد و ماڵ و حاڵی خۆیان، نووسراوێكی فه‌رمیمان ئاراسته‌ی هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی حكوومه‌تی فیدڕاڵیی به‌غدا كرد. هه‌ر له‌ نووسراوه‌كه‌دا داوامان كردووه،‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بتوانێ به‌بێ ترس و به‌دڵنیاییه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر زێدی خۆی، پێویسته‌ سنووری نێوان سووریا و شنگال دابخرێت، هێزه‌ نایاسایی و میلیشیاییه‌كان له‌ قه‌زاكه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌، خانوو بۆ هاووڵاتییان دروست بكرێن، قه‌ره‌بووی زیانلێكه‌وتووان بكرێته‌وه‌، هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌ چه‌كداری داعش بوونه‌، یان هاوكاری و پشتیوانیی داعشیان كردووه‌، ده‌ستگیر بكرێن و سزا بدرێن. هاوكات داوامان كردووه‌ هێزێكی هاوبه‌ش له‌ پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و سوپای عێراق سه‌رپه‌رشتیی دۆسێی ئاسایش و سه‌قامگیری و پاراستنی شنگال بكات و ده‌ست به‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شنگال و ناوچه‌كه‌ بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئاواره‌كان به‌ دوایی و به‌بێ دڵه‌ڕاوكێ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان".
*****