پەیەدە هیچ بژارەیەکی دیکەی نەماوە

جگە لە گەڕانەوە بۆ رێککەوتنەکانی هەولێر و دهۆک

15/04/2019 - 16:43 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

دوای ئەوەی حکوومەتی سووریا سەبارەت بە داننان بە کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان، بەیەکجاری دەرگای گفتوگۆی بەسەر پەکەکەدا داخست، هاوکات هەڕەشەکانی تورکیاش بۆ هێرش کردنە سەر ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فوارت بەردەوامن و بەو مەرجەوە دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمەریکا دەستی پێ کردووەتەوە، چاودێران پێیان وایە، پەیەدە تەنیا یەک رێگەی لەبەردەمدایە، کە بۆ رێککەوتنەکانی هەولێر و دهۆک بگەڕێتەوە.


هەفتەی رابردوو، لە لێدوانێکیدا بۆ میدیا فەرمییەکانی سووریا، سامر محەمەد دبس، ئەندامی پەرلەمانی سووریا رای گەیاند، دەسەڵاتی دیمەشق بوونی ناوچەی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردانی رۆژئاوای كوردستان رەت دەكاتەوە.


ئەو پەرلەمانتارەی سووریا جەختی لەوەش كردووەتەوە، كە دیمەشق جگە لەوەی ئامادە نییە دان بە ناوچەی ئۆتۆنۆمیدا بنێت، ئامادەش نییە گفتوگۆ لەگەڵ پارتی یەکێتیی دیموکراتی PYD، کە باڵی سیاسیی PKKیە لە رۆژئاوای کوردستان، لەو بارەوە بكات.


پێشتریش بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریا، بەئاشکرا داوای لە دەسەڵاتی پەیەدە لە رۆژئاوای کوردستان کرد، کە یان بە ئاشتی دەبێت ڕێگە بدەن دەسەڵاتی حکوومەتەکەی بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە، یان ئەوەتا ئەوان لە ڕێگەی هێزەوە بۆ ئەو ناوچانە دەگەڕێنەوە.


لەلایەکی دیکەشەوە، بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لە مەرجەکانی تورکیا بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا سەبارەت بە دوورکەوتنەوە لە رووسیا و نەکڕینی مووشەکی ئێس 400، پەیوەندیی بە پچڕانی یەکجاریی پاڵپشتییەکانی ئەمەریکا بۆ هێزەکانی سووریای دیموکراتی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان PKKەوە هەیە.


بەشێوەیەک، شارەزایانی سیاسی لە رۆژئاوای کوردستان بە دووری نازانن، ئەمەریکا دواجار ئەو مەرجەی تورکیا بۆ نەکڕینی ئێس 400 لە رووسیا قبووڵ بکات، ئەوەش دۆخی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە، کە ئەگەر بەو شێوەیەی ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی پەیەدە بمێننەوە، ئەوا تورکیا هاوشێوەی عەفرین، هێرش دەکاتە سەر رۆژهەڵاتی فورات و ئەگەریش ناوچەکە رادەست بە رژێمی ئەسەد بکرێتەوە، یان ئەوەتا بە هێز بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە، هەمدیسان کورد لەو ناوچەیە دەگەڕێتەوە بۆ خاڵی سفر، لەبەرئەوە، باشترین بژارە بۆ پەیەدە ئێستا گەڕانەوەیە بۆ رێککەوتنەکانی هەولێر و دهۆک، یان ئەنجامدانی رێککەوتنێک لەگەڵ ئەنەکەسە، کە رەزامەندیی تورکیا و ئەمەریکاشی لەسەر بێت.


لەمبارەیەوە، ئیبراهیم برۆ، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا ( ENKS) بۆ (باس) رای گەیاند، پەکەکە ئامادەیە گفتوگۆ و سازش بۆ سووریا و تورکیا بکات، بەڵام بەداخەوە تاوەکوو ئێستا ئامادە نییە رێککەوتنی هەولێر و دهۆک، کە لە بەرژەوەندیی گەلی کورددایە لە سووریا جێبەجێ بکات، گوتی: “ئەگەر پەیەدە بۆ رێککەوتنەکانی هەولێر و دهۆک نەگەڕێتەوە، یان ئامادە نەبێت بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئەنەکەسە، کە گەرەنتیی گەڕانەوەی ئاشتییانەی هێزی پێشمەرگەی رۆژ بکات بۆ سنوورەکانی رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ تورکیا، ئەوا دۆخی خۆی و کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە”.


هاوکات، ئەو بەرپرسەی کورد راشی گەیاند، لۆژیکی نییە پێمان وابێت ئەمەریکا لەو مەرجەی کە تورکیا هەیەتی لە دوورکەوتنەوە لە رووسیا، لەنێوان تورکیایەک کە هێزێکی ناتۆیە و هاوپەیمانیەتی، بێت پەکەکە هەڵبژێرێت، گوتی: “پەکەکە دەبێ واز لەو عەقڵیەتە خۆسەپێنەی لە رۆژئاوا بهێنێت، ئەگەر نا روونە خۆی و چارەنووسی کورد لە رۆژئاوا دەخاتە مەترسییەوە، لەبەرئەوە گەڕانەوەی پەکەکە بۆ رێککەوتنەکانی پێشوو یان رێکەوتنێکی نوێ، کە لەگەڵ بارودۆخی ئێستا زیاتر گونجاو بێت بۆ پەکەکە رێگە راستەکەیە و جگە لەوە بژارەیەکی دیکەی نییە”.


جێی باسە، بەپێی ڕێککەوتنی، ئەنەکەسە و تەڤدەم، وا بڕیار بوو هەر یەک لەو دوولایەنە، کە چەند هێزێکیان لە خۆیان گرتووە، بەیەکەوە ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان بکەن و مەرجەعیەتێکی سیاسی بە ناوی (لێڤەگەری سیاسی) دابمەزرێنن.
کە ئەو دامەزراوەیە 30 ئەندامی هەبێت کە 24یان بە شێوەی یەکسان لەنێوان دوو لایەنی ئاماژەپێکراو دابەش بکرێت و 6 کەسەکەی تر بە هەڵبژاردن دەستنیشان بکرێن.


کە بە کورتییەکەی رێککەوتنەکانی هەولێر و دهۆک خۆیان لە سێ خاڵی سەرەکیدا دەبیننەوە:


یەکەم: پێکهێنانی مەرجەعیەتێکی سیاسی لە رۆژئاوای کوردستان، بۆ ئەوەی بڕیارە سیاسییەکان لە رۆژئاوای کوردستان بە هاوبەشی بدرێت، تا هێزی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لەبەرامبەر هەر لایەنێک یەکگرتوو و بەهێز بێت.
دووەم: ئەو سێ کانتۆنەی لە رۆژئاوای کوردستان دروست کرابوون، بکرێنەوە بە یەک ناوچەی ئیداری و لەلایەن سەرجەم هێزە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە بەڕێوە ببرێت، بە شێوەیەک بێ، سەرجەم لایەنەکانی تێدا بێت.
سێیەم: هێزی پێشمەرگەی ڕۆژئاوای کوردستان، کە ئێستا لە باشووری کوردستانن، لەگەڵ هێزەکانی یەپەگەدا، کە سەر بە پەیەدەن، بکرێنەوە بە یەک و هێزێکی تایبەتی ڕۆژئاوای کوردستان هەبێت، بۆ ئەوەی هێزی چەکدار، بەدەست هیچ حزبێکەوە نەمێنێت.