18 پردى ڕێگەی كه‌لار ـ سلێمانی مه‌ترسیی ڕووخانیان له‌سه‌ره‌

 

14/04/2019 - 17:14 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

خراپیی ڕێگەى كه‌لار ـ سلێمانى و بوونى چاڵێكى زۆر له‌سه‌ر ڕێگەكه‌، ژماره‌یه‌ك مامۆستا ناچار ده‌كات به‌ بۆیاخ ناوى به‌رپرسان له‌سه‌ر چاڵه‌كانى ڕێگه‌كه‌ بنووسن و داواى چاككردنى بكه‌ن. ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، كه‌ 18 پردى سه‌ر ڕێگەكه‌ مه‌ترسیی ڕووخانیان له‌سه‌ره‌.


سه‌یوان شانۆ، مامۆستای خوێندنگەى ئاماده‌یی هه‌واسان، به‌ (باس)ى ڕاگه‌یاند: "به‌هۆى خراپیی ڕێگەى كه‌لار ـ سلێمانى و بوونى چاڵێكى زۆر له‌سه‌ر ڕێگەكه‌، كه‌ ڕۆژانه‌ بێزارى كردوون، وه‌كوو دوو مامۆستاى ئاماده‌ییه‌كه‌مان و شۆفێرى ئۆتۆمبێله‌كه‌مان، ڕۆژى 4/4/2019 به‌ بۆیاخ ناوى ژماره‌یه‌ك به‌رپرسمان له‌سه‌ر ڕێگەكه‌ نووسی".


گوتیشی: "ئێمه‌ نه‌مانویست ڕێگە دابخه‌ین و ببینه‌ ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م هاتوچۆى هاووڵاتییان و شۆفێراندا، بۆیه‌ ویستمان له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ په‌یامه‌كه‌مان بگه‌یه‌نین‌".


هاوكات 15 ڕێكخراوى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى له‌ گه‌رمیان، له‌ یاداشتێكدا، كه‌ له‌باره‌ى خراپیی ڕێگەوبانه‌كانى سنووره‌كه‌ بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌ و وێنه‌یه‌كى بۆ (باس) نێردراوه‌، ڕای ده‌گه‌یه‌نن: "یه‌كێك له‌و كێشه‌ گه‌ورانه‌ى گه‌رمیانى پێوه‌ گیرۆده‌ بووه‌، خراپی و یه‌ك سایدیى ڕێگەى 174 كیلۆمه‌ترى كفرى ـ كه‌لار ـ سلێمانییه‌، كه‌ ئه‌م ڕێگەیه‌ یه‌كێك له‌ شاده‌ماره‌كانى ژیانى گه‌رمیانه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ ڕێگەى مه‌رگ ده‌ناسرێت، به‌پێى قەبڵاندنى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ڕۆژانه‌ نزیكه‌ى 5 هه‌زار ئۆتۆمبێل هاتوچۆى پێدا ده‌كه‌ن".


به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌: "ڕێگەكه‌ ته‌مه‌نى بووه‌ته‌ 70 ساڵ و هه‌ر 18 پرده‌كه‌ى به‌ته‌واوه‌تى هیلاكن و بۆ به‌كارهێنان مه‌ترسیدارن و هاتووچۆ به‌سه‌ریاندا وه‌كوو ڕۆیشتنه‌ به‌سه‌ر ئاگردا. به‌پێى ئاماره‌كانى هاتوچۆى گه‌رمیان، ته‌نیا له‌ ماوه‌ى 5 ساڵى ڕابردوودا 379 ڕووداوى هاتوچۆ له‌و ڕێگەیه‌دا ڕوویانداوه‌، كه‌ به‌هۆیانه‌وه‌ نزیكه‌ى 100 هاووڵاتی گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ و به‌ سه‌دانى دیكه‌ش بریندار بوون".


ڕێكخراوه‌كانى گه‌رمیان نایشارنه‌وه‌: "له‌سه‌روبه‌ندى هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كانى عێراق و هه‌رێمدا، هه‌ڵایه‌كى گه‌وره‌ى میدیایی بۆ دووسایدكردنى ڕێگەكه‌ به‌رپا كرا و به‌كرده‌وه‌ش 24 كیلۆمه‌ترى له‌ كه‌لاره‌وه‌ تا گوندى سه‌ید مه‌حموود لێ جێبه‌جێ كرا، به‌ڵام له‌پڕ ڕاگیرا و دواتریش ده‌ركه‌وت 40 كیلۆمه‌ترى ڕێگەكه‌ له‌ گوندى سه‌ید مه‌حمووده‌وه‌ بۆ ده‌ربه‌ندیخان، ته‌نانه‌ت بودجه‌شی بۆ ته‌رخان نه‌كراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ كۆمپانیاى جێبه‌جێكار و هاوبه‌شه‌كانى له‌سه‌ر بودجه‌ى خۆیان نزیكه‌ى بایی 5 ملیۆن دۆلار كاریان تێیدا كردووه‌".


ڕێكخراوه‌كانى گه‌رمیان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن: "ئێمه‌ له‌ ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى له‌ گه‌رمیان، له‌ كه‌مته‌رخه‌میى حكوومه‌ت له‌ دووسایدكردنى ڕێگەكه‌ زۆر نیگه‌رانین، چونكه‌ هیچ پرۆژه‌یه‌ك بۆ گه‌رمیان له‌ گرنگیدا له‌ ئاستى پێویستى ئه‌م پرۆژه‌یه‌دا نییه... بۆیه‌ داواكارین ده‌ستبه‌جێ و له‌ یه‌ك كاتدا دووسایدكردنى ڕێگەكه‌ له‌ كفرییه‌وه‌ تا سلێمانى كارى تێدا بكرێت و سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌په‌له‌ بودجه‌ى بۆ ته‌رخان بكات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌، هه‌موو فشاره‌ مه‌ده‌نى و میدیاییه‌كان، تا دوا قۆناغى پرۆژه‌كه‌ ده‌گرینه‌ به‌ر".


كه‌ریم عه‌لى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، به‌ (باس)ى ڕاگه‌یاند: "18 پردى ڕێگەى نێوان كه‌لار ـ سلێمانى مه‌ترسیی ڕووخانیان له‌سه‌ره‌ و له‌ هه‌ر ئان و ساتێكدابێت ده‌ڕووخێن".


هه‌روه‌ها گوتى: "پێویسته‌ به‌ هه‌موو لایه‌كمانه‌وه‌ هه‌موو جۆره‌ فشارێك دروست بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم پردى نوێ له‌ جێگه‌ى ئه‌و پردانه دروست بکات‌، چونكه‌ ئه‌و پردانه‌ به‌كه‌ڵكى چاككردن و سیانه‌كردن نه‌ماون".


ئاشكراشی كرد: "به‌ یاداشتێك، كه‌ واژۆى ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى له‌سه‌ره‌، داوامان له‌ سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌ن كردووه‌، بۆ ڕێزگرتن له‌ قوربانییانى تاوانى ئه‌نفال، ڕۆژى 14/4/2019 دانشتنى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌ شارى كه‌لارى ناوه‌ندى ئیداره‌ى گه‌رمیان ئه‌نجام بدرێت".


گوتیشی: "پێشنیارمان كردووه‌ دانیشتنه‌كه‌ تایبه‌ت بكرێت به‌ كێشه‌كانى ڕێگه‌وبان، به‌تایبه‌تى ڕێگه‌ى نێوان كه‌لار ـ سلێمانى و به‌ میوانداریى هه‌ریه‌كه‌ له‌ سه‌رپه‌رشتیارى ئیداره‌ى گه‌رمیان و قایمقامه‌كانى كه‌لار و كفرى و ده‌ربه‌ندیخان و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ڕێگەوبان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى سلێمانى و به‌ڕێوه‌به‌رى ڕێگه‌وبان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى گه‌رمیان گفتوگۆى له‌باره‌وه‌ بكرێت".