فۆتۆگرافەرێکی فەرەنسیی سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول: هەمیشە دەرگای مەلا مستەفا بۆ من کراوە بوو 

سەردار ستار - محەمەد دەرگەڵەیی 13/04/2019 - 15:10 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو بیستم وێنه‌گرێكی فه‌ره‌نسی به‌ ناوی فرانسوا لۆڤات له‌ هه‌ولێره‌ كه‌ له‌ ساڵانی ٦٠ی سه‌ده‌ی ڕابردوو سه‌ردانی كوردستانی كردووه‌ و وه‌ك وێنه‌گر ماوه‌ی چه‌ند مانگێك له‌گه‌ڵ بارزانی نه‌مر چیا به‌ چیا گه‌ڕاوه‌. له‌ ڕێگه‌ی چه‌ند هاوڕێیه‌كه‌وه‌ دیدارێكم له‌گه‌ڵ سازكرد. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت، جیاواز له‌ هه‌ر چاوپێكه‌وتنێكی دیكه‌م، هیچ پرسیارێكم ئاماده‌ نه‌كردبوو. پێشوه‌خته‌ بڕیاری خۆم دابوو كه‌ گفتوگۆیه‌كی دۆستانه‌ بكه‌ین و زۆر نه‌چمه‌ ناو بابه‌تی سیاسی‌، به‌ڵكو هه‌وڵ بده‌م زیاتر له‌باره‌ی ژیانی تایبه‌تی بارزانی نه‌مر و چۆنییه‌تی گه‌یشتنی فرانسوا لۆڤات خۆی بۆ كوردستان پرسیار بكه‌م. جیا له‌مانه‌ش، هه‌میشه‌ بۆم پرسیار بوو ئاخۆ ده‌بێ چی وا له‌ مرۆڤێك بكات ژیانی پڕ ناز و نیعمه‌تی ئه‌وڕوپا، ئه‌ویش له‌ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی ڕابردوو، جێ بهێڵێت و بێته‌ ناوچه‌یه‌كی پڕ مه‌ترسییه‌وه‌؟

هه‌رچۆنێك بێت گه‌یشتمه‌ به‌ر ده‌رگای شوێنی مانه‌وه‌ی فرانسوا لۆڤات، له‌ده‌رگام دا و فه‌رمووی لێ كردم و چوومه‌ ژووره‌وه‌. هه‌ستم كرد چوومه‌ته‌ پێشانگایه‌كی فۆتۆگرافی. هه‌ڵبه‌ت هه‌ر چاوه‌ڕێی دیمه‌نێكی ئاواشم له ماڵی‌ فۆتۆگرافه‌رێكی به‌ناوبانگی جیهان ده‌كرێ. دوای خۆناساندن، پرسیارم لێ كرد یه‌كه‌م جار‌ كه‌ی و چۆن و بۆچی هاتووه‌ته‌ كوردستان و چۆن گه‌یشتووه‌ته‌ لای بارزانی نه‌مر؟ كابرایه‌كی ڕووحسووك و قسه‌ خۆش بوو. بۆی گێڕامه‌وه‌ كه‌ له‌و كاته‌ی قوتابی به‌شی ئه‌ندازیاری بووه‌ له‌ شاری ستراسبورگی فه‌ره‌نسا وه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی زانكۆ ویستوویه‌تی سه‌ردانی هیندستان بكات، به‌ڵام له‌ تاران ناچار ده‌بێت داوای كار له‌ كۆمپانیایه‌كی فه‌ره‌نسی بكات بۆ ئه‌وه‌ی بڕێك پاره‌ كۆ بكاته‌وه‌ و گه‌شته‌كه‌ی پێ ئه‌نجام بدات. فرانسوا لۆڤات له‌ پڕۆژه‌ی دروستكردنی به‌نداوێك ده‌ست به‌ كار ده‌كات و له‌ ماوه‌ی مانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ندین كرێكاری كورد ئاشنا ده‌بێت كه‌ له‌ هه‌مان پڕۆژه‌ كارییان كردووه‌. ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ سه‌ره‌تای ئاشنا بوونی لۆڤات به‌ كورد و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كوردستان.

ئه‌گه‌ر چی نزیكه‌ی ٦٠ ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و ڕۆژانه‌ تێپه‌ڕ ده‌بێت، به‌ڵام لۆڤات چیرۆكی گه‌یشتنی خۆی به‌ كوردستان به‌ ڕۆژ و مانگ و ساڵ بۆ ده‌گێڕامه‌وه‌. گوتی هه‌ر زوو په‌شیمان بوومه‌وه‌ له‌وه‌ی ببم به‌ ئه‌ندازیار. گه‌ڕامه‌وه‌ فه‌ڕه‌نسا و له‌ به‌شی سینه‌ما ناونووسیم كرد. فێری وێنه‌گری فۆتۆ و فیلم بووم و به‌ڕێ كه‌وتم بۆ كوردستانی باكوور. لۆڤات ماوه‌یه‌ك له‌ ئه‌سته‌نبۆڵ و شاره‌ جیاكانی كوردستانی باكوورد ده‌مێنێته‌وه‌ و له‌وێ له‌گه‌ڵ كامه‌ران به‌درخان ئاشنا ده‌بێت. هه‌ر ئه‌ویش فێری زمانی كوردی ده‌كات و ڕێگه‌ی نیشان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ بگاته‌ لای بارزانی نه‌مر. دوای ماوه‌یه‌كی زۆر، لۆڤات ده‌چێته‌ سوریا و له‌ حه‌له‌ب چه‌ند هاوڕێیه‌كی كامه‌ران به‌درخان یارمه‌تی ده‌ده‌ن خۆی بگه‌یه‌نێته‌ قامیشلۆ و له‌وێوه‌ش به‌ره‌و كوردستان. له‌ باره‌ی گه‌شته‌كه‌ی و مه‌ترسییه‌كانی ڕێگا، لۆڤات گوتی: “دوای گه‌یشتنم بۆ حه‌له‌ب، كورده‌كان هه‌ر زوو ئاگاداریان كردمه‌وه‌ كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی سوریا زانیارییان له‌ باره‌ی منه‌وه‌ هه‌یه‌ و به‌دوامدا ده‌گه‌ڕێن. هه‌ر بۆیه‌ش منیان برده‌ ئه‌شكه‌وتێك و دوای ١٠ ڕۆژ دشداشه‌ و عه‌گالێكیان بۆ هێنام و وه‌ك عه‌ره‌ب خۆم پۆشی و به‌ بارهه‌ڵگرێك كه‌وتینه‌ ڕێگا. له‌ قامیشلۆوه‌ به‌ لاندكروزه‌رێك چووینه‌ سه‌ر سنوور و به‌ به‌له‌مێكی چووپ له‌ ڕووباری دیجله‌ په‌ڕینه‌وه‌. كه‌ گه‌یشتینه‌ سنووری عێراق ئیتر به‌ چیاكاندا و به‌ پێ ڕێمانكرد تا زاخۆ. ئینجا به‌ڕێكه‌وتم بۆ لای مه‌لا مسته‌فا.”


لۆڤات هاوكات چه‌ند نامه‌یه‌كی له‌ لایه‌ن كامه‌ران به‌درخانه‌وه‌ بۆ بارزانی نه‌مر هێناوه‌ و وه‌ك خۆی ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق به‌و نامانه‌وه‌ ده‌ستگیریان بكردبا، ئه‌وا دوور نه‌بوو له‌ سێداره‌ی بده‌ن. به‌ڵام خۆشه‌ویستی ئه‌م فۆتۆگرافه‌ره‌ بۆ پیشه‌كه‌ی و سوور بوونی له‌سه‌ر تۆماركردنی مێژووی هاوچه‌رخی كورد وایكرد هه‌موو ئه‌م مه‌ترسییانه‌ قبووڵ بكات و به‌رده‌وام بێت. داوام لێ كرد به‌ وردی باسی ساته‌وه‌ختی یه‌كه‌م دیداری له‌گه‌ڵ بارزانی نه‌مر بكات. پێكه‌نی و گوتی: “یه‌كه‌مجار كه‌ گه‌یشتمه‌ لای مه‌لا مسته‌فا فه‌رمووی لێ كردم… دانیشتم و نامه‌كانی كامه‌ران به‌درخانم له‌ جانتاكه‌م هێنایه‌ ده‌ر و پێم دا… هه‌ر كه‌ ده‌ستی به‌ خوێندنه‌وه‌یان كرد من ده‌ستم دایه‌ كامێراكه‌م و چه‌ند وێنه‌یه‌كیم گرت. دواتر به‌ كوردی قسه‌ی كرد و منیش به‌ كوردی وه‌ڵامم دایه‌وه‌‌… زۆر پێ سه‌رسام بوو كه‌ كوردیم ده‌زانی. هه‌ر ئه‌وه‌ وای كرد به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ من مێهره‌بان بێت و ئاگای له‌ من بێت… ١١ پێشمه‌رگه‌ی ده‌ستنیشانكرد بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاریم لێ بكه‌ن و پێی گوتم: تۆ چیت پێ خۆشه‌ ده‌توانی بیكه‌ی. خه‌ڵكی كه‌ ویستبایان مه‌لا مسته‌فا ببینن پێویست بوو كاتێك دیاری بكه‌ن، به‌ڵام بۆ من وا نه‌بوو… هه‌ر ده‌هاتم و ده‌چووم ده‌مگۆت سڵاو مه‌لا مه‌سته‌فا… فه‌رمووی لێده‌كردم و ده‌یگوت دانیشه‌. هه‌م مه‌لا مسته‌فا و هه‌میش پێشمه‌رگه‌كانی منیان به‌دڵ بوو چوونكه‌ هه‌رگیز هه‌وڵم نه‌دا ته‌داخولی كاری سیاسییان بكه‌م و پێیان بڵێم ئه‌وه‌ بكه‌ن و ئه‌وه‌ مه‌كه‌ن، من كاری خۆمم ده‌كرد كه‌ بریتی بوو له‌ وێنه‌گرتن و تۆماركردنی ڤیدیۆ.”

لۆڤات ماوه‌ی سێ مانگ به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ بارزانی نه‌مر بووه‌. ئه‌و ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ بارزانی پیاوێكی ژیر و سیاسه‌تمه‌دارێكی هۆشیار بوو، ده‌یزانی كه‌ حكومه‌تی عێراق به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی تیرۆركردنی ده‌دات، هه‌ر بۆیه‌ش به‌رده‌وام شوێنی مانه‌وه‌ی خۆی و پێشمه‌رگه‌كانی ده‌گۆڕی و له‌ چیاكان ده‌مانه‌وه‌. به‌ گوته‌ی لۆڤات، جار هه‌بووه‌ حكومه‌تی عێراقی داوای دانووستانی له‌ بارزانی كردووه‌ و بارزانی له‌ كاتی دیاریكراو نه‌چووه‌ و دواتر ده‌ركه‌وتووه‌ شوێنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆمبباران كراوه‌.

به‌ڵام وێنه‌گره‌ فه‌ڕه‌نسییه‌كه‌ كه‌ ئه‌و ساڵه‌ گرێبه‌ستی كاركردنی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی نیشتمانی فه‌ڕه‌نسی هه‌بووه‌، كێشه‌ی ناردنه‌وه‌ی‌ وێنه‌ و فیلمه‌كانی بۆ پاریس ده‌بێت. ئه‌و پێشتر له‌گه‌ڵ كۆنسوڵی فه‌ڕه‌نسا له‌ حه‌له‌ب هه‌ماهه‌نگی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی فیلم و وێنه‌كانی به‌ ڕێگه‌ی پۆسته‌ی دیپلۆماسی بۆ ڕه‌وانه‌ی پاریس بكات. به‌ڵام گه‌یاندنی وێنه‌كان به‌ حه‌له‌ب خۆی كێشه‌یه‌كی دیكه‌ بووه‌ كه‌ ئه‌و بۆ چاره‌سه‌ركردنی په‌نا بۆ بارزانی ده‌بات. بارزانیش به‌ڕێگه‌ی چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كه‌وه‌، مانگی جارێك جانتایه‌ك پڕ له‌ وێنه‌ و فیلم بۆ لۆڤات ڕه‌وانه‌ی حه‌له‌ب ده‌كات و له‌وێشه‌وه‌ به‌ره‌وه‌ پاریس پۆست ده‌كرێن.

پرسیارم له‌ لۆڤات كرد كه‌ ئایا چی له‌ بارزانیدا هه‌بوو كه‌ بۆ ئه‌و سرنجڕاكێش و جێگای بایه‌خ بوو؟ گوتی: “شه‌وێكیان له‌ شوێنی مانه‌وه‌ی بارزانی له‌ یه‌كێك له‌ چیاكانی كوردستان بووین و قسه‌مان ده‌كرد، پێی گوتم: حكومه‌تی عێراقی هه‌رچییه‌كی داوا بكه‌م ئاماده‌ن پێمی بده‌ن، ملیۆنان دۆلار، خانوو و موڵك و زه‌وی، و ئۆتۆمبێل، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی بێ ده‌نگ بم و له‌ به‌غدا دابنیشم. به‌ڵام من وا لێره‌م له‌ چیاكان، له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كان دام. وه‌ك ئه‌وان ژیانێكی سه‌خت و پڕمه‌ترسیم هه‌ڵبژاردووه‌ چوونكه‌ گه‌لی كوردستان لێره‌ پێویستی به‌ منه‌.” پرسیارم لێ كرد، ئه‌ی پێشمه‌ر‌گه‌كان، چی ئه‌وان بۆ تۆ جێگای سه‌رسوڕمان یان تێڕامان بوو؟ گوتی: “شتێكی زۆر تایبه‌ت هه‌یه‌ له‌ باره‌ی پێشمه‌رگه‌ جا چی له‌سه‌رده‌می شۆڕشه‌كانی پێشوو چی له‌ سه‌رده‌می شه‌ڕی داعش، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ چاونه‌ترسن، تا ڕاده‌یه‌ك كه‌ هیچ شتێك تووشی ترس و له‌رزیان ناكات.”

چاوێكم به‌ ژووره‌كه‌یدا گێڕا، جیا له‌ ده‌یان وێنه‌ و كه‌رسته‌ی كۆن و جوان، جه‌مه‌دانییه‌كی سوور به‌ ته‌نیا له‌ سه‌ر ڕه‌ففه‌یه‌كی شووشه‌یی دانرابوو. پرسیارم كرد چیرۆكێك له‌ پشت ئه‌م جه‌مه‌دانییه‌وه‌ هه‌یه‌؟ هه‌ستم كرد پێی خۆش بوو وا له‌ ژووره‌كه‌ی وورد بوومه‌ته‌وه‌ و به‌ تایبه‌تیش پێی خۆش بوو ئه‌و پرسیاره‌م لێی كرد. گوتی: “له‌ ماوه‌ی مانه‌وه‌م له‌گه‌ڵ بارزانی نه‌مر و له‌ كاتی كۆنفرانسی كۆیسه‌نجاق، ڕۆژێكیان جلێكی كوردیم له‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ك وه‌رگرت و ئه‌نوه‌ر میرزاش جه‌مه‌دانییه‌كی پێدام، پۆشیم و چوومه‌ لای مه‌لا مسته‌فا. كه‌ منی بینی زۆری پێ خۆش بوو، به‌ڵام گوتی: لۆڤات، ده‌بێ دوو جه‌مه‌دانی ببه‌ستی. بۆ به‌یانی دووباره‌ چوومه‌وه‌ لای و ئه‌مجاره‌ جه‌مه‌دانییه‌كی به دیاری‌ پێدام. ئه‌م جه‌مه‌دانییه‌ هه‌مان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌لا مسته‌فا پێی داوم.”

لۆڤات ماوه‌ی پێنج مانگ دۆڵ و ده‌شتی كوردستان له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ ده‌كات و سێ مانگی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ بارزانی نه‌مر ژیاوه‌. دواتر له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، بارزانی ڕێگه‌ی نادات به‌ سووریادا بگه‌ڕێته‌وه‌ و بۆ پاراستنی ژیانی چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ده‌نێرێت بۆ ئه‌وه‌ی بیگه‌یه‌ننه‌ سه‌ر سنووری ئێران و له‌وێشه‌وه‌ بۆ تاران و ئینجا به‌ فڕۆكه‌ بۆ پاریس بچێته‌وه‌. له‌ كاتی ماڵئاواییشدا، بارزانی ٣٠٠ پاوه‌نی به‌ریتانی پێ ده‌دات وه‌ك ڕێزگرتنێك له‌ ماندووبوونی لۆڤات بۆ تۆماركردنی خه‌باتی گه‌لی كورد له‌ پێناو ئازادیدا. بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاوم ڕوونتر بێت كه‌ ٣٠٠ پاوه‌نی به‌ریتانی له‌ سالی ١٩٦٠ چه‌ند به‌ نرخ بووه‌، لۆڤات به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ گوتی به‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ئه‌وكاته‌ ده‌تتوانی ئۆتۆمبێلێكی بچووك له‌ فه‌ڕه‌نسا بكری.

ئەلبوومی وێنەکان