کۆچەر بیرکار: پێشناوی (د.) یان (دکتۆر) هیچ لە ئاستی زیرەکیی مرۆڤ ناگۆڕێت

"سەرسام بوون بەک جۆرە میواندۆستیەی باشووری کوردستان"

13/04/2019 - 15:06 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

کۆچەر بیرکار، زانای ماتماتیکی کورد، لە دیمانەیەکی هەفتەنامەی (باس)دا، ئاماژە بەوە دەدات، کە ئەو میواندارییەی کوردستانی باشوور زۆر سەرنجی راکێشاوە و خەریکی دروستکردنی رێکخراوێکە بۆ یارمەتیدانی قوتابییانی زانکۆکانی کوردستان.


کۆچەر بیرکار، زانای بواری بیرکاری، هەڵگری خەڵاتی فیڵدز لە وڵاتی بەریتانیا (نۆبڵی بیرکاری)، لەدایکبووی ئاوایی نێی شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەوە روون دەکاتەوە، کە کاریگەریی گوندەکەی لە رووی نەتەواییەتی لەسەر بووە و دەڵێت: ”لە هەر شوێنێک بژیت، کاریگەریی ئەو شوێنەت لەسەرە، کەسی وەک قانع لەو شوێنە بووە، لە خودی نێ نەبووە لە پاڵی بووە، ئەمەش بۆ لایەنی کوردی و نەتەوایەتیی کاریگەریی هەبووە، بۆیەش ئەو خەڵاتەم پێشکەشی 40 ملیۆن کورد کرد، چونکە هەموو نەتەوەیەک کەسی دیاری هەیە، بەڵام لە بواری خوێندندا لەنێو کورد زۆر کەمە، راستە شاعیر و نووسەرمان هەیە، بەڵام لە بواری زانستیی ئەکادیمی کەم بووە، کارێکی ئاساییە بۆ کورد بێت و خۆم هەر کوردم و حاشای لێ ناکەم، بەڵکوو شانازیی پێوە دەکەم، منیش پێم خۆش بوو کورد هەواڵی خۆش ببیسێت، چونکە بە زۆری ئەو هەواڵانەی کورد دەیبیسێت، دڵتەزێن و ناخۆشن، با هەواڵێکی خۆشیش ببیسێت“.


ئەو زانایەی کورد، لەبارەی ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی ئێران، هەوڵی ئەوەیان دا، وەک کەسێکی ئێرانی، نەک کورد بیناسێنن، ئاماژە بەوە دەدات: ”بەداخەوە ئەو شتانە بەهۆی سیاسەتەوە هەیە، بەڵام میللەتی ئێران ئەگەر شانازی بە کوردێکەوە بکەن بۆ نەیکەن؟، ئاساییە، بەڵام ئەگەر ناوم بشێوێنن، ئەوەیان نا“، بۆ ناونانی پاشناوی بیرکارییش، حەزی بەوە کردووە، ناسناوێکی هەبێت، کە گوزارشت لە خۆی بکات و ناوێکی کوردییش بێت.


کۆچەر بیرکار کە ئێستا بەهۆی داوەتنامەیەکی زانکۆی سەڵاحەدین، لە شاری هەولێری پایتەختی کوردستانە و رۆژی 27\3\2019، دکتۆرای فەخریی لەلایەن زانکۆکەوە پێ بەخشرا، ئەوە ئاشکرا دەکات کە پڕۆژەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە، لەگەڵ گرووپێکی زانکۆکانی کوردستان خەریکی دانانی رێکخراوێکن، تاکوو بتوانن لە رووی ئەکادیمییەوە یارمەتیی قوتابییانی کورد بدەن، جگە لە قوتابییانی کوردستان، بەڵکوو لە هەر شوێنێکی دونیا بن. ناشیشارێتەوە، کە نەک تەنیا کوردستان، لە هیچ شوێنێکی عێراق زانکۆیەکی زۆر ئاست بەرز نابینێت، بۆیە لەگەڵ ئەو گرووپە هەوڵی ئەوە دەدەن، زانکۆکانی کوردستان باشتر بکەن، بەتایبەتی لە بواری زانستی بیرکاری: ”تا ڕادەیەک ئەو بوارە لەناو کورددا تازەیە، مێژوویەکی ئەوتۆی نییە، بۆیە دروستکردنی شوێنێک بۆ ئەمە بەم شێوەیە ئاسان نییە و چەندین ساڵی دەوێت“.


ئەو زانا کوردە، ئێستا لە بەریتانیا دەژی و لە زانکۆیەکی ئەو وڵاتە وانەبێژە، پێی وایە، پسپۆڕانی ئەکادیمیی کوردستان، لە دیاسپۆڕا دەتوانن بە دروستکردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ زانکۆکانی کوردستان، یارمەتیی کوردستان بدەن و کاریگەرییان هەبێت، یاخود بە شێوەیەک بتوانن یارمەتیی قوتابییانی کورد بدەن: ”ئەگەر ئەوەش نەبێت، بە زۆر شێوەی دیکە دەتوانن کاریگەرییان هەبێت و بیکەن“.


ئەوەی لە باشووری کوردستان سەرنجی کۆچەر بیرکاری راکێشاوە، ئەو میواندۆستییە بووە: ”ئەو جۆرە میوانداری و میواندۆستییە، شتێکی زۆر جوان و زۆر خۆش بوو بەلای منەوە، ئەوە تەنیا من ناشیڵێم، بەڵکوو جاری وا هەبووە کتێبم خوێندووتەوە، باسی ئەو میواندارییەی کردووە، یا لە هەواڵێک کەسێک دیمانەی کراوە کە باسی سەردانی باشووری کوردستانی کردووە، باسی ئەو جۆرە میواندارییە گەرمەی کردووە“.


کۆچەر، پیشنیازی بۆ زانکۆکانی کوردستان ئەوەیە کە کەسی شیاو لە شوێنی شیاو دابنێن: ”کەسی پسپۆڕ لە شوێنە شیاوەکان دابنێن، چونکە بە گشتی ئەو شتە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا نییە، ئەمە تەنیا بۆ مەسەلەی زانکۆ نییە، دەبێ بەرەو پێش بڕۆین“. کۆچەر بیرکار، کە خۆی دکتۆرای لە زانستی بیرکاریدا هەیە، بەڵام ناونانی خۆی بە دکتۆرا ناهێنێ، لە کاتێکدا لە زانکۆکانی کوردستان، بەم شێوەیە نییە، بۆیە ئەو پێی وایە، ئەو دالە، هیچ پەیوەندییەکی لەنێوان زیرەکی و لەقەبەوە نییە: ”ئەگەر تۆ زیرەک بیت، هیچ پەیوەندیی بە لەقەبی دکتۆر و ئەوانەوە نییە، حەز دەکەیت بە کاک بانگ بکە، یان بڵێن کۆچەر، زۆریش پێم خۆشە“.


ئێستا لە بەشێک لە قوتابخانەکانی کوردستان، وانە زانستییەکان بوونەتە زمانی ئینگلیزی، بەتایبەت بیرکاری، ئەو زانا کوردە ئەوە دەخاتە ڕوو کە ئەمە لە هەندێک بوارەوە باشە و لە هەندێکیان باش نییە: ”بەتەواوەتی ناتوانی بڵێی باشە یان خراپە، خۆی منداڵ بە هەر زمانێک فێر بکەی، فێر دەبێت، بەڵام ئەگەر بە کوردی بێت باشترە، بەڵام لەوانەیە بەهۆی نەبوونی چەمک و هەندێک زاراوەوە کرابێتە ئینگلیزی، بۆیە ناتوانم بڵێم باشە یان خراپە، هەردوو لایەنی باش و خراپی هەیە“.


لە رۆژی وەرگرتنی دکتۆرای فەخری، بینینی دایک و باوکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، گلەیی زۆر لە کۆچەر بیرکار کرا، کە دایک و باوکی بینییەوە بە پیریانەوە نەڕۆیشتووە و بە شێوەیەکی گەرموگوڕ نەبووە، هەرچەندە کۆچەر بێئاگایی خۆی لەوە راگەیاند، بەڵام روونی کردەوە، کە ئەو پێشتر ئەوانی بینیوە: ”هەفتانە لەگەڵ دایک و باوکم قسە دەکەم، هەر ئەو کاتەی هاتمەوە ئەوانم بینیبوو، ئەو کاتەی کە خەڵاتەکەشم وەرگرت دوو شەو بوو نەخەوتبووم“.


کۆچەر درەخشانی، ناسراوە بە کۆچەر بیرکار، لە ساڵی 1987 لە گوندی نێی سەر بە شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە، لە زانکۆی تاران بەکالۆریۆسی لە بیرکاری بەدەست هێناوە، لە ساڵی 2000 بەشداریی لە ئۆلۆمپیادی لەندەن بۆ بیرکاری لە زانکۆی کاردیف کردووە و پلەی سێیەمی بەدەست هێنانەوە، دواتر لە زانکۆی نۆتینگهام بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای بەدەست هێناوە، چەندین خەڵاتی لە بواری بیرکاری وەرگرتووە، گەورەترینیان خەڵاتی (فیڵدز بووە) لە ساڵی رابردوودا

.