لە ریزبەندی داهاتی ساڵانەی تاک وڵاتی قەتەر پێشەنگە وعێراقیش لە 168میندایە

داهاتی مانگانەی زۆربەی عێراقییەکان تەنیا 200 هەزار دینارە

11/04/2019 - 16:29 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

بەپێی سەرژمێریی دەزگایەک و راپۆرتی وەزارەتی پلاندانان، دەردەکەوێت داهاتی زۆربەی عێراقییەکان مانگانە تەنیا 200 هەزار دینارە و دۆخی ئابووریی خێزانەکان زۆر خراپە. ئەوەش لەکاتێکدایە، کە بەپێی بەدواداچوونێک، لە داهاتی نەوت هەر تاکێکی عێراقی دەبێ 3 ملیۆن دینار داهاتی بێت.


بەپێی دوایین راپۆرتی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق، دەرکەوتووە 31%ی خێزانەکانی عێراق لە دۆخێکی خراپی ئابووریدان و داهاتی مانگانەی هەر خێزانێک لە خوار ٢٠٠ هەزار دینارەوەیە.


وەزارەتی پلاندانان جەختی کردووەتەوە، نزیکەی 28%ی گەنجانی عێراق بێکارن و 90%ی هێزی کاری ژنانیش لە کەرتی گشتیی حکوومیدا کار دەکەن.


روون کراوەتەوە، 31%ی خێزانەکان مانگانە کەمتر لە یەک ملیۆن دینار خەرج دەکەن و 48%شیان لەنێوان یەک ملیۆن و زیاتر و 14%ی خێزانەکانیش لەنێوان ٢ تا ٣ ملیۆن دینار داهاتیانە.


به‌پێی ئامارێکی نوێ، که‌ ده‌زگای ناوه‌ندی عێراق بۆ سه‌رژمێری ئه‌نجامی داوه‌ و کۆپییەکی دەست (باس) کەوتووە، خه‌رجیی به‌شێکی زۆری تاکه‌کانی عێراق مانگانه‌ 200 هه‌زار دیناره‌ و به‌شێکی دیکه‌شی زیاتر له‌ 400 هه‌زار دیناره‌.


له‌ ئاماره‌که‌دا هاتووه‌: "له‌ ساڵی 2018دا ژماره‌ی تێکڕایی خێزانی عێراقی 6 سەر خێزانن، نرخی ماده‌ی خۆراکی و پێداویستییه‌کان له‌ بازاڕدا وه‌رگیراوه‌ و مه‌وادی خۆراکیی ناو فۆرمی خۆراکیش به‌پێی نرخی بازاڕ حساب کراوه‌. هه‌روه‌ها نرخی کرێی خانوو به‌ هه‌موو شێوه‌کانیه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌، به‌و پێیه‌ش 45.7%ی هاووڵاتییانی عێراق مانگی 200 هه‌زار دینار خه‌رج ده‌که‌ن بۆ هه‌ر تاکێک، هه‌روه‌ها 26.8%یان خه‌رجیی مانگانه‌یان له‌ 200 هه‌زاره‌وه‌ تا 300 هه‌زاره‌".


به‌پێی هه‌مان ئه‌و ئامارە‌، 13.3%ی هاووڵاتییانی عێراقی له‌ مانگێکدا 400 هه‌زار دینار یان زیاتر خه‌رج ده‌که‌ن.


دۆخی گوزرەرانی هاووڵاتییانی عێراقی لەکاتێکدایە، مانگانە تەنیا لە نەوت نزیکەی یەک ملیار دۆلار داهاتیەتی.


ده‌زگای ناوه‌ندی بۆ سه‌رژمێری، ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌، به‌پێی سه‌رژمێریی ساڵی 2018 کۆی ژماره‌ی دانیشتوانی عێراق 38 ملیۆن و 124 هه‌زار و 182 که‌سه‌.


به‌پێی هه‌مان سه‌رژمێری، ژماره‌ی نێرینه‌ له‌ عێراقدا 19 ملیۆن و 261 هه‌زار و 253 که‌سه‌، که‌ ده‌کاته‌ %51 و ژماره‌ی مێ 18 ملیۆن و 862 هه‌زار و 929 که‌سه‌، که‌ ده‌کاته 49%.


ده‌زگای ناوه‌ندیی بۆ سه‌رژمێری، ئاشکراشی کردووه‌، عیراق ساڵانه‌ 850 هه‌زار بۆ یەک ملیۆن که‌س زیاد ده‌کات، پێشبینیش ده‌کرێت تا ساڵی 2030 ژماره‌ی دانیشتوانی عێراق بگاته‌ 50 ملیۆن که‌س.


لە سەرێکی ترەوە، بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ریزبەندی داهاتی ساڵانەی تاک لە وڵاتان، قەتەر پێشەنگە وعێراقیش لە 168میندایە.


بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکە، داهاتی ساڵانەی تاک لە وڵاتی قەتەر، 98 هەزار و 814 دۆلارە و لەدوای ئەویش وڵاتی لۆکسەمبۆرگی ئەوروپا دێت، کە داهاتی ساڵانەی تاک تیایدا 78 هەزار و 670 دۆلارە.


وڵاتی سەنغافوورە، کە لە چەند رۆژی رابردوودا بە باشترین وڵاتی گەشتیاری دەستنیشان کرا، لە ریزبەندی سێیەم وڵاتی جیهانە و داهاتی ساڵانەی تاک تیایدا 64 هەزار و 584 دۆلارە.


بەپێی راپۆرتەکە، عێراقی خاوەن نەوت و دەوڵەمەند بە کانزا، ریزبەندی 168مین وڵاتی جیهانی گرتووە، کە داهاتی تاک تیایدا 2 هەزار و 391 دۆلارە.


پەیجە عێراقییەکان ڤیدیۆی (ئابووریناسێک)یان بڵاوکردەوە، کە باس لە داهاتی تاک دەکات لەو نەوتەی کە عێراق دەیفرۆشێت.


ئابووریناسەکە ناوی عەلی کەرەمە، باس لەوە دەکات کە داهاتی ساڵانەی عێراق تەنیا لە هەناردەکردنی نەوت 86 ملیار دۆلار و 400 ملیۆن دۆلاری دەست دەکەوێت و لەو بەنزینیش کە لەناوخۆی وڵاتەکەدا بە هاووڵاتییانی دەفرۆشێتەوە، ساڵانە 13 ملیار و 680 ملیۆن دۆلار داهاتی هەیە.


ئەوەش دەخاتە ڕوو، کە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو داهاتەی لە باج، گومرگ، وەزارەتەکانی تەندروستی، کارەبا، رسووماتی کڕین و فرۆشتەکان، فرۆشی نەوت و غاز لە ناوخۆ و ئەوانی دیکە دەستی دەکەون، ئەگەر تەنیا داهاتی هەناردەی نەوت و فرۆشی بەنزینی ناوخۆ هەژمار بکرێت، ئەوا هەر هاووڵاتییەک لە منداڵێکی یەک رۆژەوە تا کەسێکی بەساڵاچوو، داهاتی مانگەی زیاتر لە 3 ملیۆن دینارە.


لە مانگی 7ی 2012 دا، عەلی سندی، وه‌زیری‌ پلاندانان له‌ حکوومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ کوردستان، له‌میانی‌ دانیشتنێکی‌ په‌رله‌ماندا که‌ تایبه‌ت کرابوو به‌ تاوتوێکردنی‌ بودجه‌ ئاشکرای کردووه‌، که‌ "له‌ ساڵی‌ 2003 داهاتی‌ ساڵانه‌ی‌ تاک له‌ هه‌رێمی‌ کوردستاندا 300 دۆلار بوو، به‌ڵام گه‌یشتووەته‌ 4 هه‌زار دۆلار". دووپاتی کردبووەوە، که‌ داهاتی‌ ساڵانه‌ی‌ تاک له‌ هه‌رێمی‌ کوردستاندا له‌ ماوه‌ی‌ 9 ساڵی‌ رابردوو له‌ 300 دۆلاره‌وه‌ بۆ 4 هه‌زار دۆلار به‌رز بووەته‌وه‌.


بەپێی قسەی عەبد زەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانی عێراق بێت، داهاتی تاک لە عێراقدا ساڵانە 6 هەزار دۆلارە و پێش 2003 تەنیا 300 دۆلار بووە.