چەند فراکسیۆنێک داوای نەمانی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکەن

هەندێکیان لەگەڵ دواخستنی هەلبژاردنەکانن

11/04/2019 - 15:50 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

لەدوای خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری پڕۆژەیاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە عێراق، رای جیاواز کەوتووەتە ناو فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراقەوە و هەندێکیان داوای نەمانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و هەندێکی دیکەیان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنی پارێزگاکاندان، کە وا بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ 2019 ئەنجام بدرێت.


بەپێی زانیارییەکانی (باس)، کە لە گفتوگۆکردن لەگەڵ ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی عێراق دەستی کەوتووە، دوای خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری پڕۆژەیاسای ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، ئێستا ڕای جیاواز لەسەر مان و نەمانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق هەیە و هەندێک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراقیش دەیانەوێت، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەگەر بکرێت لەو وادەیەی بۆی دیاری کراوە، کە 16ی تشرینی دووەمە، ئەنجام نەدرێت و بخرێتە ساڵی 2020ەوە، ئەو فراکسیۆنانە زۆرینە سوننیەکانن و پێیان وایە، بارودۆخی ناوچەکانیان تاوەکوو ئێستا لەدوای شەڕی داعش ئاسایی نەبووەتەوە و ژمارەیەکی زۆری ئاوارە بۆ ناوچەکانی خۆیان نەگەڕاونەتەوە، ژمارەیەکی دیکەش لەگەڵ ئەوەدان، یاساکە بەشێوەیەک هەموار بکرێتەوە، دەسەڵات و ژمارەی کورسییەکانی ئەو ئەنجومەنانە کەم بکاتەوە و رێگری لە بەهەدەردانی پارە بکات.


بەڵام بەهار مەحمود، یاساناس و پەرلەمانتاری گۆڕان لە بەغدا، بۆ (باس) ئاماژەی بەوە دا، ئەو ئەنجومەنانە لە دەستووری عێراقدا ناویان هاتووە و ناتوانرێ بڕیاری هەڵوەشاندنەوە یان نەمانیان بدرێ، گوتی: “پەرلەمانی عێراق دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی نییە، تەنیا دەتوانێ رێکیان بخاتەوە و فلتەریان بۆ دابنێت، تاوەکوو کارەکانیان باشتر بێت لەوەی کە ئێستا هەیە”.


ئەم بۆچوونە جیاوازانەی پەرلەمانی عێراقیش لەكاتێكدایە، کە حكوومەتی عێراق وادەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقی دیاری كردووە، كە وا بڕیارە لە مانگی 11ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت ‌و بڕی 262 ملیار دیناری بۆ ئەو ھەڵبژاردنە تەرخان كردووە.


وا بڕیاریشە چوارشەممەی داهاتوو، دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچێت و لەوە دەچێت، پرسی خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە بێت.


لەمبارەیەوە، د. ناسڕ یوسف، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا بۆ (باس) رای گەیاند، رای جیاواز لەسەر هەمواری یاساکە هەیە و تاوەکوو ئێستا دیار نییە، کە لە کۆبوونەوەی سبەی چوارشەممە، خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان بکرێت، گوتیشی: “ژمارەیەک فراکسیۆن لەگەڵ ئەوەدان ئەو ئەنجومەنانە هەر نەمێنن، چونکە پێیان وایە زیادەن و لەڕابردوودا هیچیان بۆ پارێزگاکانیان نەکردووە و پارەیەکی زۆریشیان بەهەدەر داوە، هاوکات فراکسیۆنی دیکە هەیە، پێی وایە یاساکە پێویستە بە جۆرێک هەموار بکرێتەوە کە دەسەڵاتی ئەو ئەنجومەمانە کەم بکرێتەوە، هەندێ فراکسیۆنی دیکەش لەگەڵ ئەوەدان، هەڵبژاردنی پارێزگاکان دوا بکەوێ، تاوەکوو بارودۆخی تەواوی شارەکانی عێراق ئاسایی دەبێتەوە، بەهۆی ئەو جیاوازییانەوە، هەموارکردنەوەی یاساکە رەنگە ئاسان نەبێت”.


لای خۆشیانەوە، د.غالب محەمەد، پەرلەمانتاری گۆڕان، کە پێشتر خۆشیان ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بوون، بۆ (باس) رای گەیاند، بوونی ئەو ئەنجومەنانە بەشێکە لە دیموکراسیەت و لامەرکەزیەتی شارەکان، نەمانیان لە بەرژەوەندیی خەڵکدا نابێت، گوتیشی: “تۆمەتبارکردنی ئەو ئەنجومەنانە بە گەندەڵی، کە بەشێوەیەک کە لەلایەن هەندێ فراکسیۆنەوە گشتێنراوە بۆ سەر هەموو ئەنجومەنەکان، ئەوە هەڵەیە، چونکە ئەوانە لەبنەمادا نوێنەری خەڵکن و بە دەنگی خەڵک هەڵبژێدراون”.


ئەو پەرلەمانتارە، ئاماژەی بەوەش دا، زۆرینە لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاساکەدان، نەوەکوو هەڵوەشاندنەوە و نەمانی ئەنجومەنی پارێزگاکان، گوتی: “دەتوانرێ یاساکە بە شێوەیەک رێک بخرێ، ژمارەی کورسییەکان و بەهەدەردانی تیادا کەم بکرێتەوە و رێک بخرێتەوە، جگە لەوە مەرج دابنرێ بۆ ئەو کەسانەی دەبن بە ئەندامی ئەنجومەنەکان، تاوەکوو خەڵکانی باش بن و خزمەتی شارەکانیان بکەن، نەوەکوو ببن بە بارگرانی”.