بەکارهێنانی ئاوی دومەڵان چەندین کەسی تووشی هەوکردنی چاو کردووە

وەزارەتی تەندروستی: تا ئێستا هیچ شتێکمان لەوبارەیەوە نەکردووە

11/04/2019 - 15:46 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

لەگەڵ دەرکەوتنی دومەڵان و زۆربوونی لە بازاڕ و هەرزانی لە نرخ، ماوەیەکە چەند گرتە ڤیدیۆییەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تیایدا چەند کەسایەتیی ئایینی بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە ئاوی دومەڵان، بۆ نەخۆشییەکانی چاو باشە، لەگەڵ ئەوەش چەندین کەس بەهۆی بەکارهێنانی ئاوی دومەڵانەوە تووشی هەوکردنی چاو بوونە، پزیشکێکی پسپۆڕی چاویش لەم بارەیەوە روونکردنەوەی زانستی دەدات.


کامەران حوسێن، فەرمانبەرە و بۆ (باس)، ئاماژە بەوە دەدات، کە دوای بینینی گرتە ڤیدیۆییەکی کەسایەتییەکی ئایینی کە لە دەشتێک دومەڵانیان لەسەر ئاگردا دەنێن و ئاوەکەی دەردێنن و لە چاوی چەند کەسێکی دەکەن، بەتایبەتی کە باس لەوە دەکرێت پەیامبەری ئیسلام لە فەرموودەیەک رێنوێنی ئەو کارەی کردووە: ”دوای بینینی ئەو ڤیدیۆیە، منیش بە هەمان شێوە ئەو کارەم کرد، بەڵام هیچ سوودێکم لێی نەبینی و هەستم بە جیاوازییەک نەکرد“.


کامەران، نایشارێتەوە کە چەندین هاوڕێی ئەو کارەیان کرد، بەشێکیان تووشی هەوکردنی چاو بوون، ناچار سەردانی پزیشکیان کردووە و دەڵێت: ”دوو لە هاوڕێکانی فەرمانگەکەم، ئەوانیش دوای بینینی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەمان کاریان کرد، بەڵام هەردووکیان تووشی گرفتی چاو بوون، چاوەکانیان ئاوسابوو، بۆیە سەردانی پزیشکیان کرد و چارەسەریان وەرگرت“.


دومەڵان، رووەکێکی جۆری قارچکە، هاوشێوەی پەتاتەیە و سێ رەنگی هەیە، سپی، قاوەییەکی خاکی و رەش، لە ناوچە بیابان و دەشتەکان بەتایبەت ناوچە لمینەکان، دوای باران بارین لە قوڵایی چەند سانتیمەترێکە و بۆ نیو مەتر دەردەکەوێت، كوارگ لەناو زەوی و لە قووڵایی 2 تا 50 سانتیمەتر دروست دەبێت، زۆرجار بە هێلکەی زەوی ناو دەبرێت، بە چەندین بەهای خۆراکی دەوڵەمەندە، وەک ڤیتامینەکان، پڕۆتین، کاربۆهیدرات، چەوریی بەسوود، رێشاڵەکان و ترشە چەورییەکان.


ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو، لەڕادەبەدەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی بەکارهێنانی ئاوی دومەڵان لەلایەن پیاوە ئایینییەکان و دەرمانخانە گیاییەکانەوە باس کرا، لە بەرامبەریشدا چەندین پزیشک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆشداریی ئەوەیان داوە، کە ئەو کارە بنەمایەکی زانستیی نییە.


ئیسماعیل موشیر، دەرمانخانەی گیایی هەیە، دەڵێ گوایە چەندین کەس سەردانیان کردوون و بەکاریان هێناوە، هەیە سوودی لێ بینیوە، هەشە تووشی گرفتی چاو بووە و ئەوان رێنماییان کردوون کە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن، ئەو ئاماژە بە فەرموودەکەی پەیامبەری ئیسلام دەدات، کە فەرموویەتی: (الكمٲە من المن و ماۆها شفاء ‌و للعین)، کە ئاوەکەی بۆ چاو چارەسەرە، بەڵام وەک خۆی باسی دەکات، لەو فەرموودەیە باس لە شێوازی بەکارهێنانی نەکراوە، وردەکاریی دیار نییە: ”تەنیا ئاماژە بە ئاوەکەی کراوە، بەڵام هەندێک لەسەر ئاگر دەیبرژێنن و بە سرنج ئاوەکەی دەردێنن، هەندێکیش بە دڵۆپاندن، بەڵام ئەوەی من زانیاریم لەسەر هەبێت، ئەوەی بە دڵۆپاندن ئاوەکەی دەردێنن، گرفت دروست ناکات و ئاوەکەشی دەتوانرێت هەڵبگیرێت و تێکنەچێت، بەڵام ئەوەی بەدەست دەگیرێت، لەوانەیە گرفت دروست بکات، چونکە خڵتی تێدایە و نەپاڵێوراوە“.


ئەو شارەزایەی گیادەرمانی، ئەوە روون دەکاتەوە، کە چەندین کەس دوای بەکارهێنانی ئەو ئاوە، تووشی گرفتی چاو بوونە، ئەوانیش رەوانەی پزیشکی پسپۆڕی چاویان کردوونە.


دکتۆر سەعدی ساڵح، پزیشکی پسپۆڕی چاو، بۆ (باس)، جەختی کردەوە، کە لە لایەنی زانستییەوە لە وڵاتە پێشکەوتووەکان وەک ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا، هیچ لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیەکی لەسەر نەکراوە، تەنیا لە وڵاتی میسر و سعودیە، دوو باسی لەسەر ئامادە کراوە، کە بۆ نەخۆشیی تراخۆما باشە: ”بەڵام ئەویش بە تەنیا بۆ تراخۆما بەکار ناهێت، بەڵکوو بەکارهێنانی لەگەڵ دەرمانی دیکەی پزیشکی، وای کردووە چارەسەرەکە تۆزێک خێراتر بێت، ئەویش بە شێوەیەکی زانستی ئاوەکە لە دومەڵانەی دەرهێنراوە، ئەگەرچی ئەو توێژینەوانە مادەم لە وڵاتە پێشکەوتووەکان نەکراوە، ناتوانیت بڵێیت توێژینەوەیەکی تەواو و وردە، تەنیا لە ئینتەرنێت بڵاو بووەتەوە، ئەویش تەنیا باسی تراخۆمایە، کە ئەو نەخۆشییەش ئێستا خەریکە نامێنی“.


ئەو پزیشکەی چاو، لەبارەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە، کە دومەڵانە بە شێوەیەکی دوور لە زانستی لەسەر ئاگر دانراوە و یەکسەر بێ دڵۆپاندن ئاوەکە دەخرێتە چاوی، دەڵێت: ”ئەوە هیچ بنەمایەکی زانستی نییە، رۆژانەش زۆر خەڵک دێت پرسیارمان لێ دەکەن، وەڵامەکەم ئەوەیە کە ئەو فەرموودەیە ئایە لاوازە یان نا، دواتر کێ ناڵێت ئەو باسی ئەوەی کردووە کە ئەو دومەڵانە بخۆیت ئینجا سوودی بۆ چاو هەیە، نەک ئاوەکەی یەکسەر لە چاو بکرێت، چونکە هەر قەترەیەک، تا دەگاتە ناو بازاڕ و دەرمانخانەکان و کار لەسەر چاوی نەخۆش دەکات، 10 بۆ 15 ساڵ توێژینەوەی لەسەر دەکرێت، چۆن دەکرێت راستەوخۆ ئاوێک بێنی لە چاوی نەخۆشێکی بکەی، ئەوە هیچ بنەمایەکی زانستیی نییە و بە کارێکی باشی دانانێین“.


د. سەعدی، نەیشاردەوە کە چەندین کەس دوای بەکارهێنانی ئەو ئاوە، سەردانیان کردوون و گرفت بۆ چاوەکانیان دروست بووە و چاویان ئاوساوە، یەک لە نەخۆشەکان کە چاوی سوور هەڵگەڕاو بووە، دوای ئەوەی چارەسەریان بۆ نووسیوە، لەگەڵ پزیشکێکی دیکە باسی ئەو دیاردەیەیان کردووە، ئەویش قسەی کردووە و گوتوویەتی منیش بەو هۆکارە چاوم سوور هەڵگەڕاوە، ”نەخۆشەکە گوتی پێم شەرم بوو، باسی بکەم، منیش ئاوی دومەڵانم لە چاوم کرد، چاویشم تووشی هەوکردن بوو، کەواتە بەگشتی ئەوەی ئاوی دومەڵانی لە چاوی کردووە، تووشی گرفت بووە، چاوی سوور بووە، تووشی ئاوسان هاتووە، تووشی هەوکردن بووە، بۆیە پێمان باش نییە هاووڵاتیان بەکاری بێنن، ئەگەر گرفتێکت هەیە سەردانی پزیشک بکە با ئەو رێنوێنیت بکات“.


پێوەند بەم پرسە، د. خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان،دەڵێت: ”ئاگادار نەکراوینەتەوە کە شتێکی وا زۆر بێت و بەو جۆرە هەبێت، تەنیا یەک لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانمان وەک بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی راپەڕین، لەو بارەوە راگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە، لەوێ هەندێک حاڵەت هەبووە، بەڵام ئێمە هیچمان لەسەر نەبووە“.


گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، جەختی کردەوە، کە تا ئێستا بەشێوەیەک ئاگادار نەکراونەتەوە، تا پێویستی بە ئیجرائات و بەدواداچوون بێت: ”گرفتەکە بەو شێوەیە نەبووە، لە هەموو شوێنێک رووی دابێت، بۆیە وەک وەزارەت هیچ شتێکمان نەکردووە“.