ماڵباتی سه‌دام چی به‌سه‌ر هات!

بەریتانیا داوای لە ماڵباتی سەدام کردبوو بچنە ئەوێ نیشتەجێ بن!

ئا: ره‌مزی میره‌كانی 10/04/2019 - 17:34 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

ئاژانسی هه‌واڵه‌كانی (سپۆتینك) ده‌ڵێت، هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌سه‌ركردایه‌تیی ئه‌مەریكا، كۆتاییان به‌ رژێمه‌كه‌ی سه‌دام حوسێن هێنا، كه‌ ماوه‌ی 24 ساڵ، به‌ مشتێكی پۆڵایین ده‌سه‌ڵاتی عێراقی له‌ده‌ست گرت. له‌ ئاكامی هێرشی ئه‌مەریكا بۆ سه‌ر عێراق له‌ ساڵی 2003، دوو له‌ كوڕه‌كانی سه‌دام (عوده‌ی و قوسه‌ی) و نه‌وه‌یه‌كی (مستەفا كوڕی قوسه‌ی) كوژران، ئه‌ندامانی دیكه‌ی ماڵباته‌كه‌یشی په‌رته‌وازه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی بوون. ئاژانسه‌كه‌ روونی ده‌كاته‌وه‌، سه‌رۆكی پێشووتری عێراق، زیاد لە جارێ ژنی هێناوه‌، كه‌ به‌ناوبانگترینیان، ساجیده‌ خه‌یروڵا ته‌ڵفاحه‌، ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 1963 بووه‌ هاوسه‌ری سه‌دام حوسێن، ساجیده‌ دوو كوڕ (عوده‌ی و قوسه‌ی) و سێ كچی (ره‌غه‌د، ره‌نا و حه‌لا) له‌ سه‌دام بوو، دوای هاتنی هێزه‌كانی ئه‌مەریكا بۆ عێراق، ساجیده‌ له‌گه‌ڵ كچه‌كانی به‌ره‌و ئوردن رۆیشت، پاشان له‌گه‌ڵ كچه‌ بچووكه‌كه‌ی رووی كرده‌ قه‌ته‌ڕ. حه‌ریر حوسێن كامل، نه‌وه‌ی سه‌دام حوسێن ده‌ڵێت: ”وڵاتانی عه‌ره‌بی بنه‌ماكانی سه‌ره‌كیی ژیانیان بۆ دابین كردوون، وه‌كوو به‌ڵگه‌نامه‌ی مانه‌وه‌، مووچه‌ی مانگانه‌ و خانوو بۆ نیشته‌جێبوون، ره‌وشه‌كه‌ش تاكوو ئه‌مڕۆكه‌ وه‌كوو خۆی ماوه‌ته‌وه‌“.


حه‌ریر ده‌شڵێت: ”سه‌دام 15 نه‌وه‌ی هه‌یه‌، هه‌یانه‌ له‌ ئوردن داده‌نیشێت، وه‌كوو خۆی و دایكی (ره‌غه‌د) و پووری (ره‌نا)، كه‌چی داپیره‌ی (ساجیده‌) و پووری بچووكی (حه‌لا) له‌ میوانداریه‌تیی ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ڕدان“.


ره‌غه‌د سێ كوڕی هه‌یه‌ (عه‌لی، سه‌دام و وه‌هه‌ج) له‌گه‌ڵ دوو كچ (حه‌ریر و به‌نان)، هه‌رچی ره‌نایه‌ سێ كوڕی هه‌یه‌ (ئه‌حمه‌د، سه‌عد و حوسێن) له‌گه‌ڵ یه‌ك كچ (نه‌بعه‌). حوسێن كه‌ كوڕی ره‌نا سه‌دام حوسێنه‌، له‌ بواری به‌بازاڕیكردن له‌ زانكۆیه‌كی تایبه‌ت له‌ ئوردن ده‌خوێنێت. سه‌دام بێجگه‌ له‌ عوده‌ی و قوسه‌ی، كوڕێكی دیكه‌شی هه‌یه‌ كه‌ ناوی (عه‌لی)یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌یان ساڵی 1982 له‌ هاوسه‌ری دووه‌می، سه‌میره‌ شاهبه‌نده‌ر له‌دایك بووه‌، كه‌چی ناوهێنانی به‌ئاشكرا قه‌ده‌غه‌ بوو، وه‌كوو ئاژانسه‌كه‌ باسی ده‌كات، عه‌لی ئێستا له‌گه‌ڵ دایكی له‌ كه‌نه‌دا نیشته‌جێیه‌. حه‌ریر حوسێن كامل، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ماڵباتی سه‌دام، به‌تایبه‌تی ره‌غه‌دی دایكی و كوڕه‌كانی، به‌رده‌وام له‌لایه‌ن كه‌س و لایه‌نی هه‌مه‌جۆره‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان لێ ده‌كرێت. حه‌ریر باس له‌وه‌ش ده‌كات، ئێمه‌ له‌وه‌ تێ ده‌گه‌ین، ئه‌و رۆژانه‌ی رێگه‌مان پێ ناده‌ن بچینه‌ ده‌ره‌وه‌ و ژیانی ئاسایی خۆمان ببه‌ینه‌ سه‌ر، ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت: "یه‌كێ له‌و وڵاتانه‌ی خۆرئاوا، كه‌ پێشنیاری كرد میوانداریی ماڵباتی سه‌دام حوسێن بكات، به‌ریتانیا بوو، به ‌مه‌رجێك هیچ كارێكی سیاسیی ئه‌نجام نه‌ده‌ن، زێده‌باری دیمانه‌یه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنی له‌گه‌ڵ ره‌غه‌د، كه‌ بڵێت له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆك زیانیان به‌ركه‌وتووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌كوو ماڵبات رازی نه‌بووین، ناوی ماڵباتمان بزڕێنین". شیاوی باسكردنه‌، له‌ مانگی ئاداری 2003دا، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مەریكا، له (پرۆسه‌ی ئازادکردنی عێراق)دا چوونه‌ نێو عێراق، له‌ مانگی كانوونی یه‌كه‌می هه‌مان ساڵیشدا، سه‌دام حوسێن ده‌ستگیر كرا، له‌ ساڵی 2004 بۆ یه‌كه‌م جار له‌ دادگا ده‌ركه‌وت، به‌ چه‌ندین تاوانی وه‌كوو داگیركردنی كوێت، هێرشكردنه‌ سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ چه‌كی كیمیاوی و قڕكردنی دانیشتوانی دوجه‌یل تۆمه‌تبار كرا، به‌ڵام رازی نه‌بوو دان به‌و دادگایهدا‌ بنێت، گوایه‌ دادگای داگیركه‌رانه‌. ئه‌مه‌ و دادگا له‌ یه‌كه‌م رۆژه‌ڤی تاوانكاری له‌ دژیدا، تۆمه‌تباری كرد، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ قڕكردنی دانیشتوانی گوندی دوجه‌یل، له‌ 23 ته‌مووزی ساڵی 2006 سزای له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌رچوو، له‌ 30 كانوونی یه‌كه‌می هه‌مان ساڵیش (له‌ یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی قوربان) سزاكه‌ی بەسەردا جێبه‌جێ كرا.

 

سه‌رچاوه‌: www.alwatanvoice.com